قەیران؛ باشترین دەرفەت بۆ دەوڵەمەندبوون

      

زۆرێک لە خاوەنکارەکان بەهۆی ئەم قەیران و بارودۆخە سەختەی ئێستای کوردستانەوە، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی فرۆش بوونەتەوە. فرۆشیارەکان چاوەڕێی ئەوەن موعجیزەیەک ڕووبدات و بزنسەکەیان گەشە بکات؛ بەڵام شتی وا هەرگیز ڕوونادات.

 

نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر و لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەکاندا یەکێک لە خراپترین قەیرانە ئابوورییەکانی مێژوو ڕوویدا. نرخەکان بەرەو ئاسمان فڕین. ئەگەر لەو سەردەمەدا بژیایتایە، ڕەنگە لە دڵی خۆتدا بتگوتایە: ئێستا خراپترین کاتە بۆ دروستکردنی بزنسێک؛ بەڵام لە هەمانکاتدا، کەسانی وەک (ستیڤ جۆبس؛ بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەپڵ، هەروەها بیڵ گەیتس؛ خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت) سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. چونەک ئەوان بیرکردنەوەیەکی جیاوازیان هەبوو لەوانی تر، بەخۆیان دەگوت: ئێستا باشترین کاتە بۆ گەشەکردن و گەورەبوون! یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی خاوەنکارە سەرکەوتووەکان ئەوەیە کە هەرگیز چاوەڕێی باشترین دەرفەت ناکەن. ئەوان ئێستا بە باشترین دەرفەت بۆخۆیان دەزانن.

 

ئەندی گرۆڤ؛ کتێبێکی بە ناوی “دواهەمین بێباک” نووسیوە. ئەم کتێبە ڕوونی دەکاتەوە کە زۆرێک لە بزنسەکان کاتێک ڕووبەڕووی بارودۆخی نوێ دەبنەوە، ڕووبەڕووی دوو هەڵبژاردن دەبنەوە.

هەڵبژاردەی یەکەم ئەوەیە کە شێوازی کارکردنی خۆیان نەگۆڕن و چاوەڕێی گۆڕانی دۆخەکە بکەن.

هەڵبژاردەی دووەم ئەوەیە کە دەستبەجێ خۆیان لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکاندا بگونجێنن.

هەموو بزنسەکان ڕووبەڕووی ئەو شتە دەبنەوە کە (ئەندی گرۆڤ) پێی دەڵێت خاڵی وەرچەرخانێکی ستراتیژی. لەم دۆخەدا زۆرێکیان بە خێرایی بەرەو داڕمان و لەناوچوون دەڕۆن؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو بزنسانەی خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا گونجاندووە، سەردەمێکی نوێی گەشەکردن دەستپێدەکەن.

 

هەموو ڕۆژێک شێوازی نوێی بازاڕکردن فێرببە و لە کارەکەتدا بەکاریبهێنە. تا بتوانیت ببیتە پسپۆڕ و باشترینی بوارەکەی خۆت. بزنسکاردەکەت وەک میدیایەک بۆ بەبازاڕکردن بەکاربهێنە؛ بۆ نموونە لەسەر بزنسکاردەکەت بنووسە: سەردانی پەیجەکەمان بکە بۆ بەدەستهێنانی وتارێکی بێبەرامبەر لەسەر ئەو هەڵانەی کە کڕیارانی بیمە ئەنجامی دەدەن. یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی بازاڕکردن ئەوەیە کە وا دابنێین کە هەموو کەسێک دەتوانێت کڕیاری ئێمە بێت. بەڵام تاوەکو بازاڕی ئامانج گەورەتر و گشتیتر بێت، فرۆشتنی قورسترە چونکە ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان لەبارەی کڕیارەوە نییە و ناتوانین پەیامی بازرگانی دروستمان هەبێت. زۆرێک لە کۆمپانیاکان توانیویانە زۆر خێراتر گەشە بکەن بە سنووردارکردنی بینەرەکانیان.

 

کەواتە هەڵبژاردنەکە هی تۆیە. دەتوانیت لە قەیرانی ئابووریدا درێژە بەو شێوازە کارکردنە بدەیت کە لەسەری بەردەوام بوویت و سەیری دابەزینی فرۆشی بزنسەکەت بکەیت یان دەتوانیت دۆخەکە وەربگریت و قەیرانی ئابووری بە باشترین دەرفەت بزانیت بۆ گەشەپێدانی کارەکەت!

 

لەم کاتەی ئێستادا ستافەکەمان سەرقاڵی نووسینی کتێبێکە بەناوی (فرۆشتن لە قەیراندا) کە لەو کتێبەدا زۆر بە قووڵی هۆکار و دەرهاویشتەکانی قەیران و چارەسەری کێشەکانی فرۆشتن لەو کتێبەدا باسکراوە، بە ویستی خوا لە سەرەتای ساڵی 2024دا کتێبەکە دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

 

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *