فرۆشیاری باش کەسێک نییە کە زۆر قسە بکات، بەڵکو بە وەڵامی کورت و کاریگەر کڕیارەکە قایل دەکات بە کڕینی کاڵاکەی. گەورەترین لاوازی فرۆشیارەکان ئەوەیە کە قسەی زۆر دەکەن و بەشێکیش قسەکانیان ڕاست نییە. ئەگەر خاوەنکاریت یان کارمەندت هەیە، پێویستە لە کاتی قسەکردندا گرنگی بەم خاڵانە بدەیت:
-
وێناکردن
هەر قسەیەک بکەیت کڕیارەکە لە مێشکی خۆیدا وێنای دەکات، هەر نمونەیەکی دوور لە بوار و بزنسەکەی خۆت لەکاتی قسەکردندا بهێنیتەوە؛ ڕاستەوخۆ مێشکی کڕیارەکەت پڕ دەکەیت لە بیرکردنەوە لەو نمونەیەی باستکرد، چجای ئەگەر نمونەکەت ئاڵۆز بێت و تێگەیشتن لێی زەحمەت بێت، ئەوکاتە بارودۆخێک دروست دەکەیت کە کڕیارەکە بە زەحمەت بتوانێت متمانە بە قسەکانت بکات.
-
ڕستەی کورت
فرۆشیاری سەرکەوتوو هەرگیز قسەکانی درێژ ناکاتەوە و ڕستەی دووبارە بەکارناهێنێت، تۆی خاوەنکار دەتوانیت بە کەمترین وشە مەبەستەکەت بگەیەنیت. بۆ نموونە پێویست ناکات بڵێیت: “ئەم لەیزەرە بەکارهێنانی وادەکات ئەو کەسەی بەکاریدەهێنێت بتوانێت بە ئاسانی و تەنها بە یەک جار هەموو مووە زیادەکانی لەشی لاببات”. بەڵکو دەتوانیت بڵێیت: “ئەم لەیزەرە دەتوانێت مووی زیادەی جەستە لاببات بە ئاسانی”.
-
لە سێ ڕستە زیاتر نەبێت
یەکێکی تر لە شێوازە باشەکانی فرۆشتن ئەوەیە کە هەرگیز لە سێ ڕستە زیاتر لەسەر یەک قسە نەکەیت. واتە کاتێک ٣ ڕستەت قسە کرد، با کەسی بەرامبەر قسە بکات. ئەگەر لایەنی بەرامبەر هیچی نەوت، پرسیارێکی لێ بکە. قسەکردن بە ٣ ڕستە دەتوانێت ڕێگە بدات بیر بکاتەوە لە کاڵاکە و لە قسەکانت و بەراوردیان بکات بە یەکتری. بەڵام گەر بەردەوام قسەت کرد؛ ڕێگە نادەیت کڕیارەکە بیر لە کاڵاکە بکاتەوە و ڕەنگە بەهۆیەوە کڕیارەکە لەدەستبدەیت.
داواکردنی کتێبەکانمان
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان