بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی پەیجەکەمانەوە فرۆش بکەین، پێویستە متمانەسازییەکی باش بکەین. متمانەسازی واتە: کڕیار متمانەمان پێ بکات.
لەم مەقالەیەدا باس لە ٥ جۆر پۆست دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین متمانەسازییەکی باش دروست بکەین:
١. سوودی بەرهەمەکەمان
٢. زیانەکانی نەبوونی بەرهەمەکەمان
٣. فێرکاری
٤. وەڵامی پرسیارەکانی کڕیاران لەسەر بەرهەمەکەمان
٥. ڕوونکردنەوە و باسکردنی بەکارهێنانی هەڵە بۆ بەرهەمەکەمان
١. سوودی بەرهەمەکەمان: یەکێک لە گرنگترین جۆری پۆستی ناو پەیجەکەت پێویستە پۆستی سوودی بەرهەمەکەت بێت. لێرەدا هەموو ئەو سوودانە دیاری بکە کە بەرهەمەکەت دەیدات بە کڕیارەکە. بۆ نموونە: ئەگەر کارت گۆڵفرۆشییە و دەتەوێت گوڵەکانت بفرۆشیت، دەکرێت ئەو سوودەی کڕیار دەستی دەکەوێت یەکێک بێت لەمانە:
- هەبوونی ئەم گوڵە لەمالەکەت هەوای ماڵەکەت پاکتر دەبێت.
- ڕووکارێکی جوانیان هەیە بۆ ماڵ و ژووری میوانەکەت ڕازاوەتر دەکەن.
- هەست بە دڵخۆشی دەکەیت کاتێک دەبینیت گوڵەکان باش گەشە دەکەن.
٢. زیانەکانی نەبوونی بەرهەمەکەمان: لەم جۆرە پۆستەدا هەڵبدە هەموو ترسەکانی کڕیارەکانت بدۆزیتەوە و باسیان بکە.
بۆ نموونە: کاری تۆ فرۆشتنی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە، دەکرێت ئەو زیانانەی کە کڕیارە دەیکات ئەمانە بن:
- بە نرخێکی گرانتر ڕۆن بگۆڕێت.
- لە کاتێکی زوتردا ڕۆن بگۆڕێت.
- مەکینەی ئۆتۆمبێلەکەی خراپ ببێت.
- ڕۆنێک بەکاربهێنێت کە خراپ بێت بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان.
بوێربە و ترسەکانی کڕیارەکانت باسبکە. ڕەنگە باسکردنی ترسی کڕیارەکانت گەورەترین هاندەریان بێت بۆ کڕینی بەرهەمەکەی تۆ.
٣. فێرکاری: ئەمە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی پۆست کە هەر پەیجێک بیکات. بە شێوەیەکی گشتی خاوەن پەیجەکان ترسیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی فێرکاری. خاوەن پەیجەکان دەڵێن: ئەگەر من بە خەڵکم وت: چۆن کێشەکەی چارەسەر بکات، ئیتر نایەت بۆ لای من و کڕینم لێ ناکات. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دیدگایە بە تەواوی هەڵەیە.
بۆ نموونە: ئەگەر تۆ خاوەنی خواردنگەیەک بیت و پەیجیکت هەبێت. ئێستا دەڵێیت: ئەگەر من بە خەڵکی بڵێم: چۆن خواردنەکانیان دروستبکەن، خۆیان لە ماڵەوە دروستی دەکەن و ئیتر نایان بۆ لای من.
بەڵام ئەو خەڵکەی کە دێن بۆ خواردنگەکان، دێن تا خواردن بخۆن. هۆکارەکەی ئەوە نییە کە نازانێت خواردن دروست بکات. بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە: دەیەوێت لەگەڵ هاورێیەکیدا کات بەسەر ببات. یان دەیەوێت لە دەرەوە نانێک بخوات.
کاتێک پۆستی فێرکاری زیاد دەکەیتە ناو پەیجەکەت، ٢ قازانج دەکەیت:
١. هەوادارەکانت زیاتر متمانەت پێدەکەن و پێیان وایە کەسێکی بەخشندەیت و بەرژەوەندیخواز نیت. بەڵکو بەرژەوەندی خەڵکیت بۆ گرنگە.
٢. خەڵکی پسپۆڕەکانیان خۆشتردەوێت لە فرۆشیارەکان. بۆیە پێیان باشتردەبێت لە تۆ بکڕن، نەک لە فرۆشیارێکی تر.
ئەگەر بتەوێت ببیتە خاوەنی پەیجێکی بەهێز، حەتمەن دەبێت بابەتی فێرکاریت لەبیرنەچێت.
٤. وەڵامی پرسیارەکانی کڕیاران لەسەر بەرهەمەکەمان: ئەم جۆرە یەکێکە لە باشترین پۆستەکانی متمانەسازی. کە تۆ بتوانیت وەڵامی پرسیاری هەوادارەکانت بدەیتەوە.
ئەگەر دەتەوێت ئاستی بزنسەکەت پێشبخەیت، ئەوا وەڵامی هەموو پرسیارەکان لە پۆستێکدا بدەوە.
نموونە: وا دادەنێین، ئیشی دوکانی منداڵان دەکەیت و کەسێک کۆمێنتی نوسیوە و دەڵێت: چۆن بتوانم شتی مارکە جیا بکەمەوە لە تەزویر؟
ئەمە دەرفەتێکی باشە کە تۆ پرسیارەکەی بکەیت بە پۆستێک و وەڵامی بدەیتەوە. نەوەیەک تەنها لە کۆمێنتدا وەڵامی بدەیتەوە.
٥. ڕوونکردنەوەی بەکارهێنانی هەڵە بۆ بەرهەمەکەمان: دەبێت هەندێک پۆست دروست بکەیت بۆ شێوازی بەکارهێنانی بەرهەمەکەمان و ئەگەری خراپ بەکارهێنانی.
بۆ نموونە: وادابنێین تۆ ئیشت فرۆشتنی میکیاجی خانمانە، دەکرێت هەندێک لە پۆستەکان ئەوەبن کە ئەگەر بە هەڵە فڵان جۆر میکیاج بەکاربهێنرێت، ئەوا ڕەنگی دەموچاوی خانمەکە تێکدەچێت و زیپکە لەسەر دەموچاوی دروستدەبێت.
کۆتای:
ئەگەر بتوانین وەڵامی پرسیاری کڕیار بدەینەوە کە دەڵێن: (بۆچی بیکڕم؟) باشترین جۆری پۆستە بۆ ئەوەی کڕیارەکان ڕازی بکەین لە ئێمە بکڕن. ئەگەر نمایشمان بە باشی ئەنجامدا، کەسانێکی کەم دەبن کە کڕین دەکەن. بەڵام کاتێک متمانەسازی زۆر بە باشی ئەنجام دەدەین، ژمارەی کڕیارەکان زۆر زیاتر دەکات. کەوایە بۆ ئەوەی بتوانین بە باشی فرۆش بکەین پێویستە کڕیار متمانەی پێمان هەبێت. متمانەکەش لە ڕێگەی ئەم چەند خاڵەوە دەکرێت بە دەستبهێنرێت.