چۆن مامەڵە لەگەڵ کڕیارێک بکەین کە دەڵێت: بیری لێ دەکەمەوە و دەگەڕێمەوە؟

ئەم ڕستەیە یەکێکە لە باوترین وەڵامەکانی کڕیاران کە فرۆشیاران ڕۆژانە گوێیان لێیە. بەڵام ئایا واتای ڕاستەقینەی ئەم وتەیە چییە؟ زۆر جار ئەمە واتای ڕەتکردنەوە دەگەیەنێت بەشێوەیەکی نەرم، بەڵام هەندێک جاریش دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ دووبارە پەیوەندیکردنەوە.
تێگەیشتن لە هۆکارەکانی دوودڵی
پێش ئەوەی وەڵامێکی گونجاو بدەینەوە، پێویستە لە هۆکارەکانی کڕیار تێبگەین بۆ وتنی ئەم ڕستەیە.

لێرەدا باس لە ٤ خاڵ دەکەین کە دەکرێت هۆکار بن:

  • نادڵنیای لە بەرهەمەکە: لەوانەیە کڕیار هێشتا دڵنیا نەبێتەوە کە بەرهەمەکە پێداویستییەکانی دابین دەکات یان شایانی نرخەکەیەتی.
  • کەمی دارایی: لەوانەیە کڕیار لە ئێستادا توانای کڕینی نەبێت یان بیەوێت لەگەڵ کەسانی دیکە ڕاوێژ بکات.
  • پێویستی بەراوردکردن: زۆر کڕیار دەیانەوێت چەند بژاردەیەک پێکەوە بەراورد بکەن پێش بڕیاردانی کۆتایی.
  • ترس لە بڕیاری هەڵە: مرۆڤ بە سروشتی دەترسێت لە بڕیاری هەڵە، بەتایبەتی بۆ کڕینی گەورە.

لەم مەقالەیدا باس لە ٥ ستراتیژی دەکەین کە دەتوانین لەگەڵ ئەم کەسانە بەکاریان بهێنین، تا بتوانین ڕەتکردنەوەیان بۆ بەرهەمەکەمان کەم بکەینەوە:
یەکەم: گوێگرتنی چالاک:
گرنگترین هەنگاو ئەوەیە کە بە وردی گوێ لە کڕیارەکەت بگریت. پرسیار بکە بۆ ئەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی دوودڵییەکەی بزانیت. نموونە:
“زۆر باشە، تێدەگەم. ئایا دەتوانم بپرسم چی شتێکمان کردبا ئەوا ئێستا ئێوە کڕینتان دەکرد”.
دووەم: دۆزینەوەی کڕۆکی کێشەکان:
دوای تێگەیشتن لە نیگەرانییەکان، هەوڵ بدە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەڵامیان بدەیتەوە. ئەگەر کێشەکە نرخ بێت، باس لە بەهای بەرهەمەکە بکە نەک تەنها نرخەکەی. ئەگەر کێشەکە دڵنیایی بێت، شایەتی و ئەزموونی کڕیارانی پێشوو پێشکەش بکە.
سێیەم: دروستکردنی هەستی پەلەکردن:
بەبێ ئەوەی فشار بخەیتە سەر کڕیارەکە، دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە کە ئەم بەرهەمە ژمارەی دیاری کراوە، یان داشکاندنەکەی تا کاتێکی کاتییە:
“بۆ نموونە: تێدەگەم کە پێویستت بە کات هەیە بۆ بیرکردنەوە. بەڵام پێویستە بزانیت کە ئەم داشکاندنە تەنها هەتا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەستە.”
چوارەم: پاراستنی پەیوەندییەکە:
لە شوێن ئەوەی هەستی شکستخواندنت هەبێت کە کڕیارەکە کڕینەکەی ناکات، ئەم دەرفەتە بەکاربهێنە بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی درێژخایەن:

بۆ نموونە: “کێشە نییە، زانیارییەکانتان بۆ دەنێرم. هەر کاتێک پرسیارت هەبوو یان ئامادە بوویت بۆ قسەکردن، پەیوەندیم پێوە بکە.”
پێنجەم: دیاریکردنی کاتی دووبارە پەیوەندیکردن:
لەجیاتی ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە کڕیارەکە بگەڕێتەوە، کاتێکی دیاریکراو بۆ پەیوەندیکردنەوە دابنێ:

بۆ نموونە: “ئایا گونجاوە کە دوای دوو ڕۆژ پەیوەندیت پێوە بکەم بۆ ئەوەی ببینم کە ئایا پرسیارێکی تازەت بۆ دروست بووە؟”
٤ هەڵەی باو کە پێویستە لێیان دوور بکەویتەوە:

  • فشاری زۆر: فشارخستنە سەر کڕیار بۆ بڕیاردانی خێرا دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی و ئەنجام نەدانی کڕینەکەی . ئەگەریش کڕین بکات جارێکی دیکە سەردان ناکاتەوە.
  • وازهێنانی خێرا: هەندێک فرۆشیار زۆر خێرا واز لە کڕیارەکە دێنن و دەرفەتی ڕاستەقینە لەدەست دەدەن. پێویستەو کەمێک لەگەڵ کڕیارەکە گفتووگۆ بکەین و هەوڵێکی لەگەڵ بدەین کڕین بکات.
  • پەیوەندی نەکردن بە کڕیارەکانەوە: دوای یەکەم گفتوگۆ، پێویستە سیستەمێکی کاراتان هەبێت بۆ پەیوەندی کردن بە کڕیارەکانەوە.
  • گوێنەگرتنی دروست: هەندێک جار فرۆشیاران زۆر سەرقاڵی قسەکردنن و گوێ لە نیگەرانییەکانی کڕیار ناگرن.

کۆتایی:
ئەو کڕیارەی کە دەڵێت “بیری لێ دەکەمەوە” هەمیشە واتای نەخێر نییە. بە مامەڵەیەکی پیشەیی، تێگەیشتنی قووڵ، و شوێنکەوتنی بەردەوام، دەتوانیت زۆرێک لەم دەرفەتانە بگۆڕیت بۆ فرۆشتنی سەرکەوتوو. گرنگترین شت ئەوەیە کە ڕێزی کڕیارەکە بگریت، کاتی پێبدەیت، و پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکەیت کە لە داهاتوودا سوودمەند دەبێت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *