بۆچی زیرەکەکان دەوڵەمەند نابن؟

بۆچی زیرەکەکان دەوڵەمەند نابن؟

 

لە جیهانی بزنسدا هاوکێشەیەک هەیە کە زۆرێک لە گەنجان بە هەڵە لێی تێگەیشتوون: (تەنها زانیاری = سەرمایە). بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە زانیاری تەنیا تواناییەکە، نە وەبەرهێنانە و نە دەستکەوتی پارەیە.

ڕۆژانە گەنجی زۆر دەبینین کە خاوەنی خولی جۆراوجۆرن، پەڕتووکی زۆریان خوێندۆتەوە، تەنانەت شێوازی شیکردنەوەی داتا و مارکێتینگیش دەزانن، بەڵام لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی بێکاری و قەرزداری دەبنەوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بۆ چەند هەڵەیەکی بنەڕەتی لە تێگەیشتنی بازاڕ دەگەڕێتەوە.

 

لەم وتارەدا بە ٤ خاڵ ڕوونیدەکەینەوە کە بۆچی زانیاری بە تەنها گرنگی نییە:

 

١.جیاوازی نێوان (زانیاری) و (جێبەجێکردن):

پڕبوونی مێشک لە زانستی بزنس، مارکێتینگ، یان شیکردنەوەی داتا، لە بازاڕی کاردا هیچ بەهایەکی نییە تا ئەو کاتەی نەگوێزرێتەوە بۆ (کەلێنێکی ڕاستەقینەی بازاڕ).

بازاڕ پارە بەو کەسە نادات کە زانیاریی هەیە، بەڵکو پارە بەو کەسە دەدات کە (کێشەیەک چارەسەر دەکات). ئەگەر هەزار تیۆری بزنس بزانیت بەڵام نەتوانیت بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکەیت کە خەڵک ئامادە ببن پارەی بۆ بدەن، زانیارییەکانت تەنیا وەک پەڕتووکێک لە ڕەفەیەکدا دەمێننەوە.

 

٢. لە هەموو شتێک دەزانم:

کاتێک لیستێکی درێژ لە تواناکانت ڕیز دەکەیت: (ڕاوێژکاری، مارکێتینگ، فرۆشتنی ئۆنلاین، شیکردنەوەی داتا، بەڕێوەبردنی پڕۆژە)، بە نائاگاییەوە پەیامێک بۆ بازاڕ دەنێریت: من لە هەموو شتێکدا کەمێک دەزانم، بەڵام لە هیچ کامیاندا پسپۆڕی ڕاستەقینە نیم.

خاوەنکاران یان وەبەرهێنەران کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی جدی دەبنەوە، ناچنە لای کەسێک کە (هەموو شتێک) دەزانێت، بەڵکو دەچنە لای پسپۆڕێک کە لەو بوارە دیاریکراوەدا باشترینە. بڵاوبوونەوە لە چەندین بواری جیاوازدا، توانای رکابەریت لە بازاڕدا کەم دەکاتەوە.

 

۳. تەڵەی بەبازاڕکردنی خۆت:

کاتێک کتێبێک دەنووسیت یان زانیارییەکی زۆرت هەیە، بەڵام بێکاریت، کێشەکە لە ئاستی ڕاستەقینەی (لێهاتوویی فرۆشتنی خۆتدا)دایە.

بازاڕ پێویستی بەوەیە بزانێت تۆ چی بۆ ئەوان دەکەیت، نەک تۆ چەندە بزنس دەزانیت.

دەبێت بتوانیت زانیارییەکانت بگوێزیتەوە بۆ بەرهەمێکی ڕوون، دیاریکراو و پێوانەکراو کە کڕیار یان خاوەنکار بە ئاسانی تێیبگات.

 

٤. ترسی تاقیکردنەوە:

زۆرجار ئەو کەسانەی ڕێژەیەکی زۆر زانیاری تیۆرییان هەیە، دەکەونە تەڵەی (شیکاریی زۆر). لەبەر ئەوەی بە وردی مەترسییەکان دەزانن، ترسی زیاتریان لە دەستپێکردن هەیە و چاوەڕێی ساتەوەختی (بێ کەموکوڕی) دەکەن. ئەمەش وا دەکات هەرگیز هەنگاوی کرداری نەنێن و دەرفەتەکان لەدەست بدەن.

 

چۆن لەم تەڵەیە دەربازت دەبێت؟

سەرنجت بخەرە سەر یەک بوار: هەموو تواناکانت کۆبکەرەوە لەسەر یەک کێشەی دەستنیشانکراو کە بازاڕی کوردستان پێویستی پێیەتی.

دەرئەنجام بپێوە، نەک زانیاری: لەبری ئەوەی بڵێیت (من مارکێتینگ دەزانم)، بڵێ (من دەتوانم فرۆشی کۆمپانیاکەت لە %۲۰ زیاد بکەم).

دەستپێکردنی بچووک: چاوەڕێی پڕۆژەی گەورە مەکە؛ لە پڕۆژەی بچووکەوە دەست پێبکە تا متمانەی بازاڕ بەدەستدەهێنیت.

 

زانیاری بەبێ جێبەجێکردن تەنیا بارگرانییەکی مێشکییە؛ سەرمایەی ڕاستەقینە لە کردار و چارەسەرکردنی کێشەکاندایە.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *