چۆن لە دۆخە سەختەکاندا بەردەوام بین لەسەر کار و بزنسەکەمان؟

ژیانی بزنس هەمیشە ڕێگایەکی ئاسان نییە. هەندێک جار ڕووبەڕووی دۆخە سەختەکان دەبینەوە کە وا دەکات هەست بە ماندووبوون و سارد بوونەوە بکەین. وەک ئەم دۆخەی ئێستای براکانمان لە رۆژئاوادا، بازاڕ و دەرونی خەڵکی زۆر کاریگەر بووە. کڕیاران دوودڵن، فرۆشیارانیش نیگەرانن. بەڵام لە ناو ئەم هەموو کێشانەدا، هێشتا ڕێگایەک بۆ بەردەوامبوون و سەرکەوتن هەیە.

تێگەیشتن لە ڕاستی دۆخەکە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە قبوڵ بکەین دۆخەکە سەختە و کاریگەرییەکانی ڕاستەقینەن. نەک تەنها لەسەر ئێمە، بەڵکو لەسەر هەموو کەسێک. کاتێک دەبینین کڕیاران کەمتر دێن یان وەڵامی پەیامەکانمان ناداتەوە، ئەمە هەمیشە بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە شکستمان هێنابێت. زۆرجار ئەوان خۆیان لە ژێر فشاری دارایی و دەروونین. ئەم تێگەیشتنە یارمەتیمان دەدات کە زیاتر بە میهرەبانی مامەڵە بکەین، هەم لەگەڵ خۆمان و هەم لەگەڵ کڕیارەکانمان.

نیگەرانی دەرونی و کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی هەموومان دەبێت، بەڵام ئەمە واتای کۆتایی هاتنی بزنس نییە. گۆڕینی ستراتیژی بە پێی دۆخەکان، بەردەوامبوون بە واتای بەرداوامبوون لەسەر هەمان ڕێگای کۆن نایەت. پێویستە خۆگونجاندنمان هەبێت و خێرا خۆمان لەگەڵ گۆڕانکاریەکان بگونجێنین. لە دۆخی ئێستادا، ڕەنگە پێویست بکات چەند شتێک بگۆڕین لە شێوازی کارکردنمان. بیر لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکانت بکەرەوە بە شێوەیەک کە باشتر بگونجێت لەگەڵ توانای ئێستای کڕیاران. ڕەنگە بتوانین پلانی پارەدانی ئاسانتر پێشکەش بکەین، یان بڕێک داشکاندکاندن بۆ بەرهەمێک کە کڕیارێکی باشی هەیە، یان تەنانەت جۆری بەرهەمەکانمان بگۆڕین. گۆڕانکاری بە واتای شکست نایەت، بەڵکو بە واتای زیرەکی و توانای خۆگونجاندنمان دێت.

چۆن بتوانین پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کڕیاراندا لە دۆخە سەختەکاندا بەهێزتر بکەین:

پەیوەندیەکانمان گرنگترین سامانمانن.

ئەو کڕیارانەی کە ئێستا لەگەڵماندان، زۆر بەهادارن. پێویستە کات و هەوڵ تەرخان بکەین بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیەکانیان.

پەیوەندی زیاتر ببەستە لەگەڵ کڕیارە کۆنەکانت، نەک تەنها بۆ فرۆشتن، بەڵکو بۆ پرسیارکردن لە حاڵیان و بیستنی نیگەرانیەکانیان. ئەم میهرەبانییە لە یادیان دەمێنێتەوە و دروستکردنی متمانەیە کە لە مەودای درێژدا بەهادارترین شتە بۆ بزنسەکەمان.

چۆن بتوانین چاودێری تەندروستی دەروونی خۆمان بکەین:

چۆن دەتوانین بزنسەکەمان بەڕێوە بەرین کاتێک خۆمان ماندوو و بێزار دەبین؟

پێویستە سەرنج بدەینە تەندروستی دەروونی خۆمان. ئەمە پێداویستیەکی بنەڕەتییە. کاتێک هەست بە فشار دەکەیت، کاتێک هەواڵە نیگەرانکەرەکان دەرونت ماندوو دەکات، ڕێگە بە خۆت بدە کەمێک پشوو بدەیت. بۆ نموونە دەتوانیت ئەم ٢ خاڵە جێبەجێ بکەیت:

١. ڕاهێنانی سادە وەک پیاسەکردن

٢.  قسەکردن لەگەڵ کەسێکی متمانەپێکراو، یان تەنانەت کاتێکی کورت قسە لەگەڵ  خۆت بکەیت.

