یەکێک لە بابەتە زۆر گرنگ و سەرەکیەکانی دانانی بزنس قازانج کردنە. ئەگەر ئێستا بڕۆیت و لە هەر خاوەنبزنسیک بپرسیت: کە ئایا بۆچی خۆیان بە بزنسەوە ماندوو دەکەن و خەریکن شەو و ڕۆژ ئارەقەی بۆ دەڕێژن؟ راستەوخۆ پێت دەڵێن کە دەیانەوێت قازانجێک بە دەست بهێنن. ئەگەر بزنسەکەت زەرەر بکات تەنها پارەت لە دەستنەچووە بەڵکو هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوونانەشت لە دەستچووە کە ئەنجامت داوە.
لەم وتارەدا باس لە ٥ نیشانەی سەرەکی دەکەین کە دەمانپارێزێت لە زەرەر:
زۆرێک لە خاوەنکارە نوێیەکان پێش دەستپێکردن تەنها بیر لە قازانج دەکەنەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: چۆن ڕێگری لە زەرەر بکەم؟ زەرەر نەکردن لە سەرەتای کاردا گرنگترە لە بەدەستهێنانی قازانجی خێرا، چونکە گەرەنتی ئەوەت پێدەدات کە ئایا بزنسەکەت بەردەوام دەبێت یاخود نا
لێرەدا ئەو پێوەرانە دەخەینە ڕوو کە یارمەتیدەرت دەبن بزنسەکەت لە زەرەر بپارێزیت:
١. دیاریکردنی خاڵی یەکسانبوون:
ئەمە گرنگترین شتە کە دەبێت بیزانیت. خاڵی یەکسانبوون واتە: دەبێت چەند بفرۆشیت بۆ ئەوەی تێچووەکانت دابپۆشیت؟
بۆ ئەوەی زەرەر نەکەیت، پێویستە بزانیت کۆی تێچووە جێگیرەکانت (کرێ، مووچە، کارەبا) و تێچووە گۆڕاوەکانت چەندە. ئەگەر فرۆشی مانگانەت لەو بڕە کەمتر بوو، واتە بزنسەکەت لە ناوچەی مەترسیدایە.
٢. قەرزی بازاڕ:
زۆربەی بزنسەکان بەهۆی کەمیی قازانجەوە دانەخراون، بەڵکو بەهۆی نەمانی کاش لە دەستیاندا شکستیان هێناوە.
- هەمیشە بڕە پارەیەک بۆ کاتە نەخوازراوەکانو بارودۆخە قورسەکان دابنێ
- ئاگاداری کاتی وەرگرتنەوەی قەرزەکانت بە لە کڕیار؛ ئەگەر کاڵات بە قەرز فرۆشت و کاشت لەبەردەست نەبوو بۆ کڕینەوەی کاڵای نوێ، بزنسەکەت بەرەو زەرەر دەچێت.
٣. لێکۆڵینەوە لە بازاڕ:
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زەرەر ئەوەیە کە “شتێک بەرهەم دەهێنیت کە کەس نایەوێت”. پێش ئەوەی هەموو سەرمایەکەت دابنێیت ئەم ٢ خاڵە بزانە:
- نمونەیەکی بچووک یان بڕێکی کەم بخەرە بازاڕەوە.
- گوێ لە فیدباکی کڕیار بگرە. ئەگەر کڕیار ئامادە نەبوو پارە بەو کاڵایە بدات کە تۆ داتناوە، پێویستە پێش زەرەرکردن پلانەکەت بگۆڕیت.
٤. کۆنترۆڵکردنی تێچووە شاراوەکان:
زۆرجار زەرەر لە تێچووە بچووکەکانەوە دەستپێدەکات کە خاوەن بزنس هەستی پێناکات.
کە دەکرێت یەکێک لەمانە بێت:
- بەفیڕۆچوون: ئایا زانیاری تەواوت هەیە لەسەر کاڵاکانت و کاڵاکانت لە کۆگا تێکدەچن؟
- مارکێتینگی هەڵە: ئایا ئەو پارەیەی بۆ ڕیکلام خەرجی دەکەیت، کڕیارت بۆ دەهێنێت یان تەنها پارە خەسارکردنە؟
هەمیشە چاودێری “تێچووی هێنانی کڕیار” بکە. دەکرێت تێچوویەکی باشت دابین کردبێت بۆ هێنانی کڕیار بەڵام ڕێگاکەت هەڵە بێت؛ ئەگەر بەردەوام چاودێری پڕۆسەکە بکەیت، دەتوانیت هەڵەکە بدۆزیتەوە و بە بەهێزتر بگەڕێیتەوە.
٥. جیاکردنەوەی گیرفانی خۆت لە پارەی بزنسەکە:
گەورەترین هەڵەیەک کە دەبێتە هۆی زەرەرێکی یەکجار گەورە، تێکەڵکردنی خەرجیی خۆمانە لەگەڵ داهاتی بزنسەکە. بۆ ئەوەی بزانیت بزنسەکەت سەرکەوتووە پیویستە ئەم ٣ خاڵەی تێدا پەیڕەوکرابێت:
١. مووچەیەکی دیاریکراو بۆ خۆت دابنێ کە مانگانە تەنها ئەو پارەیە بۆ خەرجی مانگەکەت لە داهاتی بزنسەکەت هەڵبگریت.
٢. داهاتی بزنسەکە وەک “سەرمایە” ببینە نەک وەک “پارەیەک بۆ خەرجکردنی ڕۆژانە”.
٣. کورتەیەک بۆ دڵنیایی تۆ:
بۆ ئەوەی دڵنیابیت بزنسەکەت زەرەر ناکات، دەبێت ئەم سێ پرسیارە لە خۆت بکەیت:
- ئایا بازاڕ پێویستی بەم خزمەتگوزارییە یان کاڵایە هەیە؟
- ئایا نرخەکەم تێچووەکان و کاتەکەم دادەپۆشێت؟
- ئایا پلانم هەیە بۆ ئەو مانگانەی کە فرۆش کەم دەبێت، چی بکەم؟