Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

ئەگەر فرۆشت دابەزی یەکەم شت دەبێت چی بپشکنیت؟ 

 

کاتێک مانگێک دێت و دەبینیت فرۆش دابەزیوە و داهاتت کەمترە لە چاو مانگەکانی پێشوو، یەکەم شت کە لە مێشکی زۆرینەی خاوەنکار و فرۆشیاراندا دروست دەبێت سترێسە. هەندێک دەستبەجێ دەكەونە داشکاندنی زۆر، هەندێک ڕیکلامەکەیان ڕادەگرن، و هەندێکیش دەڵێن: بازاڕ وێرانە!

بەڵام ئەگەر تۆ وەک فرۆشیارێکی لێهاتوو بیر بکەیتەوە، دابەزینی فرۆش نەخۆشی نییە، بەڵکو تەنها نیشانەیە. وەک چۆن دکتۆرەکان ناتوانن دەستبەجێ دەرمان بنووسن بێ ئەوەی هۆکاری سەرەکی ئازارەکەت بزانن، تۆش وەک خاوەنکار نابێت لە پەلەپەلیدا هەڵەی کوشندە بکەیت.

ئەی کاتێک فرۆش دابەزی، یەکەم شت چی دەبێت بپشکنیت؟ با بە ٥ هەنگاو دەستپێبکەین:

 

١. پشکنینی ژمارەی سەردانیکەران:

یەکەم شوێن کە دەبێت دەستبەجێ سەیری بکەیت، گۆڕانی ژمارەی کەسەکانە کە دێنە دوکانەکەت یان سەردانی پەیجەکەت دەکەن.
پرسیار: ئایا خەڵک کەمتر هاتوون، یان خەڵک دێن بەڵام ناکڕن؟
ئەگەر ژمارەی سەردانیکەران یان بینەرانی پەیجەکەت کەم بووەوە، واتە کێشەکە لە (ڕیکلام، ناوبانگ، یان ڕاکێشانی کڕیار)دا هەیە.
ئەگەر سەردانیکەر وەک خۆیەتی یان زیاتریشە، بەڵام کڕین کەم بووەوە، کەواتە کێشەکە لە توانای معامەلە و فرۆش، نرخ، یان پێشکەشکردنی کاڵاکەدایە. ئەم دابەشکارییە یارمەتیت دەدات کێشەکە لە یەکەم خولەکدا دەستنیشان بکەیت.

 

٢. پشکنینی گۆڕانکارییەکانی (بازاڕ و دەوروبەر):

هەندێک جار کێشەکە لە ناو خودی دوکان یان پەیجەکەتدا نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ژینگەی دەرەکییەوە هەیە.

بارودۆخی دارایی و کات: کاتێک مانگ نزیک دەبێتەوە لە کۆتاییەکەی، یان لە کاتی گۆڕانی وەرزەکاندا، یان لە کاتی قەیرانی مووچە یان پەککەوتنی بازاڕدا، سروشتییە کە کڕین کەم بکات.
هەڵسووکەوتی ڕکابەرەکان: سەیر بکە بزانە ئایا ڕکابەرەکانت کاڵای نوێیان هێناوە؟ داشکاندنی گەورەیان کردووە؟ یان شێوازی فرۆشتنیان گۆڕیوە و کڕیارەکانی تۆیان ڕاکێشاوە؟

 

٣. پشکنینی کوالێتی و بەردەوامیی:

هەندێکجار دابەزینی فرۆش دەگەڕێتەوە بۆ خاوی پڕۆسەی فرۆشتنەکە.

وەڵامدانەوەی خاو یان سارد: سەیر نامەکانی پەیجەکەت بکە؛ ئایا کارمەندەکانت بە کاتی گونجاو و بە گەرموگوڕی وەڵامی کڕیار دەدەنەوە؟
هەندێک کات فرۆشەکان تەنها لەبەر ئەوە لەدەست دەچن کە کەسێک نامەی ناردووە و کاتژمێرێکە وەڵامی نەدراوەتەوە!
نەبوونی بەرهەم یان کاڵای داواکراو: پشکنین بکە بزانە ئایا ئەو کاڵایانەی زۆرترین خواستیان لەسەر بووە، لە مەخزەندا نەماون؟
هەندێک خاوەنکار ئاگاداری ئەوە نین کە کاڵای سەرەکییان لێ تەواو بووە و کڕیار بە ناچاری چۆتە شوێنێکی تر.

 

 

٤. پشکنینی (متمانە و ناوبانگی براندەکەت):

لای ئێمە ناوبانگ یەکێکە لە خێراترین هۆکارەکان بۆ بەرزکردنەوە یان ڕووخانی فرۆش.
ئایا لەم دواییانەدا کڕیارێکی ناڕازی هەبووە کە کێشەکەی بە خراپی بۆ چارەسەر کرابێت؟
گلەی و کێشەی کڕیارەکان بە کەم سەیرکرابێت؟
یەک حاڵەتی کڕیاری ناڕازی یان نەگونجانی کاڵا، دەتوانێت دەیان کڕیاری داهاتوو لە دوکانەکەت دوور بخاتەوە. زوو سەیری گلەیی و فیدباکی کڕیارەکان بکە.

 

 

٥.کاتی سیستەمە:

کاتێک فرۆش دابەزی، ئەم هەنگاوە خێرایانە بنێ:
١.ژمارەکان بەراورد بکە: مانگی پێشوو چۆن بوو؟ چ بەشێک لە فرۆشەکە دابەزیوە، کاڵایەکی دیاریکراو یان هەموو شتێک؟
٢.کۆبوونەوەی ستاف: لەگەڵ تیمەکەت دانیشە و بە بێ تۆمەتبارکردن بپرسە: ئێوە هەست بە چی دەکەن کە کڕیار دودڵ دەکات لە کڕین؟
٣.ڕاستکردنەوە، نەک خراپکردنی: ئەگەر کێشەکە لە وەڵامدانەوەیە چاکی بکە، ئەگەر لە کاڵایە نوێکاری بکە، تاکو هێمنانە سیستەمەکەت ڕێکبخەیتەوە.

 

ئەنجام

دابەزینی فرۆش کۆتایی دنیا نییە، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەوەی سەیری لیستی کارەکەت بکەیت.
فرۆشیاری زیرەک هەرگیز لە دابەزین ناترسێت، بەڵکو وەک پزیشکێک پشکنینی خێرا دەکات، هۆکارەکە دەدۆزێتەوە، و بە سیستەمێکی ڕوون جارێکی تر مەکینەی بزنسەکەی گەرم دەکاتەوە.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *