بەپێی ڕاپرسییەک کە بەم دواییە کراوە، زیاتر لە 85%ی کڕیارەکان تێڕوانینێکی نەرێنییان بۆ هەموو فرۆشیارێک هەیە. ئەم تێڕوانینەی کڕیارەکان بەرامبەر فرۆشیارەکان چەسپاو نییە و دەکرێت بگۆڕدرێت، دەتوانیت بە بەدەستهێنانی لێهاتوویی و متمانە بۆ کڕیار بیسەلمێنیت و وایان لێبکەیت بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان هەبێت لەبارەی پرۆسەی فرۆشتنەوە. لە ڕاستیدا فرۆش دەکرێت بەنرخترین ئەرکێک بێت کە تۆ وەک خاوەنکارێک ئەنجامی دەدەیت. بێگومان بە مەرجێک ئەم 7 یاسایە بەکاربهێنیت:
یاسای یەکەم: گوێ بگرە
باسی خۆت مەکە، باسی بەرهەمەکانت مەکە، باسی خزمەتگوزارییەکانی بزنسەکەت مەکە. لەوانەیە تۆ بتەوێت خۆت بناسێنیت بە کڕیارەکەت. رەنگە بتەوێت بیسەلمێنیت کە چەندە کەسێکی باشیت، بەڵام رەنگە ئەو شتەی بیرت بچێت بیکەیت ئەوە بێت باسی کاڵاکەت بکەیت. تۆیەک کە هێشتا نازانیت ئەوەی پێشکەشی دەکەیت سوودی بۆ کڕیار هەیە یان نا، دەتەوێت باسی گەورەیی بزنسەکەت و نەبوونی بازاڕ و باشیی خۆت بۆ کڕیارەکە بکەیت و سەرەڕای هەموو ئەوانەش چاوەڕێی ئەوە دەکەیت کڕیارەکە بکڕێت؟.
یاسای دووەم: قبوڵی بکە
بە وردیی سەرنجت لەسەر ئەوە بێت کە بۆچی کڕیارەکەت دەکڕێت. بزانە بۆچی سەردانی کردویت و سەرنجی لەسەر چییە و بیر لە چی دەکاتەوە و دەیەوێت چی بکڕێت. بۆ ئەمەش پێویستە بە تەواوی قسە و بیرکردنەوە و پرسیار و پێشنیارەکانیەوە کڕیارەکەت قبوڵ بێت.
یاسای سێیەم: با کڕیارەکە یەکێک بێت لە خێزان و هاوڕێکانت
وەک کەسێکی خێزانەکەت یان یەکێک لە هاوڕێکانت بیر لە کڕیارەکەت بکەرەوە، دەنگی بەرز و ڕەخنە و وەڵامدانەوەی ڕەخنە هەرگیز هاندانێک نییە لە تۆوە بۆ فرۆشتنی کاڵاکانت بە کڕیار. بە شێوەیەکی ئاسایی قسە بکە، وەک چۆن لەگەڵ هاوڕێ و خۆشەویستانتدا دەیکەیت.
یاسای چوارەم: هەستی کڕیار ڕابگرە
کێ ناڵێت کڕیارەکە پەلەی نییە؟ ڕەنگە بیری لای شتێک یان کەسێک بێت، پێش ئەوەی دەستبکەیت بە وەسفکردنی کاڵاکانت لێی بپرسە: ئایا ئێستا کاتێکی باشە بۆ قسەکردن؟. زۆربەی فرۆشیارەکان ئەوەندە لە خەمی ئەوەن کە دەیانەوێت چی بڵێن، لەبیریان دەچێت لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەدا گفتوگۆ دەکەن.
یاسای پێنجەم: بە کورتی وەڵامی پرسیار بدەرەوە
هەندێکجار کڕیارەکە وەڵامی پرسیارەکەی تەنها لە یەک وشەدا دەوێت، بۆ ئەوە پرسیاری نەکردووە کە بەهێندەی داڕشتنێکی کوردی وەڵامی بدەیتەوە. زۆر ئاگاداری قسەکانت بە و بە کورتی و پوختی پەیامەکەت بگەیەنە.
یاسای شەشەم: خێرا بژاردەی مەدەرێ
دوای ئەوەی پێداویستییەکانی کڕیارەکەت هەڵسەنگاند، ئەوجا پێشنیاری کاڵایەکی بۆ بکە، هەندێکجار کڕیارەکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت: باشە خۆ ئەو هەر نەیزانی من چی دەڵێم، کەچی یەکسەر کاڵایەکی بۆ پێشنیار کردم، دیارە تەنها دەیەوێت کاڵاکەی ساغ بکاتەوە بەسەرمدا، باشترین شت ئەوەیە بڕۆم.
یاسای حەوتەم: متمانە
دوای ئەوەی بە شەش هەنگاوی یەکەمدا تێپەڕیت، پێویستە تێگەیشتنێکی باشت هەبێت لە پێداویستییەکانی کڕیار کە پەیوەندی بە کاڵاکەتەوە هەیە. لەئێستاوە دروستکردنی هەستی متمانە لای کڕیار دەستپێدەکات، ئێستا تۆ لە قۆناغیپڕکردنەوەی بۆشاییت لە نێوان ئەوەی کڕیار پێویستی پێیەتی و ئەوەی کە تۆ پێشکەشی دەکەیت.
بە ویستی خوا لە مەقالەکانی داهاتوودا بە وردی باسی یاسای هەشتەم دەکەین کە ئەویش دروستکردنی متمانەیە لای کڕیارەکە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان