22 ئامۆژگاری بۆ دەستپێکردنی بزنسی نوێ

4.4
(7)

 

  1. بیرکردنەوەی گەورەت هەبێت، بەڵام بە بچووکی دەستپێبکە.
  2. پێش ئەوەی دەست بە بزنسەکە بکەیت، پێویستە دڵنیا بیت کە ئەوەی لە خەیاڵتدایە، دەتوانیت جێبەجێی بکەیت.
  3. ئەگەر توانیt لانیکەم یەک کڕیار بدۆزیتەوە و سەلماندت کە ئەو پلانەی دەتەوێت دەتوانرێت بەردەوامی پێ بدرێت، ئەوا چانسی ئەوەت هەیە بزنسێکی سەرکەوتوو بنیاد بنێیت.
  4. بە بودجەیەکی سنووردار دەستپێبکە. دەکرێت بەشێک لەو کەرەستانەی لە دروستکردنی بزنسەکەتدا بەکاریدەهێنیت، کەرەستەی خۆت یان کەرەستەی بەکارهاتوو بن.
  5. دەست بە کارێکی نوێ مەکە گەر ٪١٠٠ حەزت بۆی نییە.
  6. دەتوانیت سوود لە کەسانی ژمێریار وەربگریت بۆ دەستکردن بە بزنسەکەت، لەوانەیە لەناو خزم یان هاوڕێکانت کەسانی ژمێریار هەبن.
  7. بزانە کار لەسەر کام چینەی کۆمەڵگا دەکەیت، لەئێستاوە هەوڵ بدە لێیان تێبگەیت و بزانیت حەزیان بە چییە و چی وادەکات ئەوان لە تۆ بکڕن.
  8. گەر هاوسەرت هەیە، پێویستە گرنگی بە بۆچوونەکانی ئەویش بدەیت.
  9. هەر بزنسێک دروستدەکەیت، پێویستت بە هەبوونی پەیجە. پەیجێک دروستبکە و لەئێستاوە لە بوارەکەی خۆتدا دەستبکە بە پۆست.
  10. ئایا شوێنت دۆزیوەتەوە بۆ دوکانەکەت؟ شوێنی گونجاو یەکێکە لە چەکە بەهێزەکانی فرۆشتن.
  11. ڕکابەرەکانت بدۆزەرەوە و بزانە چی وایکردووە ئەوان سەرکەوتووبن، پرسیار بکە و بگەڕێ تا هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەوان دەدۆزیتەوە.
  12. پێش دەستپێکردنی کارێک، ڕاوێژ بە خاوەنکار، دەوڵەمەند، هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانت بکە. بەدڵنیاییەوە ئامۆژگارییەکانیان هاوکارت دەبن لە گەڕانەوە لەو هەڵانەی ئەوان کردوویانە.
  13. ئەگەر پێتوابێت پێویستت بە ئەزموون هەیە لەو بوارەی دەتەوێت کاری تێدا بکەیت. دەتوانیت بۆ ماوەیەک لای یەکێک لە ڕکابەرەکانت کار بکەیت، تەنانەت دەکرێت بەخۆڕایی کاری بۆ بکەیت، تەنها لەپێناو فێربوونی پیشەکەدا.
  14. ئاسان نییە کە هەموو کارەکان هەر خۆت بیکەیت. کەسانێک کە دەزانیت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بزنسەکەتدا ئیشت پێیان دەبێت، لەئێستاوە بیانهێنە و هەندێک لە کارەکانیان بەناوی خزمایەتی و هاوڕێیەتیەوە پێ بسپێرە.
  15. هەڵبژاردنی ناوێکی گونجاو زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی بزنسەکەت. لەم خاڵانەی خوارەوەدا باسی دۆزینەوەی ناوی بزنس دەکەین:
  16. ناوەکە نابێت لە ناوی ڕکابەرەکانتەوە نزیک بێت؛ چونکە یەکەم: کڕیارەکان سەریان لێ دەشێوێت و بە ئاسانی تۆ نادۆزنەوە، دووەم: لەوانەیە لەلایەن ڕکابەرەکانتەوە سکاڵات لەسەر تۆمار بکرێت.
  17. تا ناوی کۆمپانیاکە کورتتر بێت، زیاتر لە مێشکی کڕیاردا دەمێنێتەوە.
  18. گرنگە کە ناوەکە ئاسان بێت بۆ نووسین و خوێندنەوە.
  19. پێویستە ناوەکەت شوناسی بزنسەکەت بێت بە کڕیار بڵێت کە تۆ لە چ بوارێکدا کاردەکەیت.
  20. ڕەنگە گونجاو بێت گەر ناوی شار یان ناوچەکەت وەک بەشێک لە ناوی بزنسەکەت بناسێنیت.
  21. کاتێک دەتەوێت کارەکەت بفرۆشیت یان بگوازیتەوە، ئەگەر ناوی بزنسەکە ناوی تۆ بێت، ئەوا بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشرێت لەوەی ئەگەر ناوێکی بازرگانی دروستی هەبێت.
  22. پێویستە هەموو خاوەنکارێک لەبیری بێت کە کاڵاکان خۆیان نافرۆشرێن. (شارەزابوون لە مارکێتینگ لە فرۆشتن؛ بڕبڕەی سەرکەوتنی بزنسە).

 

کۆتا قسە: تەواوی ئەم بابەتەی باسمانکرد لە کتێبی بیرۆکەی دوکانداناندا باسکراوە، دەتوانن لەڕێی ئەم لینکەی خوارەوە کتێبەکە داوا بکەن و بە قووڵی تەواوی بابەتەکە بخوێننەوە.

 

داواکردنی کتێبەکانمان

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

 

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4.4 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 7

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *