زۆربەی گەنجان وا ڕاهاتوون چاوەڕێی دەرفەت بکەن، نەک بەدەستی خۆیان داهاتوو درووستبکەن. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: “دەرفەت خۆی بەرەوڕووت نایەت، دروست دەکرێت،”
چی بکەین تا خۆمان داهاتووی خۆمان دروست بکەین؟ بە دڵنیایی بۆئەوەی هەمیشە چاوەڕێی بەختی باش نەبیت و تەمەنت بە فیڕۆ بڕوات، پێویستە ئەم ٤ کارەی خوارەوە بکەیت.
١. خەیاڵبین مەبە
هەمووان دەیانەوێت ببنە خاوەنی سەروەت و ناوبانگ، بەڵام کەم کەس ئامادەیە نرخی ئەو سەرکەوتنە بدات. وەک وتراوە: هەمووان دەیانەوێت بچنە بەهەشت و کەس نایەوێت بمرێت. لە کاتێکدا تا نەمریت، ناچیتە بەهەشت. سەرکەوتن بەدیار سەیری کردنی “ستۆری” خەڵکەوە بەدەست نایەت، بە کارکردنی ڕاستەقینە بەدەست دێت.
- هەنگاوی کرداریی: وازبهێنە لە گەڕان بەدوای ڕێگای کورت و خێرادا، فێری پیشەیەک ببە کە هاوکاریت بکات گەشە بکەیت.
٢. ئێستا دەست پێبکە
گەورەترین دوژمنت ئەم ڕستەیە: “بەیانی دەست پێدەکەم”
نەخۆشییەک هەیە ناوی (Procrastination) یان (کاردواخستن). ئەمە ئەو بکوژە بێدەنگەیە کە تەمەنی گەنجیت لێ دەدزێت.
- تێبینی: ئەگەر پلانێکت هەبێت و لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمدا هەنگاوێکی بچووکی بۆ نەنێیت، ئەوا هەرگیز دەستی پێناکەیت.
٣. پارە لە فێربووندا خەرج بکە
خەرجکردن لە فێربوون وەربەرهێنانێکی هەمیشەییە، ئەو زانیارییانەی کە فێری دەبین بەشێکە لە خۆت و هەمیشە لەگەڵت دەمێنێتەوە.
”ئەگەر شتێک دەکڕیت کە ناتوانێت پارەت بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەوا تۆ وەبەرهێنانت نەکردووە، بەڵکو تەنها پارەت بەفیڕۆ داوە.”
٤. لێهاتووییەکی پارەپەیداکەر فێرببە
لێهاتووی دەرفەتت بۆ دەڕەخسێنێت لە گەشەی بەردەوامدا بیت. قسەیەکی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت داهاتووت مسۆگەر بکەیت، لێهاتوویەک فێرببە کە ئامێرەکان نەتوانن بە ئاسانی ئەنجامی بدەن.”
چۆن لەمڕۆوە دەست پێبکەین؟
١. لیستێک دروست بکە لەو شتانەی کە دەبێت بیانسڕیتەوە. بۆ نموونە: گەڕانی بێمانا لە تیک تۆکدا.
٢. بڕیار بدە: ڕۆژانە تەنها ١ کاتژمێر لەو کاتە بدە بە فێربوونی شتێکی نوێ.
٣. بەردەوام بە: سەرکەوتن لە یەک هەفتەدا بە دیار ناکەوێت، بەڵکو لە ئەنجامی سێ مانگ بەردەوامییدا دەردەکەوێت.
تۆ دەبیتە کامەیان؟
ئەو کەسەی لە کۆتایی ساڵدا دەڵێت: “خۆزگە دەستم پێ بکردایە،” یان ئەوەی دەڵێت: “شانازی دەکەم کە دەستم پێکرد”؟