Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

جیاوازی نێوان فرۆشتنی نەریتی و فرۆشی چارەسەری؟

 

کێشەی فرۆشیاران لە بازاڕی مۆدێرندا ئەوەیە هێشتا زۆرێکیان هەمان ڕێگەی دە ساڵ پێش ئێستا بەکار دەهێنن: کاتێک کڕیار دێتە ژوورەوە، ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە وەسفکردنی کاڵاکە، باسی کوالێتی دەکەن و نرخەکەی دەڵێن. بەڵام بۆچی زۆر جار کڕیار دەڕوات و ناگەڕێتەوە؟

وەڵامەکە لە شێوازی فرۆشتندا دایە. لەم وتارەدا بە وردی دەبینین کە جیاوازی سەرەکی نێوان فرۆشتنی نەریتی (Traditional Sales) و فرۆشتنی چارەسەرساز (Consultative Selling) چییە و کامەیان سەرکەوتنی گەورەت پێدەبەخشێت.

 

١. فرۆشتنی نەریتی (Traditional Sales) چییە؟

فرۆشنی نەریتی ئەو ڕێگەیەیە کە تێیدا سەرنجی فرۆشیار تەنها لەسەر خۆی و کاڵاکەیەتی، و سەرکەوتنی ئەم شێوازە زیاتر لەسەر بنەمای زۆر قسەکردن و ڕیکلامکردنی ڕاستەوخۆیە.

ئامانجی سەرەکی: فرۆش ڕووبدات لەو ساتەدا، ئیتر با کڕیارەکەش بەڕاستی پێویستی بەو کاڵایە نەبێت.

شێوازی کارکردن: فرۆشیار بێوەستان باسی جوانکاری، نرخ و نایابیی کاڵاکەی خۆی دەکات بێ ئەوەی گوێ بە کێشەی ڕاستەقینەی کڕیار بدات.

کێشەکەی: کڕیار لەم شێوازەدا هەست بە فشار دەکات و وا بیر دەکاتەوە کە فرۆشیار تەنها چاوی لە گیرفانیەتی، بۆیە متمانە زۆر بە خێرایی لەدەست دەچێت.

 

٢. فرۆشتنی چارەسەرساز (Consultative Selling) چییە؟

لە فرۆشتنی چارەسەرسازدا، فرۆشیار دەبێتە ڕاوێژکار یان هاوڕێی کڕیارەکە.

ئامانجی سەرەکی: دۆزینەوەی کێشەی ڕاستەقینەی کڕیار و پێشکەشکردنی باشترین چارەسەر (جا کاڵای تۆ بێت یان شتێکی تر).

شێوازی کارکردن: فرۆشیار لەبری زۆر قسەکردن، پرسیاری زیرەکانە دەکات و بە وردی گوێ لە کڕیار دەگرێت.

سوودەکەی: دروستکردنی متمانە کە وا لە کڕیار دەکات هەمیشە بگەڕێتەوە و براندەکەت بە کەسانی تریش ناسێنێت.

 

با نموونەی واقعی لە بازاڕدا باسبکەین:

با سەیری ئەم نموونەیە بکەین کە چۆن هەردوو شێوازەکە مامەڵە لەگەڵ کڕیارێک دەکەن کە دەیەوێت ئامێرێکی گەرمکەرەوە (صۆپا) بکڕێت:

نموونەی فرۆشتنی نەریتی:

کڕیار: سڵاو، (صۆپا) گەرمکەرەوەتان هەیە؟

فرۆشیار: سڵاو، بەڵێ فەرموو باشترین جۆرەکانمان لێرەن. ئەمە مارکەی فڵانە و نرخەکەی ٢٠٠ دۆلارە، یان ئەمشمان هەیە کە مارکەی فڵانە بە ١٥٠ دۆلارە و معامەلە.

کڕیار: سوپاستان دەکەم با بیرێکی لێبکەمەوە… کڕیار دەڕوات چونکە هەست دەکات تەنها مەبەستی فرۆشیار فرۆشتنی شتەکەیە و هیچ ڕێنماییەکی نەکرد.

 

نموونەی فرۆشتنی چارەسەرساز:

کڕیار: سڵاو، (صۆپا) گەرمکەرەوەتان هەیە؟

فرۆشیار: سڵاو لە بەڕێزت، سەرچاوم هاتن. فەرموو دابنیشە. بۆ ژووری نووستن دەتەوێت یان بۆ هۆڵی گەورەی ماڵەوە؟

کڕیار: بۆ ژووری منداڵانە، دەترسم منداڵەکانم بسوتێن یان زۆر کارەبا سەرفبکات.

فرۆشیار: هەر زۆر باشە. کەواتە تەنها گەرمکردن بەس نییە، دەبێت سەلامەتیی منداڵ و سەرفکردنی کارەباش ڕەچاو بکرێت. بۆ ژووری منداڵان، ئەم جۆرە پێشنیار دەکەم کە سیستەمی کوژاندنەوەی خۆکار (Auto-shutoff)ی تێدایە ئەگەر بە هەڵە بکەوێت خۆی دەکوژێتەوە، و وزەی کەمتر بەکار دەهێنێت. با ئەمەت بۆ تاقی بکەمەوە تا بزانیت چۆن کار دەکات.

کڕیار: ڕاست دەکەیت، ئەمەیان زۆر سەلامەتتر دیارە. باشە با هەر ئەمەت لێ بکڕم…

 

 

کەواتە کام شێواز لە بازاڕی ئێستادا سەرکەوتووە؟

ئەمڕۆ کڕیار جا گەنجێکی ١٨ ساڵ بێت کە مۆبایل دەکڕێت، یان کەسێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بێت کە کەلوپەلی ماڵەوە دەکڕێت، زانیاری تەواوی لەسەر شتەکان هەیە و بە ئاسانی هەستی بەوە دەكات کاتێک فرۆشیار دەیەوێت شتێکی بەسەردا سەپێنێت.

 

بۆیە ئەگەر دەتەوێت لە بازاڕدا بمێنیتەوە و ڕێژەی فرۆشتنت بەرز بکەیتەوە، واز لە فرۆشتنی نەریتی بهێنە و ببە بە ڕاوێژکاری کڕیارەکانت؛ کێشەیان بۆ چارەسەر بکە، ئەوکات دەبینیت کڕیار بە دڵخۆشییەوە پارەکەت پێ دەدات و دەبێتە کڕیاری هەمیشەیی تۆ.

 

💬 ڕای تو چییە؟

تۆ وەک فرۆشیار تا ئێستا چ شێوازێکت بەکاردەهێنا؟ لە کۆمێنتەکان بۆمان بنووسە کامەیان ئەنجامی باشتری بەدەستهێناوە!

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *