5 هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤەکان دەوڵەمەند نەبن

3.5
(11)

 

بەپێی ئەو پرسیارانەی لە کەسە دەوڵەمەندەکان کراوە لەبارەی چۆنیەتی دەستکردنیان بە بازرگانی و بەردەوامبوونیان و گەشەسەندنی بزنسەکەیان، دەرکەوت کە مرۆڤەکان لەبەر 5 هۆکار دەوڵەمەند نابن.

با بە نۆرە باسی هەریەک لە هۆکارەکان بکەین.

 

1- دەرفەتی دەوڵەمەندبوون هەرگیز بە بیریان نایەت

کەسانێک هەن هەرگیز بە خەونیش بیریان لە دەوڵەمەندبوون نەکردۆتەوە؛ چونکە پەروەردەی ژینگەیەکن کە لە خێزان و خزم و کەسوکاریان هەرگیز کەس دەوڵەمەند نەبووە؛ لە هەمان کاتدا هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە وەک ملیۆنان کەس کە پێش خۆیان دەوڵەمەند بوون، ئەوانیش دەتوانن دەوڵەمەند بن.

 

2- هەرگیز توانای بڕیاردانیان نەبووە

بەپێچەوانەی خاڵی یەکەمەوە؛ زۆر کەس خەون بە ژیانێکەوە دەبینن کە پارەیەکی زۆریان هەبوایە و ڤێللای گەورە و تڕۆمبێلی گرانیان هەبووایە. ئەوان هەمیشە لە خەیاڵدا دەژین و ئیرەیی بەو کەسانەی دەوروبەریان دەبەن کە دەوڵەمەندن. بەڵام هەرگیز بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نادەن بۆ دەوڵەمەندبوون، هەرگیز تەنانەت هەنگاوی یەکەمیشیان نەناوە، بەردەوام پاساو بۆ دۆخەکەیان دەهێننەوە بە هێنانەوەی بیانووی وەک ئەوەی دەوڵەمەندبوون بەخت و نسیبە.

 

3- ڕۆژێک دێت

  • ڕۆژێک دێت هەموو پارەکەم پاشەکەوت دەکەم لەبری ئەوەی خەرجی بکەم.
  • ڕۆژێک دێت زیاتر کار دەکەم تا زیاتر پارە پەیدا بکەم.
  • ڕۆژێک قەرزەکانم ئەدەمەوە.
  • ڕۆژێک کارەکەم دەگۆڕم.
  • ڕۆژێک بزنسەکەم گەورە دەکەم.
  • ڕۆژێک دەگەمە فڵان ئاست لە بزنسەکەمددا.

زۆربەی ژیانیان لە وەهمدا بەسەر دەبەن و بەناوی “ڕۆژێک ئەم کارە دەکەم” کاتە بەنرخەکانی ژیانیان دەگوزەرێنن.

 

“وازهێنان لە خۆخەڵەتاندن” یەکێکە لە نهێنیەکانی سەرکەوتن! بۆیە واز لە بیانووهێنانەوە بێنە و دەستبکە بە گەشەکردن.

 

4- لە ڕەخنە و ناڕەزایی دەترسن

زۆر کەس پێیان وایە ئەگەر ئامانجێک بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی خۆیان دابنێن، خەڵکی دەوروبەریان ڕەخنەیان لێدەگرن و گاڵتەیان پێدەکەن. دەترسن لەوەی (مامە عوسمان و خاڵە محمد و پورە شەهلا) گاڵتەیان پێ بکەن و توانجیان لێ بدەن. چارەسەر ئەوەیە، کاتێک بڕیار دەدەیت دەوڵەمەند بیت، بە کەس مەڵێ، بە نهێنی بیهێڵەرەوە، بە شێوەیەکی زۆر شەخسی و تایبەت کار لەسەر ئامانجەکەت بکە، و تەنها کاتێک بە خەڵک بڵێ کە ژیانت چووبێتە سەر ڕێچکەی خۆی و ئەو تیرەی هاویشتووتە توانیبێتی نیشانەکە بپێکێت.

 

5- لە شوێنێکدا چەقیون

بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنیت کە پێشتر ئەزموونت نەکردووە، دەبێت ئەو شتانە فێربیت و جێبەجێی بکەیت کە پێشتر نەتکردوون. زانین و لێهاتوویی پلەکانی پلیکانەی سەرکەوتنن لە داراییدا. بۆ ئەوەی لە سفرەوە دەستپێبکەیت و سەرکەوتنی دارایی بەدەستبهێنیت، دەبێت کۆمەڵێک کارامەیی فێربیت و پەرەی پێبدەیت و بەکاری بهێنیت کە ڕێگەت پێدەدات ببیتە بەنرخ و ڕێزدار و تەنانەت ئەندامێکی گرنگی شوێنی کارەکەت.

 

لەکۆتاییدا؛ دەوڵەمەندبوون هەوڵدان و بەردەوامی و قوربانیدان و شەونخوونی و تەحەمولکردنی دەوێت، ئەگەر ئامادەیت ئەم باجانە بدەیت، هەر لە ئێستاوە دەستپێبکە.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 3.5 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 11

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *