ئایا پێویستە واز لە بوارەکەم بهێنم, تا داهاتم زیادبکات؟

یەکێک لە قورسترین بڕیارەکانی ژیانی پیشەیی ئەوەیە کە بیر لە جێهێشتنی بوارێک بکەیتەوە کە ساڵانێک کارت تێدا کردووە، تەنانەت لەگەڵ هەبوونی پێشنیاریی بوارێکی دیکە بە مووچەیەکی باشتر. بڕیاری واز ‌هێنان لە بوارەکەمان بڕیارێکی ئاوا ئاسان نییە و تەنها پەیوەست نییە بە پارەوە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حەزت لە چییە، و مانای ژیان لای تۆ چی دەگەیەنێت، یان تۆ لە بازاڕدا بە چ پیشەیەک ناسراویت؟

کاتێک بڕیار دەدەیت کە بوارەکەت بگۆڕیت پێویستە ڕووبەڕووی ئەم ٢ ڕاستییە ببیتەوە:
١. لەدەستدانی ئەزموون:

ساڵانێکی زۆرت لە تەمەنت خەرجت کردووە بۆ دروستکردنی شارەزاییەک لە بوارەکەی خۆتدا، کە تا بتوانیت بەسەر کێشەکانی بازاڕ و ڕکابەرەکانتدا سەربکەویت. گۆڕینی بوار واتا دووبارە دەست پێکردنەوە لە خاڵی سفر بەبێ هیچ ئەزموون و شارەزاییەک. دووبارە پێویستە چەندین ساڵی دیکە لە تەمەنت خەرج بکەیت تا بتوانیت شارەزای بۆ بوارە نوێییەکە دروست بکەیت، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا تەمەنی مرۆڤ بەشی دروست کردنی ئەزموون ناکات لە چەند بوارێکدا.

٢. کاریگەری دەروونی:

زۆر کەس هەستی نیگەرانیان بۆ دروست دەبێت لەگەڵ گۆڕینی بوارەکەیاندا، و ترسی شکستخواردن ڕوویان تێدەکات هەندێک جار کاریگەی گەورەی لەسەریان دەبێت، بەوەی ڕووبەڕووی قەلەقییەکی زۆر دەبنەوە. یان تەنانەت خۆیان تاوانبار دەکەن کە بیریان لە جێهێشتنی بوارەکەیان کردۆتەوە بۆ بەدەست هێنانی داهاتی زیاتر بەڵام بەو شێوەیە نەبووە کە بیریان لێکردۆتەوە.

کاتێک بیر لە گۆڕینی بوارەکەمان دەکەینەوە، ٤ هۆکار هەیە کە پێویستە لەبەر چاویان بگرین:
١. ئامانجی داراییی:

ئامانجی دارای بریتییە لەو شتانەی بۆ ژیانکردن پێویستمانە، کە ئەوانیش دابەشدەبن بەسەر ٢ جۆر: ١. ئامانجی کورتخایەن  ٢. ئامانجی درێژخایەن.

١. ئامانجی کورتخایەن: ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ماوەیەکی نزیک پیویستمانن. وەک: ئەو بڕە پارەیەی کە ڕۆژانە خەرجیان دەکەین یان کڕینی شتێکی گرنگ.

٢. ئامانجی درێژخایەن: ئەم جۆرەیان ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی دووردا پیویستمان دەبێت. وەک: کڕینی خانووەیەک، دروستکردنی سنوقێکی ئاسایش بۆ کاتی خانەنشینی، کۆکردنەوەی پارە بۆ خوێندنی منداڵەکانمان، یان وەبەرهێنان لە داهاتوودا.

٢. ئارامی دەروونی:

  پارە گرنگە، بەڵام کارکردن لە بوارێک کە حەزت پێی نییە یان بەهایەکی نییە لات، دەتوانێت زیانی هەبێت بۆ تەندروستی دەروونیت، هەرچەندە مووچەکەی باش بێت لە ڕووی دەروونییەوە ئاسودە و دڵخۆش نەبین کارێک نییە شایەنی ئەوە بێت تەندروستی دەروونی خۆمانی لەسەر دابنێین.

٣. داهاتووی بوارەکەی هەڵیدەبژێرین:  

ئەگەر بە وریاییەوە بوارەکەت هەڵنەبژێریت، ئەگەر هەیە پێش ئەوەی دەست پێ بکەیت، شکست بهێنیت. پێویستە لێکۆڵینەوە بکەیت لەسەر دۆخی بوارەکەی ئێستات و ئەو بوارەی دەتەوێت دەستبەکار بیت تێیدا. ئایا داهاتووییەکی دڵنیاکەرەوەیان هەیە؟ ئایا تا چەند خەڵکی پێویستیان بەم بوارە هەیە؟
هەروەها خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە ئەویش ئەوەیە پێویستە بوارەکەمان دڵنیایمان بۆ دابین بکات بۆ داهاتوو یان بوارەکە دەرفەتی گەشەی زیاترمان پێ بدات.

پێش بڕیاردان بۆ گۆڕینی بواری ئێستات، ئەم ٢ پرسیارە لە خۆت بکە:

١. ئایا ڕقم لە بوارەکەمە یان تەنها لە ئەرکەکەی خۆم بێزارم؟

هەندێک جار گۆڕینی شوێنی کار یان پلەکەمان دەتوانێت چارەسەر بێت بەبێ گۆڕینی تەواوی بوارەکە.

٢. ئایا توانام هەیە هەردوو کارەکە بەیەکەوە بەڕێوەببەم؟

ڕەنگە بتوانیت هاوسەنگییەک بدۆزیتەوە لە نێوان ئەو کارەی حەز لێیەتی و پێداویستیت بۆ بەدەست هێنانی داهاتێکی شایستە.

تا ئێستا گۆڕینی بوارمان وەک شتێکی باش و بە سوود باس نەکردووە، بەڵام دەکرێت بیرۆکەیەکی دروست بێت لە هەندێک حاڵەتدا. کەی دەکرێت گۆڕینی بوار بیرۆکەیەکی دروست بێت؟

گۆڕینی بوار دەتوانێت بڕیارێکی دروست بێت ئەگەر بوارەکەی ئێستات داهاتوویەکی سنوورداری هەبێت، ئەگەر توانا و حەزێکی زۆرت هەبێت بۆ بوارێکی دیکە، یان ئەگەر دۆخی تەندروستی یان خێزانیت پێویستی بەوە هەبێت. بەڵام پێویستە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای زانیاری تەواو و لێکدانەوەی ڕاستەقینەی توانا و ئامانجەکانت بێت.

لە کۆتاییدا:

سەرکەوتنی ڕاستەقینە تەنها بە ژمارەی پارە پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە ڕێژەی بەهاداری کارەکەت دەپێورێت، ئەگەر بوارێکی دروست هەڵببژێریت هەلی گەشەکردنی زیاترت پێدەدات، و یارمەتیت دەدات ژیانێکی بەهادار بژیت. هەر لەبەر ئەوەیە پێویستە ئەو بوارەی هەڵیدەبژێرین لەگەڵ ویستی خۆمان و پێویستی بازاڕدا بێت.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *