پێش ئەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە بزنسەکەتدا بکەیت، لە خۆت بپرسە: “ئایا ئەوەی تۆ دەیکەیت کاریگەری لەسەر زیادکردنی فرۆش هەیە؟” ئەگەر نەتوانیت وەڵامی ئەم پرسیارە بدۆزیتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە بزنسەکەت نەتوانێت بەرەوپێش بچێت.
بەپێی ماڵپەڕی کرۆن: “کاریگەر بوون بەو مانایەیە کە کواڵتی و باشیی کاڵاکانت لەئاست چاوەڕوانییەکانی کڕیارەکان زیاترە”. گەر بزنسەکەت بچووکە، کارەکە بۆ تۆ ئاسانترە بە بەراورد بە ڕکابەرەکانت، کڕیارەکانت کەمترن و دەتوانیت بە ئاسانی کاریگەری لەسەر هەموویان دروستبکەیت.
ئێستا پرسیار ئەوەیە چۆن کڕیارەکانمان سەرسام بکەین؟ ئەگەر کڕیارەکانت بناسیت، دەزانیت چی وایان لێدەکات سەرسام و دڵخۆش بن. بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەتوانیت کاریگەرترین هۆکار بۆ سەرسامکردنی کڕیارەکانت بدۆزیتەوە.
1- گرنگیی پێچانەوە (پاکێجینگ)
بەپێی ڕاپرسییەک لە ساڵی ٢٠١٦دا ٥١%ی کڕینەکان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدراوە. داواکاری ئۆنلاین ڕێگایەکی گرنگی فرۆشتنە، بۆیە پێویستە پێچانەوەی کاڵاکانت جیاواز بێت. با هەڵچڕینی کاڵاکانت هەستێکی خۆش و تایبەت لای کڕیار دروستبکات. هەوڵیش بدە لەگەڵ کاڵاکانتدا جۆرێک لە دیاری بنێریت تا هێندەی تر کڕیارەکانت دڵخۆش و سەرسام بکەیت.
2- متمانەی کڕیار
هەندێک جار متمانەکردن بە کڕیارەکانت دەتوانێت باشترین ڕێگە بێت بۆ ئەوەی سەرسامیان بکەیت. هاوڕێیەکم لە فرۆشگایەکی ئامێری ماڵەوە چرایەکی کڕیبوو، دوای کردنەوەی پاکەتەکە، سەیریکرد کە یەکێک لە قاچەکانی شکاوە؛ بە دوودڵییەوە پەیوەندی بە فرۆشگاکەوە کرد، پێی وابوو ئەوان دەڵێن: لای خۆت شکاوە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر وەریبگرنەوە، پێویست بوو کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدات تا بڕواتەوە بۆ فرۆشگاکە و دانەیەکی نوێ وەربگرێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، دانەیەکی نوێیان نارد بەبێ ئەوەی تەنانەت داوای وەسڵی کڕینی ئامێرەکەش بکەن. هەموو شتێکیان بۆ کڕیارەکە ئاسان کرد. بەدڵنیاییەوە ئەمە هەر کەسێک سەرسام دەکات و زیاتر تامەزرۆی کڕین لەوان دەبێت.
3- دیاری کاریگەرە
خەڵک حەزیان لە ئۆفەر و دیاری و خەڵات و تیروپشکە، بەڵام کاریگەری دیارییەکی چاوەڕواننەکراو زۆر زیاترە. زۆر شتێکی جوانە کە بەبێ ئەوەی پێشتر کڕیارەکە ئاگاداربکەیتەوە؛ لەکاتی پێچانەوەی کاڵاکانیدا، کاڵایەک، قاوەیەک، کارتی وەحدەیەک، قەڵەمێک بکەیتە دیاری بۆ کڕیارەکە. پێتان وایە کاردانەوەی کڕیارەکە چی دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە خۆشحاڵ دەبێت و هەستێکی زۆر خۆشی دەبێت، بەتایبەت گەر کاڵاکە یادگاری بێت و بمێنێتەوە.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان