باشە مارکێتینگ خۆی واتە چی؟
مارکێتینگ هاوارکردن نییە بۆ کاڵاکانمان. بیهێنە پێش چاوت بوتڵێک ئاوی ساردت پێیە. ئەگەر ئەم بوتڵە بدەیتە کەسێک کە تازە نانی خواردووە، هەر ٢٥٠ دینار دەکات.
بەڵام ئەگەر هەمان بوتڵ بدەیتە کەسێک کە لە ناوەڕاستی بیاباندایە و تینوویەتی، ڕەنگە ١٠ هەزاریشی پێ بدات.
کەوایە مارکێتینگ واتە: نیشاندانی کاڵاکەت بە کەسێک کە پێویستییەتی، نەک بە هەموو کەسێک.
لە ئێستادا کۆمپانییاکان بە ٢ ڕێگا مارکێتینگ دەکەن:
١. مارکێتینگ بە شێوازە باوەکە: لە دەرەوەی سۆشیاڵ میدیا ئەنجام دەدرێت (نموونە وەک: ڕیکلامی تەلەفیزیۆنی، بڵاوکردنەوەی بزنسکارت و پۆستەر، گۆڤار و ڕۆژنامە)
٢. مارکێتینگی سۆشیاڵ میدییا: لە ناو سۆشیاڵ میدییا ئەنجام دەدرێت لە ڕیگەی سپۆنسەر لە فەیسبووک، ئیستاگرام، تیکتۆک یان هەر هەر سۆشیاڵ میدیایەکی دیکە.
١. مارکێتینگ بە شێوازە باوەکە واتەچی؟
مارکێتینگ بە شێوازە باوەکە بریتییە: لەو ڕێگایەنەی کە پێش ئینتەرنێت بەکاردەهاتن. ئەم جۆرە مارکێتینگە پشت دەبەستێت بەم ٤ خاڵە:
- تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ.
- نامیلکە و ڕۆژنامە و گۆڤار.
- ئیمەیڵ.
- پەیوەندی تەلەفۆنی.
ئەم ڕیگایانە لە ڕابردوودا بەکار دەهاتن، و ئەنجامی باشییان هەبوو. بەڵام توانای گەیاندنیان بە زۆرترین خەڵک کەم بوو هەروەها تێچووی زۆری هەبوو.
٢. مارکێتینگی سۆشیاڵ میدیا واتەچی؟
مارکێتینگی سۆشیاڵ میدیا بریتییە: لەو ڕێگایەی لە ئێستادا کۆمپانییاکان بەکاری دەهێنن بۆ نیشاندانی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانیان بە زۆرترین کڕیار، ئەویش لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدییاکانەوە دەکرێت. کە سەرەکیترینییان ئەم ٦ دانەیەن:
- فەیسبووک — بۆ گەشتن بە گشت تەمەنەکان.
- ئینستاگرام — بۆ ناوەرۆکی بینایی و بازرگانی.
- تیک تۆک — بۆ ڤیدیۆی کورت و تەمەنی بچووکتر.
- لینکدین — بۆ کار و پیشە (B2B).
- یوتیوب — بۆ ناوەرۆکی ڤیدیۆی درێژ.
- تویتەر/X — بۆ هەواڵ و قسەی ڕاستەوخۆ.
سۆشیاڵ میدیا دەکرێت ڕێگەیەکی خێرا و کەم تێچووتر بێت بۆ نیشاندانی بەرهەمەکانمان بە زۆرترین کەس.
لەم مەقالەیەدا بە ٥ خاڵ جیاوازی سەرەکی نێوان هەردوو جۆرەکەی مارکێتینگ ڕوون دەکەینەوە:
١. هەبوونی تێچووی زۆر:
مارکێتینگ بە شێوازە باوەکە زۆرجارپێویستی بە تێچوویەکی زۆرە. بۆ نموونە، کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، دەتوانێت زۆر زیاتری لەوە تێبچێت کە لە ڕێگەی ئەو ڕیکلامەوە بە دەستی دەهێنین. بەپێچەوانەوە، مارکێتینگی سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت بە تێچوویەکی کەمتر دەستپێ بکات تەنانەت ئەگەر تۆ خاوەنی کۆمپانیایەکی گەورە و داهاتێکی زۆریش نەبیت دەتوانیت کەمپینی بچووک بۆ بەرهەمەکەت بکەیت.