دەتوانێت هاوکاریت بکات. بزنسی بەهێز پێویستی بە خاوەن کارێکی بەهێز هەیە. لە دۆخە سەختەکاندا، ئامانجە گەورەکان دوور و ناگونجاو دیارن. لەبری ئەوە، بیر لە هەنگاوە بچووکەکانی ڕۆژانە بکەرەوە. هەر پەیوەندییەکی نوێ، هەر فرۆشتنێکی سەرکەوتوو، هەر فیدباکێکی ئەرێنی، ئەمانە هەموویان شتانێکن کە دەبێت دڵخۆشبین کە بوونیان هەیە.

بچووکی شتێک واتای بێبایەخی نییە. هەنگاوە بچووکە بەردەوامەکان کۆدەبنەوە و دەبنە سەرکەوتنی گەورە.

ئەو کاتەی بێئومێد دەبیت، لەسەر پەڕەیەک دەست بکە بە نوسین و هەر ڕۆژێک سێ شتی باش تۆمار بکە کە ڕوویاندا.

فێربوون لە کەسانی تر:

تۆ تەنها نیت لەم ژیانەدا. زۆر بزنس و کەس لە پێش تۆ بە هەمان سەختیدا تێپەڕیون. بگەڕێ بۆ چیرۆکەکانیان، لە ئەزموونەکانیانەوە فێرببە، پەیوەندی بکە بە خاوەنی بزنسی تر لە ناوچەکەت. کۆمەڵگەی بزنس زۆر جار پشتیوانیە کە نازانین بوونیان هەیە. مرۆڤەکان ئامادەن یارمەتیت بدەن، ئەزموونی خۆیان بگێرنەوە، تەنانەت هانت بدەن. ترستن لە پرسیار و گەڕان بۆ بە دەست هێنانی یارمەتی نەبێت.

چۆن بتوانی پلان دابنێین بۆ دوای قەیرانەکان:

قەیرانەکان هەمیشەیی نین. ڕۆژێک دێت دۆخەکە باش دەبێتەوە. ئەوانەی بەردەوام هەوڵدەدەن، ئەوان دەتوانن لە هەلەکانی دوایی سوود وەربگرن. کاتێکت هەیە، بیر لە داهاتوو بکەرەوە. دەتەوێت بزنسەکەت ببێت بە چی کاتێک دۆخەکە باش دەبێتەوە؟ چ هەنگاوێک ئێستا دەتوانیت بنێیت بۆ نزیکبونەوەت بۆ ئەو کاتە؟ ڕەنگە فێربوونی شارەزایی نوێ بێت، بەرەوپێشبردنی وێبسایتەکەت بێت، یان دروستکردنی پەیوەندیەکانی نوێ بێت.

کۆتایی:

بەردەوامبوون لە دۆخی سەخت ئاسان نییە، ئەمە ڕاستییە. بەڵام گەورەترین سەرکەوتنەکان زۆرجار لە دوای گەورەترین بەربەستەکانەوە دێن. نیگەرانی دەرونی و کاریگەری نێگەتیڤی بازاڕ ڕاستین ناتوانین خۆمانیان لێ بدزینەوە، بەڵام ئێمەش هێزمان هەیە کە بڕیار بدەین چۆن وەڵامیان بدەینەوە. کاتێک تۆ بەردەوام دەمێنیتەوە، کاتێک خۆت لەگەڵ دۆخەکە دەگونجێنیت و بە میهرەبانی مامەڵە دەکەیت لەگەڵ خۆت و کڕیارەکانت، تۆ نەک تەنها بزنسی خۆت ڕزگار دەکەیت، بەڵکو بەهێزتری دەکەیت. هەر قەیرانێک فێرکاری و دەرفەتێکی تێدایە بۆ ئەوانەی دەرفەتەکان دەبینن.

بیرت بێت، بەیانییەکی ڕووناک بە دوای هەر شەوێکی تاریکدا دێت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *