زۆرینەی خەڵکی وادەزانن “پارە” تاکە کلیلە بۆ دەستپێکردن. زۆرجار دەیبیستین کە دەڵێن: “بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکەیت، دەبێت پارەت هەبێت.” بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی ئەمڕۆدا، ئەم قسەیە چیتر ڕاست نییە. گەورەترین سەرمایە لە ئێستادا “پارە” نییە، بەڵکو “لێهاتوویی” و “کات”ـە.
ئەگەر گەنجێکیت کە پارەت پێ نییە بۆ دەستکردن بە بزنسی خۆت، دەتوانیت کاتت یاخود لێهاتوویەکەت بفرۆشیت و پارەت دەستبکەوێت.
لەم مەقالەیەدا باسی ٥ بوار دەکەین کە دەتوانیت بەبێ هەبوونی پارە دەستپێبکەیت:
١. بزنسی “خزمەتگوزاری”:
بزنسی خزمەتگوزاری پێویستی بە کۆگا و کاڵا نییە. تۆ ئەوە دەفرۆشیت کە دەیزانیت. ئەمەش خەرجی شوێنت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
- چی کارێک بکەم؟
لێرەدا باس لە کۆمەڵێک کار دەکەین کە دەتوانیت بەبێ هەبوونی پارەی زۆر دەستپێبکەیت کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا پێویستە:
١. ئەگەر زمان دەزانیت وەرگێڕان بکە. وەرگێڕان پێویستی بە پارەیەکی زۆر نییە.
٢. ئەگەر دیزاین دەزانیت، دەتوانیت زیاتر گەشە بە تواناکانت بدەیت و دەست بکەیت بە دیزاینکردن.
٣. ئەگەر دەتوانیت سۆشیاڵ میدیا بەڕێوە ببەیت، پێشنیار بۆ ئەو شوێنانە بکە کە پێویستیان بە کەسێکە کە سۆشیاڵ میدیاکانیان بەڕێوە ببات.
٤. یان تەنانەت ئەگەر دەتوانیت وانەی تایبەت بە قوتابیان بڵێیتەوە.
- چۆن دەست پێ بکەم؟
لە پەیجێکی سۆشیاڵ میدیاوە خزمەتگوزارییەکەت بناسێنە و لە گروپەکاندا بڵاوی بکەرەوە. مەرج نییە یەکەم کارت پارەیەکی زۆرت دەست بکەوێت، ئاسایی بیبینە ئەگەر پێویستیش بکات بە خۆڕای چەند کارێک بکەیت، لەوانەیە دوای ساڵێک یان ٦ مانگ بناسرێیت و ئەو کاتە قازانج دەکەیت.
٢. ناوەندکاری و دەڵاڵی:
ئەمە کۆنترین و زیرەکانەترین جۆری بزنسە. تۆ نە کاڵات هەیە و نە کۆگا، تەنها “کڕیار” و “فرۆشیار” بەیەک دەگەیەنیت.
- چی بکەم؟
دەتوانیت لە بواری خانوبەرە، ئۆتۆمبێل، یان تەنانەت کاڵا و مۆبایلدا کار بکەیت.
- چۆن دەست پێ بکەم؟
کاتت تەرخان بکە بۆ دۆزینەوەی هەرزانترین کاڵاکان و ناساندنیان بەو کەسانەی پێویستیانە، لە بەرامبەر بڕێک لە قازانجدا.
٣. دروستکردنی ناوەڕۆک:
ئێستا یوتیوب، تیک تۆک و فەیسبووک وەک بانک وان، ئەگەر بزانیت چۆن ناوەڕۆکێکی بەسوود دروست بکەیت، زۆر باش دەناسرێیت و دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتی باش.
- چی بکەم؟
هەر شتێک کە تێیدا شارەزایت (خواردن دروستکردن، چاککردنەوەی شتومەک، زانیاری گشتی) بیکە بە ڤیدیۆ یان زنجیرە وێنە و پۆستی بکە، سەرەتاکان بینەرت کەمە و ئاسای وەری بگرە، وردە وردە بڵاو دەبێتەوە.
- چۆن دەست پێ بکەم؟
تەنها مۆبایلەکەت بەکاربهێنە. کاتێک بینەرت زۆر بوو، کۆمپانیاکان خۆیان دێن بۆ لای تۆ بۆ ڕیکلام، یان دەتوانیت کاڵای خەڵکی تری تێدا بفرۆشیت.
٤. فرۆشتن بەپێی داواکاری:
یەکێک لە ڕێگا زیرەکانەکان ئەوەیە کە لەسەر داواکاری بە پارەی کڕیار کاڵاکان بکڕیت و بینێت بۆ کڕیار. بەمە هیچ پارەیەکی تۆ لە مەترسیدا نییە و ترست نابێت لە فەوتانی پارەکەت.
- چی بکەم؟
- وێنەی کاڵایەک لە بازاڕ یان لە ئینتەرنێت دابنێ، کاتێک کڕیار داوای کرد و پارەکەی نارد (یان بەشێکی پارەکەی نارد)، ئینجا بڕۆ کاڵاکە بکڕە و بۆی بنێرە.
- چۆن دەست پێ بکەم؟
پێویستت بە پەیوەندییەکی باش هەیە لەگەڵ کۆگاکان یان دوکانە گەورەکان تا ڕێگەت بدەن وێنەی کاڵاکانیان بگریت.
٥. فێرکاری و ڕاوێژکاری ئۆنلاین:
ئەگەر ئەزموونت لە بوارێکدا هەیە (بۆ نموونە وەرزش، موزیک، یان بەرگدوورنین)، خەڵک ئامادەن پارە بدەن بۆ ئەوەی فێریان بکەیت.
- چۆن دەست پێ بکەم؟
بە ڤیدیۆی فێرکاری کورت لە ئینستاگرام دەست پێ بکە، پاشان خولی تایبەت بە پارە بفرۆشە بەو کەسانەی دەیانەوێت بە قووڵی فێر ببن.
هەبوونی ڤیدیۆی خۆڕای متمانە لەی کڕیاران دروست دەکات و هاوکارت دەبێت کە کڕیارەکانت ئاسانتر کڕین بکەیت.
کورتەیەکی وتارەکەمان بۆ تێگەشتنی زیاتر:
نەبوونی پارە “بەربەست” نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ زانینی تواناکانت. گەورەترین بزنسەکانی جیهان لە ناو گەراجی ماڵەکانەوە و بە گیرفانی بەتاڵ دەستیان پێکردووە. تەنها شتێک کە پێویستتە: دەستپێکردنە بەو شتانەی کە ئێستا لەبەردەستتدایە.