بۆچی قازانجم کەمە؟

4
(7)

 

بەهۆی قەیران و دۆخی ئێستای کوردستان، زۆربەی بزنسەکان قازانجێکی کەم دەکەن! بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستە گرنگی بەم ٥ خاڵە بدرێت کە لە مەقالەی ئەمڕۆدا باسی دەکەین.

 

  1. نەبوونی ئامانج

هۆکاری یەکەم بۆ دەستنەکەوتنی قازانج ئەوەیە کە خاوەنکار هیچ ئامانجێکی نییە. ئەگەر بە تەواوی نەزانیت تا کۆتایی مانگ دەتەوێت بگەیتە چ قازانجێکی دیاریکراو، ئەوا هەوڵی پێویست نادەیت. کەواتە کاتێکی پێویست بۆ دیاریکردنی ئامانجێکی قازانج تەرخان بکە و بیر لەوە بکەرەوە کە دەبێت چ گۆڕانکارییەک بکەیت و چی دەستپێبکەیت بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خوازراو.

 

  1. نەبوونی پلان

دووەم شت کە وامان لێدەکات سەرەڕای هەوڵێکی زۆر ئەنجامێکی گەورە بەدەست نەهێنین، نەبوونی پلانە. بەبێ پلان، ڕەنگە بتوانین زۆر شت بکەین، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شتانە بە یەک ئاراستەدا ناڕۆن، ناتوانن کاریگەر بن. ئەمەش وامانلێدەکات بەردەوام هەوڵبدەین، بەڵام قازانجێکی زۆر نەکەین. زۆر بە کورتی: پلاندانان واتە گۆڕینی ئامانجێک بۆ پلانێکی جێبەجێکردن کە ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی هەبێت.

 

  1. گرنگی نەدان بە باشتربوون

با گریمانە بکەین کە دوو کارگەی ئۆتۆمبێل پێکەوە دەستیان بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل کردووە. یەکێکیان کۆمەڵێک مەکینە و کرێکار و ئەندازیاری هەیە و بە ڕۆتینێکی ڕێکوپێک و ڕێکخراو کاردەکات. ئەوی تریش هەمان شت دەکات، بەڵام هەموو ڕۆژێک کار لەسەر باشترکردنی بەردەوامی پرۆسەی دروستکردنی ئۆتۆمێلەکانی دەکات، کە هەموو جۆرە شتێک لەخۆدەگرێت، لەوانە کەمکردنەوەی ژمارەی هەڵە لە کارەکەدا، کەمکردنەوەی کاتی دروستکردنی ئۆتۆمبێلێک و هتد. دوای ماوەیەک کارگەی دووەم لە ڕووی قازانجەوە جیاوازییەکی ئێکجار زۆری دەبێت لەگەڵ کارگەی یەکەم.

 

 

  1. بێباکی لە قازانج

ئەگەر بمانەوێت قازانج زیاد بکەین، دەبێت هەستیار بین بەرامبەر بە قازانجی هەر کاڵایەک و بە وردی قازانجی هەر کاڵایەک بزانین. ڕەنگە هەندێک جار بگەینە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە نرخی فڵان کاڵا زیاد بکەیت.

 

  1. کەمکردنەوەی تێچووەکان

پێنجەم شت ئەوەیە کە پێویستە بە بەردەوامی کار لەسەر کەمکردنەوەی تێچووەکان بکەیت. زۆرجار ئەمە بەجددی وەرناگیرێت. زۆر گرنگە ڕوانگەیەکی درێژخایەنت هەبێت و بزانە چۆن دەتوانیت تێچووی ساڵێک کەم بکەیتەوە. هەندێک جار پێویستە دابینکەرەکە (مەعمیل) بگۆڕیت چونکە نرخەکەی گونجاو نییە. بەردەوام بە لە وردبینی بۆ تێچووەکانی بزنسەکەت و کەمکردنەوەیان. پاش چەند مانگێک دەبینیت کە دەتوانیت بە ئاسانی بەشێک لە خەرجییەکان کەم بکەیتەوە و قازانجت چەند هێندە زیاد بکەیت.

 

ئەگەر بزنسەکەت قازانجێکی بەرچاوی نەبوو ئەوا کار لەسەر ئەم ٥ خاڵە بکە و دڵنیابە کە دوای ماوەیەکی کەم قازانج زیاد دەکات.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 7

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *