٥ لە گرنگترین هەڵە باوەکانی فرۆشی تەلەفۆنی لە بازاڕی کوردستاندا

٥ لە گرنگترین هەڵە باوەکانی فرۆشی تەلەفۆنی لە بازاڕی کوردستاندا

 

پەیوەندی تەلەفۆنی یەکێکە لە خێراترین ڕێگاکان بۆ گەیشتن بە کڕیار. بەڵام بەهەمان شێوە، یەکێکیشە لەو هۆکارانەی کە ئەگەر بە وریایی بەکارنەیەت، دەبێتە هۆی لەدەستدانی کڕیار بۆ هەمیشە. لە بازاڕی کوردستاندا، کڕیاران زیاتر بە سۆز و متمانەی شەخسییەوە بڕیار دەدەن؛ بۆیە بچوکترین هەڵە لە کاتی قسەکردندا، کڕیارەکە سارد دەکاتەوە.

 

ئەگەر خاوەن بزنسیت یان لە بەشی فرۆشتن کار دەکەیت، دڵنیابەرەوە لەوەی کە ئەم (فرۆشیارە کچ و کوڕە گەنجانە)ی تەلەفۆن بۆ خەڵک دەکەن، ئەم هەڵە باوانەی خوارەوە دووبارە نەکەنەوە.

 

لەم وتارەدا ٥ هەڵە باوەکە دەخەینەڕوو:

 

١. تەلەفۆنکردن لە کاتی نەگونجاودا:

 

یەکێک لە گەورەترین کێشەکان، نەناسینی کلتوری کاتی پشوو و کارە لە لای خۆمان. تەلەفۆنکردن :

  • لە بەیانیانی زوودا.
  • لە کاتی پشووی نیوەڕوان.
  • تەنانەت درەنگانی شەو.

تەنها یەک ئەنجامی دەبێت (کڕیارەکە پێش ئەوەی بزانێت تۆ کێیت و چیت پێیە، لێت توڕە دەبێت).

هەمیشە لەم کاتەنە پەیوەندی بکرێت باشە:

١. بەیانیان (کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ١١:٣٠).

٢.دوانیوەڕوان (کاتژمێر ١:٣٠ بۆ ٤٠ خولەک پێش بانگی ئێوارە).

 

تێبینی:

شەوانیش هەتا بگونجێت پەیوەندی بە کەسێک نەکرێت کە یەکەم جارە پەیوەندی پێوە دەکرێت، مەگەر خۆی وتبێتی. هەروەها چونکە کۆمەڵگایەکی موسڵمانمان هەیە ڕەچاوی کاتی بانگ بکە.

 

 

 ٢. خوێندنەوەی دەقێکی وشک و ڕۆبۆتی:

 

زۆر جار کۆمپانیاکان دەقێکی ئامادەکراو دەدەنە دەست کارمەندەکەیان و ئەویش:

بە یەک تۆنی دەنگ هەروەها بێ هیچ هەستێک قسەکان ڕیز دەکات.

کڕیاری کورد پێویستی بە گەرمی و زمانێکی شیرینی خۆماڵییە. کاتێک بە شێوازی ڕۆبۆتی قسە دەکەیت، کڕیارەکە هەست دەکات تەنها ژمارەیەکە لەناو لیستێکدا، نەک کەسێکی گرنگ؛ ئەمەش وای لێدەکەن زوو پەیوەندییەکە ببڕێت.

 

٣. بێزارکردنی کڕیار:

 

فشار دروستکردن بە شێوازێکی نەشارەزا لەسەر کڕیار بۆ کڕینی بەرهەمەکە، بۆ نموونە:

  • فشاری کات.
  • یەک دانە بەرهەم ماوە.
  •  داشکاندنی دیاریکراو کۆتایی دێت.

ئەم ڕستانە بەکاردەهێنێت بۆیە کڕیار هەست دەکات دەتەوێت کاڵایەکی بەسەردا بسەپێنیت، ڕاستەوخۆ بەرگری لە خۆی دەکات و دەکشێتەوە. فرۆشیاری لێهاتوو ڕاوێژکارە نەک سەپێنەر؛ دەبێت ڕێگە بدات کڕیارەکە بە ئارەزووی خۆی و بە قەناعەتەوە بڕیار بدات.

 

تێبینییەکی زۆر گرنگ:

دەکرێت هەمان ئەو ڕستانەی سەرەوە ببەن هۆی دروستبوونی فرۆش بەڵام ئەوە هونەری فرۆشیارە کە چۆن ڕستەکان بەکار دەهنێت  هەروەها  فشار بۆ سەر کڕیرەکە کەم بکاتەوە.

 

 

٤.گوێ نەگرتن و تەنها قسەکردن:

 

هەندێک فرۆشیار وادەزانن فرۆشی تەلەفۆنی واتە ئەوەی تۆ زیاتر قسە بکەیت و دەرفەت نەدەیت بە بەرامبەرەکەت. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. یاسای زێڕینی فرۆشتن دەڵێت: (٧٠٪ گوێ بگرە  هەروەها  ٣٠٪ قسە بکە).

تەلەفۆنەکە بۆ ئەوەیە بزانیت کڕیارەکە کێشەی چییە و پێداویستی چییە، تا بزانیت چۆن بەرهەمەکەت وەک چارەسەر پێشکەش دەکەیت.

 

٥. بێزاربوون و نواندنی ڕەفتاری سارد لە کاتی نەکڕیندا:

 

ئاساییە کە هەموو تەلەفۆنێک نەبێتە فرۆش. بەڵام کێشەکە لێردایە؛ کاتێک کڕیارەکە دەڵێت: (سوپاس پێویستم پێی نییە)، فرۆشیارەکە بە ساردی و بێ تاقەتییەوە تەلەفۆنەکە دابخاتەوە یان خوداحافیزی نەکات.

 بیرت بێت، ئەو کەسەی ئەمڕۆ لێت ناکڕێت، ئەگەر ڕەفتارت جوان بێت، ناوی براندەکەت لە مێشکیدا دەمێنێتەوە هەروەها  ڕەنگە مانگێکی تر خۆی تەلەفۆنت بۆ بکاتەوە.

 

 

ئاگاداربە!

پەیوەندی تەلەفۆنی وەک چوونە ماڵی خەڵک وایە؛ پێویستی بە:

  •  لە دەرگادان.
  • کاتی گونجاو.
  •  قسە وە ڕوویەکی  خۆشە.

ئەگەر بزنسەکەت لەم پێنج هەڵە باوەی بازاڕی کوردستان دووربخەیتەوە، دەبینیت چۆن تەلەفۆنەکانت لەبری ئەوەی ببنە هۆی بێزارکردنی خەڵک، دەبنە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و متمانە.

 

 

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *