٥ ڕستەی کوشندە کە دەبێت وازی لێبهێنیت لە فرۆشی تەلەفۆنیدا

٥ ڕستەی کوشندە کە دەبێت وازی لێبهێنیت لە فرۆشی تەلەفۆنیدا

 

 

لە بواری فرۆشی تەلەفۆنیدا، زۆرجار تەنها یەک وشە یان ڕستەی هەڵە بەسە بۆ ئەوەی کڕیارەکە لەدەست بدەیت یان متمانەی بە تەواوی بەرهەمەکە نەمێنێت. ئەگەر دەتەوێت ڕێژەی فرۆشتنت بەرز بکەیتەوە، دەستبەجێ ئەم ٥ ڕستە کوشندەیە لە سکریپتەکەتدا بسڕەوە.

 

 

تێبینی: ئەگەر دەڵێیت سکریپت چییە؟
سکریپت بریتییە: لە دەقێکی نوسراو کە فرۆشیارانی تەلەفۆنی دەینوسن وە ئامادەی دەکەن تا بتوانن بە شێوازێکی گبونجاو گفتوگۆ بکەن لەگەڵ کڕیاردا و فرۆش ڕووبدات، لە کاتی پەیوەندیدا.

 

 

لەم وتارەدا ئەو ٥ ڕستە کوشندەیە ڕووندەکەینەوە:

 

١. (ببوورە کاتت دەگرم…) یان (بێزارت ناکەم…):

بۆچی کوشندەیە؟

کاتێک پەیوەندییەکە بە داوای لێبوردن دەستپێدەکەیت، خۆت دەخەیتە پێگەیەکی لاوازەوە و بە کڕیارەکە دەڵێیت کە کارەکەی تۆ بێزارکەر هەروەها بێسوودە.

جێگرەوە: (سڵاو کاک [ناوی کڕیار]، ڕۆژتان بەخێر. ڕاستەوخۆ دەچمە سەر ئەو بابەتەی کە پێموایە یارمەتی بزنسەکەت دەدات…)، متمانە بە خۆت بەخشین پێگەت بەهێز دەکات.

 

 

تێبینی گرنگ: لە کاتێک ڕاستەوخۆ داغڵی پەیوەندییەکە دەبین کە ئێمە لە کاتی گونجاو پەیوەندیمان کردبێت. کاتی گونجاوی وەک ئەوەی: (کاتی نانخواردن، کاتی پشوو، بۆنەکان هەروەها کاتی نوێژ) نەبێت.

 

 

٢. من تەنها تەلەفۆنم کردووە بۆ ئەوەی…:

 

بۆچی کوشندەیە؟
وشەی (تەنها) بەهای پەیوەندییەکەت کەم دەکاتەوە. وەک ئەوە وایە بڵێیت ئەم پەیوەندییە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و تەنها بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەرشانی خۆت تەلەفۆنت کردووە.

جێگرەوە: وشەی (تەنها) لاببە و ڕاستەوخۆ مەبەستەکەت بڵێ: (تەلەفۆنم کردووە بۆ ئەوەی پێکەوە سەیری ئەو ڕێگایانە بکەین کە…) یان (پەیوەندیم کردووە تا لەسەر[ هۆکاری پەیوەندییەکە] قسە بکەین).

 

 

٣. ئێمە باشترین کۆمپانیای لای خۆمانین و هیچ کێبڕکێکارێکمان نییە:

 

بۆچی کوشندەیە؟
کڕیاری کورد لەم سەردەمەدا زۆر زیرەک و هۆشیارە. پیاهەڵدانی زیاد لە پێویست و خۆبەزلزانین دەبێتە هۆی ئەوەی کڕیارەکە هەست بە نادڵسۆزی بکات و متمانەت پێ نەکات.

جێگرەوە: ئێمە لە بازاڕی کوردستاندا بەوە ناسراوین کە زۆرترین گرنگی بە خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن دەدەین، کڕیارەکانمان بەم هۆیەوە متمانەیان پێکردووین.

 

 

٤. بە ڕاستی نایەوێت؟ یان بۆچی ناتەوێت؟ (بە تۆنێکی لۆمەکردن):

 

بۆچی کوشندەیە؟
کاتێک کڕیار دەڵێت:
سوپاس، پێویستم پێی نییە.

گوشارکردن بەم شێوازە یان پرسیارکردنی ڕەق، کڕیارەکە دەخاتە دۆخی بەرگرییەوە و پەیوەندییەکە بە توڕەیی کۆتایی دێت.

جێگرەوە: تێدەگەم کاکە گیان، دەکرێت بپرسم لە ئێستادا چ سیستمێک یان ڕێگایەک بەکاردێنن بۆ [ئەو کێشەیەی بەرهەمەکەت چارەسەری دەکات]؟ تەنها بۆ ئەوەی بزانم ئایا جیاوازییەکمان هەیە یان نا.

 

 

٥. ئەم پڕۆژەیە/بەرهەمە زۆر هەرزانە!

 

بۆچی کوشندەیە؟
وشەی هەرزان لە کلتوری کڕینی ئێمەدا زۆرجار هاواتای:

  • کوالێتی نزم
  • بێبایەخ

لێکدەدرێتەوە. فرۆشتنی بەها گرنگترە لە فرۆشتنی نرخ.

جێگرەوە: ئەم خزمەتگوزارییە لەچاو ئەو قازانج و ئاسکارییەی بۆت دروست دەکات، تێچوویەکی زۆر گونجاوی هەیە و وەبەرهێنانە لە نێو کارەکەتدا.

 

 

قسەی کۆتایی:

فرۆش تەنها قسە نییە بەڵکو هونەری چارەسەرکردنی کێشەی کڕیارە.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *