چۆن لە ڕێگەی پەیجەکەمانەوە، فرۆشمان زیادبکەین؟

ئەگەر لە خاوەن پەیجەکان بپرسین ئێوە بۆچی پەیجتان هەیە؟ دەڵێن: بۆ ئەوەی بفرۆشین! یان دەڵێن: دەمانەوێت خەڵکێکی زیاتر بمانناسن و بزانن ئێمەش لە بازاڕەکەداین!

کەواتە: کاتێک خاوەن بزنسێک پەیجێک دادەنێت، ئامانجەکەی (پارە پەیداکردنە). ئامانجەکەیان جوانە بەلام کێشەیەک هەیە: خاوەن پەیجەکان وابیردەکەنەوە: ئەگەر بینەرەکانیان زیاد بکات، فرۆشیان زیاددەکات!

بەڵام ئایا بە زیادکردنی بینەرەکانمان، فرۆشمان زیاد دەکات؟

وەڵامەکەی: نەخێرە!

دەکرێت پەیجێک، پۆستێکی تێدا بکرێت کە تەنها (هەزار) کەس بینیبێتی، فرۆشی زۆر زیاتربێت لە پەیجێک کە (٢٠ هەزار) کەس پۆستێکی بینیبێت.

هەرگیز زۆری ژمارەی بینەری پۆستەکان مانای وانییە فرۆشمان زیاترە!

لەم مەقالەیدا باس لە ٢ خاڵ دەکەین کە هاوکارمان دەبێت تا فرۆشی پەیجەکەمان بەرز بکەینەوە:

١.  پۆستکردنی بەردەوام:

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ زیادکردنی فرۆشی پەیجێک، پۆستی بەردەوامە. پەیجێک کە بەرچاو نەبێت و بەردەوام پۆستی تازەی تێدا بڵاونەکرێتەوە، زوو لەبیر دەکرێت. بینەر پێویستی بە هۆکاری تازە هەیە تاکو پەیوەندی لەگەڵ پەیجەکە بمێنێتەوە. کاتێک چالاکی پەیجێک کەم دەبێتەوە یان بۆ ماوەیەک ڕادەوەستێت، ئەمە ڕاستەوخۆ کار لە ئەکتیڤی پەیجەکە دەکات و دایدەبەزەنێت چونکە خەڵکی شتێکی تازەیان نییە بینەری بن بۆیە واز لە پەیجەکەت دەهێنن. وەک زۆرێک لە خاوەن پەیجەکان ئەم کێشەیەیان هەیە، دەڵێن: “ماوەیەکە لە پۆستکردن دورین بەهۆی ئەوەی ئەکتیڤی پەیج سفر بووە”. کاتێک ئەکتیڤی پەیج دادەبەزێت، گەیشتنی پۆستەکان بە فۆڵۆوەرەکان کەم دەبێتەوە و گەڕانەوە بە دۆخی پێشوو زەحمەت دەبێت.

٢. ناوەڕۆک:

ناوەڕۆک گرنگترین خاڵە کە وا لە كڕیار بکات کڕێنمان لا بکەن.

هەبوونی ناوەڕۆکێکی گونجاو، سەرنجڕاکێش دەبێت بۆ کڕیاران تا بێن و لە نێوان هەزاران پەیجەکان ئێمە هەڵبژێرن.

٣ ستراتیژی ڕوون هەیە کە پێویستە هەموو خاوەن پەیجەکان پەیڕەوی بکەن:

  • ناسینی بینەر: پێویستە بزانیت کێ دەکرێت ببێتە کڕیارت و ئەو کەسانە حەز لە چ جۆرە پۆستێک دەکەن.
  • جۆراوجۆری ناوەڕۆک: تەنها پشت بە جۆرێکی دیاریکراوی پۆست مەبەستە. لە نێوان ناوەڕۆکی فێرکاری، زانستی، کاتبەسەربردن و بازرگانیدا هاوسەنگی ڕابگرە، پۆستێکی فێرکاری بکە دوواتر پۆستێکی زانستی لە ستۆری باس لە فێرکارییەک بکە کە دەکرێت خەڵک پارەی پێبدەن. ئەمە متمانە بۆ کڕیار دروست دەکات کە تۆ چەندە دڵسۆزی لە کارەکەتدا.
  • کاتی گونجاو بۆ پۆست کردن: کاتی جیاواز تاقی بکەوە و بزانە بینەرەکانی تۆ کەی چالاکن و کەی پۆستەکانت زۆرترین بینەرییان هەیە.

بێگومان سەرەتاکان لە دروست کردنی پەیجێک و هێنانی کڕیاردا ئاسان نییە و تەنها بە بەهێزەکان ئەنجام دەدرێت. لە دروست کردنی پەیجدا، ئەو خاڵەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە پێویستە هەموو ڕۆژێک پۆستێکمان هەبێت کڕیارەکان ئێمە ببینن و لەیادمان نەکەن.

لێرەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبینەوە کە ئەمانەن:

  • نەزانینی ئەوەی کە چ کاتێک پۆست بکەین.
  • کوالێتی نزمی ناوەڕۆک و وێنەگرتن.
  • قسەنەکردن و وەرنەگرتنی ڕای فۆڵۆوەرەکانمان.
  • نەگونجاندنی پۆستەکان لەگەڵ ئەلگۆریتمی تازەی پلاتفۆرمەکان.

لە ٤ خاڵی داهاتوودا باس لە چارەسەرەکان دەکەین بۆ ئەم کێشانەی ڕووبەڕومان بوونەتەوە:

  • قسەکردن لەگەڵ فۆڵۆوەرەکانمان: وەڵامی کۆمێنت و نامەکان بدەینەوە.
  • بەکارهێنانی شێوازی جیاواز: زۆر کەس بیرکردنەوەیەکی هەڵەیان هەیە و وادەزانن ئەگەر تەنها ڕیڵ پۆست بکەن یاخود تەنها ڤیدیۆ دابنێین، ئەوا پەیجەکەمان پێویستی بە شێوازی دیکە نابێت. بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە، پێویستە تێکەڵەیەکمان هەبێت لە پۆستەکانماندا کە زنجیرە وێنە(کاراسۆڵ) و ڤیدیۆ و تێکست و گرنگترین شت ستۆریمان هەبێت کە بە وردی باس لە بەرهەمەکەمان بکەین.
  • شیکردنەوەی داتا: ئامارەکانی پەیج بخوێننەوە تا بزانن کام پۆست سەرکەوتووترە.

لە کۆتاییدا:

پۆستکردن لە پەیجدا هونەرێکە پێویستی بە فێربوون، بەردەوامی و لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری بینەران هەیە. ئەگەر بەڕێوەبەری پەیج بتوانێت بەردەوام بێت و ناوەڕۆکی بەسوود پێشکەش بکەن، دڵنیابن کە دەتوانن کڕیاری هەمیشەی دروست بکەن کە کڕیاری دیکەشتان بۆ دەهێنن.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *