4 ڕێگای فرۆشتن لەکاتی قەیراندا

3.8
(11)

 

هەموو بزنسێک ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا کە قەیرانێکی قورسی دارایی هەیە. لە کاتی قەیرانەکاندا گرنگترین هۆکار کاردانەوەی ئێمەیە وەک خاوەن بزنس و هەر کاردانەوەی ئێمە دیاری دەکات ئاڕاستەی بزنسەکەمان بەرەو کوێ دەبێت. ڕەنگە ئێمە هیچ کۆنتڕۆڵێکمان بەسەر کۆتاییهێنان بە قەیران نەبێت؛ بەڵام خۆ دەتوانین بە بڕیاری دروست و گونجاو دۆخی کارکردنمان باشتر بکەین. لە مەقالەی ئەمڕۆماندا باس لە 4 ڕێگا دەکەین کە یارمەتیمان دەدەن لە قەیرانەکاندا کاردانەوەی دروستمان هەبێت.

 

  1. مانەوە

لە قەیرانەکاندا پێویستە هەڵوێستی دروستمان هەبێت و لەبری ئەوەی خەمی کەمیی فرۆشمان هەبێت، پێویستە بیر لە پاراستنی مانەوەی بزنسەکە بکەینەوە. ئەگەر هەڵوێستی دروستمان هەبێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی بارودۆخەکە بکەین، هەرگیز دوودڵ نابین لە کەمبوونەوەی فرۆش.

 

کاتێک مۆبایلەکەمان دەکەین بە شەحنەوە، ئیدی مۆبایلەکەمان بەجێدەهێڵین و بۆ کاری پێویست نەبێت بەکاریناهێنین. بەهەمانشێوەش پێویستە هەوڵبدەین مامەڵە لەگەڵ کەمترین چالاکییە ناپێویستەکان بکەین لەپێناو پاراستنی مانەوەی بزنسەکە.

 

  1. هەست و سۆز

خاڵی سێیەم ئەوەیە کە وەک خاوەنکارێک نابێت زۆر لە ژێر کاریگەری دۆخەکەدا بین. ئەگەر چاوێکی تەواو سۆزداریمان بۆ قەیرانەکە هەبێت، ئەو چاوە سۆزدارییە وامانلێدەکات بڕیاری هەڵە بدەین. بۆ نموونە دەرکردنی کارمەندە لێهاتووەکان یان نەهێنانی کاڵای نوێ لەژێر کاریگەری ئەو قسانەی خەڵکی دەیکەن یان لە هەواڵەکاندا دەگوترێ.

 

بۆ باشترکردنی بڕیارەکانت لەکاتی قەیراندا دەتوانیت کتێبی “فرۆشتن لە قەیراندا” کە نوێترین کتێبمانە بخوێنیتەوە، لینکی داواکردنی لە کۆتایی مەقالەکەدایە.

 

  1. چارەسەرەکان

ئەگەر زۆر سەرنجمان لەسەر ئەو گرفت و کێشانە بێت کە بەهۆی قەیرانەکەوە دروستبووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر خۆمان و کارمەندەکان و تەواوی بزنسەکەش دەبێت. چونکە کاتێک کڕیارێک سەردانت دەکات، هێندە بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەیت تاوەکو کڕیارەکە لێت بکڕێت، هەندێک جار کڕیارەکە بێزار دەبێت و بۆ هەمیشە جێتدەهێڵێت. بۆیە باشترە کاتە بەتاڵەکانمان لە دۆزینەوەی چارەسەردا بەسەر ببەین نەک بەردەوام بیر لە کێشەکان بکەینەوە.

 

هەموو کێشەیەک لە بزنسدا چارەسەری هەیە. ڕەنگە چارەسەرەکە بە بیرکردنەوە بدۆزرێتەوە یان ڕەنگە پێویستمان بە فێربوون و لێکۆڵینەوەی زیاتر بێت. لە هەموو حاڵەتێکدا باشترە کۆنتڕۆڵ و وزە و توانای خۆمان لەدەست نەدەین و کێشەکان بە هێز و ئیرادەیەکی بەرزەوە چارەسەر بکەین.

 

  1. دەستنیشانکردن

هەموو قەیرانێک دوو دەرئەنجامی هەیە. حاڵەتی یەکەم ئەوەیە کە دوای ماوەیەک کۆتایی دێت و کارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێشوو و هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە.

 

حاڵەتە سەختەکە کاتێکە کە دۆخی دووەم ڕوودەدات، ئەمەش کاتێکە کە قەیرانەکە لەوە زیاتر دەخایەنێت کە چاوەڕوان دەکرا. کاتێک قەیرانێک بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە دەکێشێت، چیتر پێی ناگوترێت قەیران. شارەزایانی ئابووری وەسفی ئەو جۆرە قەیرانانە بە “بارودۆخی ئاسایی نوێ” دەکەن.

 

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەگەر قەیرانەکە درێژخایەن بێت، ئەوا دەبێتە “بارودۆخێکی ئاسایی”. کاتێک کە ئەمە ڕوودەدات، ئیدی حەزی خەڵک بۆ کڕین هێواش هێواش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوویان و دووبارە بزنسەکە دەست بە گەشەکردن دەکاتەوە. لێرەدا گرنگترین شت ئەوەیە کە بزانین کەی قەیرانەکە دەگۆڕێت بۆ بارودۆخی ئاسایی نوێ و وردە وردە کڕین زیاد دەکاتەوە.

 

لە ساڵی 2008دا قەیرانێکی ئابووری گەورە لە جیهاندا و بەتایبەتی لە ئەمریکا دەستی پێکرد. دوای ماوەیەک شارەزایان ڕایانگەیاند کە ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت. ئەمەش وایکرد کە براندە گەورەکانی جیهان کارەکانیان جددیتر بکەن و هەوڵی زیاتر بدەن، لەبری ئەوەی چاوەڕێی باشتربوونی دۆخەکە بکەن. بەمجۆرە بەردەوام بوون تا توانیان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و لەگەڵ قەیرانەکەدا بگونجێن و دۆخ بەتەواوی ئاسایی بکەنەوە.

 

بەکورتی:

باشترە هەر کە قەیرانێک دەستی پێکرد بڕیاری گەورە و درێژخایەن نەدەین و تەنها لە هەوڵی هێشتنەوەی بزنسەکەماندا بین. لەبیرت بێت کە هەموو بزنسەکان هەمیشە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە و بچووک دەبنەوە. گرنگترین شت کاردانەوەی خاوەنکارەکەیە بەرامبەر بەو دۆخە. بەم 4 خاڵەی باسمانکرد دەتوانیت کاردانەوەی گونجاوترت هەبێت و بە سەختترین گەردەلوولەکانی بازاڕدا تێپەڕیت و کارەکەت پێشبخەیت.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 3.8 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 11

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *