هەموو بزنسێک دەتوانێت گەورە ببێت، وەک براندێکی زۆر گەورە کە هەزاران کارمەندی هەبێت و چەندین ئامراز و ئامێری پێشکەوتووی هەبێت. هەروەها دەتوانێت زۆر بچووک بێت، وەک بزنسێکی بچوک کە تەنها یەک کەس کە خاوەنی بزنسەکەیە بەڕێوەی ببات. ئەم دوو بزنسە زۆر جیاوازن و پێویستیان بە زانیاری و لێهاتوویی جیاواز هەیە بۆ بەڕێوەبردنیان. بەڵام هەردووکیان یەک شتیان تێدایە هاوبەشە. هەردووکیان پێویستە بزانن باشترین کڕیارەکانیان کێن و بیانکەنە ئامانج بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە گەشەسەندن. کەوایە بۆ جێبەجێکردنی هەموو ستراتیژییەکانی بازاڕکردن، پێویستە بزانیت باشترین کڕیارەکانت کێن.
بۆ درێژەدان بە بابەتەکە باشترە پێناسەیەکی پراکتیکی بۆ مارکێتینگ بکەین:
مارکێتینگ چییە؟
بەبازاڕکردن یان مارکێتینگ بریتییە لەو پرۆسەیەی کە بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک یان کاڵایەک ئامادە دەکرێت بۆ فرۆشتن. بە سادەیی: هەر کارێک کە ئەنجامی بدەیت بۆ بانگەشەکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکەت بەشێکە لە مارکێتینگ. بۆ نموونە گرنگیدان بە کڕیارانی پێشوو و دروستکردنی کڕیاری نوێ، شەڕکردن لەگەڵ ڕکابەرەکان و پاراستنی کڕیارە هەمیشەییەکانت، پەرەپێدان و دروستکردن و هێنانی کاڵای نوێ. هەموو ئەمانە بەشێکن لە پرۆسەی بەبازاڕکردن.
بە هەموو کەسێک بفرۆشین یان تەنها گروپێک؟
ئێستا با بگەڕێینەوە سەر بابەتی سەرەکی. دەتوانیت کاڵاکانت بە هەموو کەسێک بفرۆشیت یان گروپێکی دیاریکراو هەڵبژێریت و هەوڵەکانت چڕ بکەیتەوە بۆ فرۆشتن بەو گروپە یان ئەو چینەی کۆمەڵگا و گرنگی بە بەرژەوەندی و ئارەزووەکانیان بدەیت. بەم کارە بازاڕێکی ئامانج بۆ خۆت هەڵدەبژێریت.
بەبازاڕکردن بۆ هەموو کەسێک وەک ئەوە وایە هەوڵبدەیت لە ژوورێکی تاریکدا یاری نیشانەشکێنی بکەیت. دەبێت تیرێکی زۆر بهاوێژیت تاوەکو بەڵکو یەکێکیان نیشانەکە بپێکن. بە ئامانجکردنی هەموو کەسێک، تێچوو و ماندووبوونی بازاڕکردنت زۆر زیاتر دەبێت. وەک ئەوە وایە کە تیرێکی زۆر بهاوێژیت تا یەکێکیان لە ئامانجەکە دەدات.
بەبازاڕکردن بۆ گروپێکی دیاریکراو بەزۆری بژاردەیەکی زۆر باشترە و بە تایبەتی بۆ ئەوانەی سەرەتان لە بزنسدا، چونکە سەرمایە و داهاتیان سنووردارە و ناتوانن بە ئاسانی پەیامی بزنسەکەیان بگەیەننە هەمووان. بە ئامانجگرتنی بەشێکی بچووکی بازاڕ، ئەگەری ئەوە زیاترە کە پێشکەوتن و قازانج بەدەست بهێنیت.
بەگشتی کڕیاران بەسەر دوو بەشدا دابەش دەکرێن
1. کڕیاری بازرگانی
کەسانێکی خاوەنکارن و بەرهەمەکت دەکڕن و دوبارە دەیفرۆشنەوە. خاوەنی بزنسن و توانای کڕینی زۆریان هەیە و دەتوانن کڕیاری قازانجبەخش بن. بێگومان فرۆشتن بەم جۆرە کڕیارانە قورسترە.
2. کڕیاری ئاسایی
کەسانێکن کە کاڵاکەی تۆ بەکاردەهێنن. ئەم جۆرە کڕیارانە بەزۆری کڕیاری پیشەیی نین و پێویستە یارمەتیان بدەیت بۆ هەڵبژاردنی دروست. ژمارەی کەسانی ئەم گروپە زۆر زیاترە
ئەنجام
ئەگەر فرۆشت کەم بوو، بازاڕی ئامانج بگۆڕە. بازاڕە ئامانجدارە نوێیەکان هەڵبسەنگێنە. لێکۆڵینەوە بکە بۆ ئەوەی بزانیت چ بەشێکی بازاڕ لە ڕکابەرەکان شاراوەتەوە. کار لەسەر ئەو بەشانە بکە. بۆ نموونە کارگەیەکی مەعکەرۆنی لە کوردستانی خۆماندا، دوای ئەوەی لە شارێک یان ناوچەیەکدا بەبازاڕکردنی سەرکەوتوو نەبوو، بازاڕی ئامانجەکەی گۆڕی و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لەمڕۆوە بەردەوام لە خۆت بپرسە: باشترین کڕیارەکانم کێن و تایبەتمەندییان چین؟ پاشان هەوڵبدە زیاتر کارەکانت لەسەر ئەم گروپە چڕ بکەیتەوە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان