بۆچی کاتێک هەستی شڵەژانمان هەیە زیاتر پارە خەرج دەکەین؟

ئایا ئایا بە حاڵەتێکی هاوشێوەدا تێپەڕیویت کاتێکی ڕۆژێکی قورس و ناخۆشت هەبووە، خۆت دەبینیتەوە لە فرۆشگایەکدا شتی ناپێویست دەکڕیت؟ یان کاتێک خەمباریت، داوای خواردنی دەرەوە دەکەیت لە جیاتی ئەوەی لە ماڵەوە نانێک دروست بکەیت؟ ئەمە کارێکی ئاسای نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵ هەیە لە نێوان هەستە دەروونییەکانمان و بڕی پارە خەرجکردنمان.
لێرەدا باس لەوە دەکەین کە مێشکمان چۆن کاردەکات؟
کاتێک هەستی شڵەژانمان هەیە، مێشکمان بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ باشترکردنی دۆخەکە. کڕین یەکێکە لە ڕێگە خێراکانی دەستکەوتنی هەستێکی خۆش بۆ ماوەیەکی کاتی، چونکە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دۆپامین، هۆڕمۆنێکی مێشک کە هەستی خۆشمان پێ دەبەخشێت. ئەم هۆڕمۆنە وا دەکات مێشکمان فێربێت کە کڕین “چارەسەرێکە” بۆ هەستە نەرێنییەکانمان.

لەم مەقالەیەدا ٣ خاڵ باس دەکەین کە وامان لێ دەکەن کڕین بکەین کاتێک هەستێکی ناخۆشمان هەیە:
١. کڕین بە چارەسەرێکی کاتی بۆ ئازارێکی قووڵتر دەبینین: کاتێک تووشی فشاری دەروونی، خەمۆکی، یان تەنها بێزاری دەبین، کڕینی شتێکی نوێ هەستێکی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنمان پێ دەبەخشێت کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگە هەستی پێ نەکەین. ئەوە وەک دەرمانێکی دەروونییە کە بۆ ماوەیەکی کورت کاردەکات، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە چارەسەر ناکات.
٢. بازاڕکردن و کڕین وەک دەربازبوون دەبینین:
بۆ زۆر کەس، بازاڕکردن دەبێتە جۆرێک لە دەربازبوون لە هەستە نەرێنییەکان. سەرقاڵبوون بە سەیرکردنی شتە نوێیەکان، هەڵسەنگاندنی بژاردەکان، و تەنانەت ئەو پڕۆسەی کڕین، هەموویان سەرنجمان لادەدەن لە ئەو شتانەی کە پێمان ناخۆشە. فرۆشگاکان و وێبسایتەکان بەباشی دەزانن چۆن ئەم لایەنە دەروونییە بەکاربهێنن بۆ هاندانمان تا کڕین بکەین.
٣. ڕۆڵی ڕێکلامەکان و میدیای کۆمەڵایەتی لەسەر بڕیاری کڕینمان:
کۆمپانیاکان ملیۆنان دۆلار دەخەنە کار بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ڕەفتاری مرۆڤەکان. ئەوان دەزانن کاتێک هەستی شڵەژانمان هەیە، زیاتر مەیلی کڕینمان هەیە. ڕێکلامەکان بە ئامانجەوە دروست دەکرێن بۆ ئەوەی هەستەکانمان بجوڵێنن و پێمان بڵێن کە کڕینی ئەم بەرهەمە دەتوانێت گۆڕانکارییەک لە ژیانماندا دروست بکات. میدیای کۆمەڵایەتیش ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت، چونکە بەردەوام وێنەی ژیانی “تەواو” دەبینین و هەست دەکەین پێویستە شتێک بکڕین بۆ ئەوەی هاوشێوە بین.
ئەگەر لەسەر کڕین بەردەوام بین بەبێ بیرکردنەوە ئەوا دوچاری ئەم ٣ کێشەیە دەبینەوە:

١. ئەو هەستە خۆشە کاتییەی لە کڕین بە دەستی دەهێنین: کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو خۆشییەی لە کڕین دەیبینین زۆر کاتی و سەرسوڕهێنەرە. دوای چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک، ئەو شتە نوێیە ئیتر بە هەمان شێوەی یەکەم جار هەستی خۆشمان پێ نابەخشێت، و ئەوە لەوانەیە بمانگەڕێنێتەوە بۆ کڕینی زیاتر. ئەمە دەبێتە بازنەیەکی دووبارەبووەوە کە زۆر قورسە بشکێنیت و لێی دەربچیت.
٢. کاریگەری لەسەر باروداخی دارایمان: کڕین بە بڕیارە هەستییەکانمان دەکرێت ئەنجامی زۆر جدی هەبێت. ئەم ٣ خاڵەی لە خوارەوەدا باس کراوە نموونەن بۆ ئەو کێشانەی ئەگەر هەیە توشیان بین بە هۆی کڕین بە بڕیارە هەستییەکانمان:

  • قەرزی کارتی کڕین
  • کەمکردنەوەی پاشەکەوت
  • فشاری دارایی

هەموویان دەرئەنجامی ئەم ڕەفتارەن. گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە کەسێک لەوانەیە تێ نەگات کە ئەم هەڵسوکەوتە ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی هەیە لەسەری، تا دەگاتە خاڵێک کە قەیرانێکی دارایی بەسەرخۆیدا دەهێنێت.
٣. دەربازبوونی هەستی لە دەربازبوونی ڕاستەقینە: گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو کڕینانەی کە بە ڕاستی پێویستمان پێیە و ئەوانەی کە تەنها بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکی دەروونین. کاتێک بە دوای شتێک دەگەڕێین بۆ ئەوەی هەستی باشترمان بۆ دروست بکات، ئەوە نیشانەیەکە کە پێویستە بە شێوەیەکی تەندروستتر مامەڵە لەگەڵ هەستەکانماندا بکەین.

لەم بەشەدا باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەین:
یەکەم هەنگاو ئاگاداربوون و ناسینی خۆمانە. زانینی ئەو کاتانەی کە هەستی شڵەژانمان هەیە و ویستمان هەیە کڕینێک بکەین، هاوکارمان دەبێت واقیعیتر بیر بکەینەوە. دەتوانین کاتێک بۆ چاوەڕوانی دیاری بکەین، وەک ٢٤ کاتژمێر چاوەڕوانبوون پێش کڕینی هەر شتێک بە بڕێکی گەورەی پارە. هەروەها دۆزینەوەی ڕێگەی تەندروستتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستە نەرێنییەکان زۆر گرنگە، وەک وەرزش، قسەکردن لەگەڵ کەسێکی متمانەپێکراو، یان خولی یۆگا و مێدیتەیشن.
دەرەنجام
تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان هەستە دەروونییەکانمان و خەرجکردنی پارەکانمان یەکەم هەنگاوە بۆ دەستکەوتنی کۆنترۆڵی باشتر لەسەر داراییەکانمان. کڕین ناتوانێت جێگرەوەی بەختەوەری ڕاستەقینە و تەندروستی دەروونی بێت. کاتێک فێردەبین چۆن هەستەکانمان بە شێوەیەکی تەندروستتر بەڕێوە ببەین، دەتوانین بڕیاری دارایی باشتر بدەین و ژیانێکی هاوسەنگتر دروست بکەین.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *