زۆرن کە ئەم پرسیارە، یان پرسیاری تری هاوشێوە دەپرسن.
بۆ نمونە:
- دوکانێکم هەیە، بیکەم بە چ شتێک؟
- پارەیەکم هەیە، چ بزنسێکی پێ دروست بکەم؟
لە زانکۆی ئەمریکی سیمینارێکم هەبوو، گەنجێک لێی پرسیم: ئەگەر ١ دەفتەرت هەبێت چ بزنسێکی پێ دەکەیت؟
وتم: ئەم پرسیارە هەڵەیە!
قەبارەی پارەکە بڕیار نادات کام بزنسە بکەم، بەڵکو ئەزموون و شارەزایی من دیاری دەکات کام بزنسە بکەم.
ئەگەر لە هیچ شارەزا نەبووم، پارەکە دەخەمە ژێر سەرینەکە و دەچم لە شتێکدا خۆم شارەزا دەکەم، دواتر دەگەڕێمەوە و پارەکەم بەکار دەهێنم لە گەشەپێدانیدا.
ئەو بیرۆکەیە فڕێ بدەن کە پێتان وابێت: بزنس بە هەبوونی پارە دەست پێدەکات.
من گرەوت لەگەڵ دەکەم، گەنجێک کە هیچ شارەزایی لە جلی پیاواندا نەبێت، ١ ملیۆن دۆلاری بدەینێ و بڵێین: لە ١ ساڵدا بزنسێکی جلی پیاوان دروست بکە، بە بێ هیچ گومانێک پارەکەی بۆ نەپارێزراوە و زەرەری کردووە، چونکە ئەزموونی نییە لەگەڵ بوارەکەدا و لە خۆوە پارە خەرج دەکات.
با بزانین کێ ئەم پرسیارە دەکات:
١. گەنجێک کە زانکۆی تەواو کردووە و تا ئێستا هیچ ئەزموونێکی بزنسی نییە.
دەی ئەم گەنجە نازانێت ئەگەر ١ ملیۆن دۆلاریشی بدەینێ و بڵێین فەرموو بزنسێک دروست بکە، پارەکە دەکات بە زەرەر.
٢. کارمەندێک کە پێشتر بزنسی دروست نەکردووە
کارمەندەکان زۆرینەیان بۆیە کارمەندیان هەڵبژاردووە چونکە نایانەوێت مەترسی بزنس قبوڵ بکەن.
بە چەند ساڵێک کارمەندی پارەیەکیان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت بزنسێک دروست بکەن.
ئەمانیش ناوێرن پارەکەیان بکەن بە زەرەر.
٣. کەسێک کە تازە لە بزنسێکدا شکستی هێناوە و ئێستا بێ کارە.
ئەم کەسانە باشتر لە بزنس تێدەگەن. بەڵام هێشتا لە ژێر فشارێکی گەورەی شکستەکەیاندان و سایکۆلۆژیایان ڕێک نییە.
زیاتر بۆ قەرەبووکردنەوە بزنس دروستدەکەن. بۆ ئەمانیش وا باشترە سەرەتا ئارام ببنەوە.
چ بیرۆکەیەک دیاری بکەم؟
بۆ هەڵبژاردنی بیرۆکەکە دەبێت لە خۆت بپرسیت بزانیت لە چیدا باشیت و لە چی دەزانیت. نەوەک لە خەڵک پرسیار بکەیت چی بکەیت.
با بە ڕوونی پێت بڵێم:
هەموو بیرۆکەکان پارە پەیدا دەکەن، لە لەفە فرۆشتن تا خەیاتی هەمووی پارەی تیایە. گرنگ ئەوەیە تۆ تاقەتت هەبێت تا کۆتایی تەمەنت ئەو کارە بکەیت.
کاتێک دەپرسیت: کام بزنسە بکەم، وەک ئەوە وایە گەنجێک بڵێت: لە گەڵ کێدا هاوسەرگیری بکەم؟
لەم بارەدا کەسەکە گرنگ نییە، بەڵکو هاوسەرگیرییەکە گرنگە.
لە بزنسیشدا هەمان شتە، دەبێت بوارێک هەبێت کە ئەوەندە حەزت پێی هەبێت کە ئامادەبیت تا کۆتایی تەمەنت لە ناویدا بمێنیتەوە.
بە دڵنیایی بۆ هەموو مرۆڤەکانیش بوارێکی بەو شێوەیە هەیە.
نووسین: گەشتیار غەریب