هەموو بزنسێک بڕێک سەروەت و سامانی هەیە کە بریتییە لەو ئامێر و مێز و کەرەستانەی بۆ بزنسەکە دابینکراون و هەروەها هەندێک بزنسیش بڕێک لە پارەکەی بریتییە لە قەرز لەلایەن کڕیارەکانەوە. جگە لەمانە، زۆرجار هەندێک پارەی شاراوەت هەیە کە ڕەنگە هەرگیز بیرت لەوە نەکردبێتەوە سوودیان بۆ بزنسەکەت هەبێت. ئەو سەروەت و سامانەش چەند شتێک دەگرێتەوە کە دیارترینیان بریتییە لە (زانیاری لە بواری بازرگانیدا، لێهاتوویی کارمەندان، کاتە بەتاڵەکان، کەسی خاوەن بیرۆکە). هەموو ئەمانە سەروەت و سامانێکی بەنرخن کە دەتوانرێت بە ئاسانی بکرێتە پارەی کاش. ئەم بابەتە یارمەتیت دەدات بۆ ناسینەوەیان و ئامادەکردنی کۆمپانیاکەتان بۆ ئەوەی قازانجیان لێبکات.
دۆزینەوەی سەروەت و سامانی شاراوە
بۆ دەستنیشانکردنی سەروەت و سامانی شاراوە، پێویستە لە ڕوانگەی بازرگان یان فرۆشیارەوە سەیری ئەم ئەگەرانە بکەیت نەک لە ڕوانگەی کارمەندێکەوە. لەم حاڵەتەدا، ئاسانتر دەتوانیت سەروەت و سامانی شاراوە لە کارەکەتدا بدۆزیتەوە، چونکە لە کۆتاییدا، تۆ بەدوای شتێکدا دەگەڕێیت کە کەسانی دیکە بیری لێ ناکەنەوە. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە خۆت بپرسیت “ڕکابەرەکانت پێویستیان بە چییە؟” بەدوای چیدا دەگەڕێن؟” بیر لەوە بکەرەوە کە پارە بۆ چی خەرج دەکەن.
کڕیاری هەمیشەیی
ئەگەر بزنسەکانی تر بەدوای کڕیاری هەمیشەییدا دەگەڕێن، دەکرێت تۆ کڕیاری هەمیشەییت هەبێت و ئەمەش سەروەت و سامانە. ئایا بەرهەمێکی گرانت هەیە کە کڕیاری بەردەوامی هەبێت؟ لەم حاڵەتەدا، ئەمە سەروەت و سامانێکی شاراوەی تۆیە.
شارەزایی
ئایا شارەزایی باشت هەیە لە پیشەکەتدا؟ توانات هەیە خەڵکانی دیکە فێربکەیت لە ڕێگەی (ڕاوێژکاری، وانە وتنەوە، دروستکردنی ڤیدیۆی فێرکاری، سیمینار و نوسینی کتێب، وۆرک شۆپ و هاوشێوەکانییەوە) کەواتە بەدڵنیاییەوە ئەمە سامانێکی شاراوەیە.
ئایا تێبینی ئەوەت کرد کە چۆن دەتوانیت سەروەت و سامانی بەنرخ و شاراوە بدۆزیتەوە بە بیرکردنەوە لەو شتانەی ڕکابەرەکانت پێویستیانە؟
ئەوەی ڕکابەرەکات نایکەن
دەکرێت یەکێک لەو شتانەی ڕکابەرەکانت نایکەن بریتیبێت لە نەکردنەوەی دوکان لە ڕۆژانی هەینی؟ یان گرنگینەدان بە کواڵتی و خزمەتگوزاری و ئەتەکێتی قسەکردنی کارمەندەکانیان. بەدڵنیاییەوە ئەمەش سامانێکی تری شاراوەیە.
ساغکردنەوە
دەتوانیت داشکاندن بکەیت بۆ ئەو بەرهەمانەی لە مەزخەندا ماوەتەوە و نافرۆشرێت، یانیش دەکرێت وەک خەڵات و دیاری بەکاریانبهێنیت بۆ ڕاکێشانی کڕیارەکان، ئەمەش دەبێتە سامانێکی شاراوە.
کات بەسەربردن
یەکێک لە ڕێگا زۆر کاریگەرەکان بریتییە لەوەی وابکەیت کڕیارەکان بۆ کات بەسەربردن سەردانت بکەن، دەکرێت بزنسەکەت بکەیتە قوتابخانە یان کافێیەک بۆ کات بەسەربردن، تەنانەت دەکرێت هەندێک کارمەند دابمەزرێنیت بۆ ئەوەی خزمەت بەو کڕیارانە بکەن کە بۆ کات بەسەربردن دێنە لات.