٢. دیاریکردنی چینێکی دیاریکراو:
لەناو سۆشیاڵ میدیا دەتوانیت دەتوانیت ئەو کەسانە دیاری بکەیت کە دەتەوێت بەرهەمەکەت ببینن. بۆ نموونە لەسەر فەیسبووک دەتوانیت ڕیکلامەکان بنێری بۆ:
- تەمەنێکی دیاریکراو.
- شوێنێکی دیاریکراو.
- ئەو کەسانەی پێمان وایە بەرهەمەکەمان بە پێویست دەزانن.
لە مارکێتینگی باودا کە لە کۆندا پێش هاتنی ئەنتەرنێت ئەنجام دەدرا، توانای دیاریکردنی ئەو کەسانەمان نەبوو کە پێمان وایە دەکرێت ببنە كڕیارمان.
٣. ئەنجامی ڕیکلامەکەمان ئاسانتر بە دەست دەکەوێت:
لە سۆشیاڵ میدیادا، وەرگرتنی داتاکان زۆر ئاسانترە و پێوستی بە کاتی کەمترە
٤. درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان کڕیار و فرۆشیار:
سۆشیاڵ میدیا رێگایەکی پەیوەندی درووستدەکات لە نێوان فرۆشیار و کڕیاردا. کڕیاران دەتوانن پرسیار بکەن و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان قسە بکەن. لە مارکێتینگی باودا تەنها ڕیکلامێک پێشکەش دەکرێت و دەرفەت بە کڕیار نادرێت ڕای خۆی دەرببڕێت و پرسیارەکانی بکات.
٥. خێرایی:
لە سۆشیاڵ میدیادا دەتوانیت کەمتر لە چەند خولەکدا پۆستێک بکەیت و ڕاستەوخۆ بگاتە خەڵکی. مارکێتینگی باو زۆرجار پێویستی بە ماوەیەکی درێژ دەبێت بۆ ئامادەکاری، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە.
کەی و کام ڕێگا بەکار بهێنین؟
هەر دوو جۆرەکە کاریگەری خۆیان هەیە. کۆمپانیا گەورەکان زۆرجار هەر دووێکیان بەکاردەهێنن. پێویستە بە پێی باروودۆخی خۆت هەڵبژاردن بکەیت. بۆ نموونە: ئەگەر پارەکەی دەتەوێت بۆ مارکێتینگ تەرخانی بکەیت سنووردارە، سۆشیاڵ میدیا هەڵبژاردەی باشتری دەبێت لەبەر ئەم ٤ خاڵە:
- پێویستی بە تێچووی کەمترە.
- ئەنجامی خێراتر دەبینیت.
- با ئامانجگرتنی درووستتر هەیە.
- دەتوانیت بەردەوام گۆڕانی بکەیت.
کۆتایی:
مارکێتینگی سۆشیاڵ میدیا لە سەردەمی ئێستادا یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی بازاڕکردن. تێگەیشتن لەم ئامرازە و بەکارهێنانی بە درووستی دەتوانێت فرۆشت زیاد بکات و کڕیاری نوێ بۆ بهێنێت. مارکێتینگی باویش کاریگەری خۆی هەیە، بەڵام پێویستە لە کاتی گونجاودا ئەنجامی بدەیت.
بنەڕەتترین خاڵ پێویستە ئامانج و خەڵکەکەت بناسیت و پاشان جۆری مارکێتینگی گونجاو هەڵبژێریت، ئەگەر بە پلانەوە دەست پێبکەیت دەگەیتە خاڵیکی زۆر گەشەکردوو. هەروەها بیرت بێت پێویستە بەردەوام لە گەشەکردندا بیت و چاوت لەسەر ئەنجامەکانت بێت ئەگەر ئەو ڕێگەیەی کە بەکاری دەهێنیت سودی نەبوو بێهیوا مەبە، بەڵکو زیاتر خۆت ماندوو بکە و بۆ ڕێگەی کاریگەرتر بگەڕێ و بەکاری بهێنە.