ئەم پرسیارە یەکێکە لە پڕکێشەترین و هەستیارترین بابەتەکان لە جیهانی بازرگانیدا. زۆر کەس بەهۆی “شەریکایەتی هەڵە” بزنسە سەرکەوتووەکانیان لەدەست داوە، لە بەرامبەریشدا گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان (وەک ئەپڵ و گووگڵ) بە شەریکایەتی دەستیان پێکردووە.
هاوبەشیکردن لە بزنسدا وەک هاوسەرگیری وایە؛ ئەگەر کەسێکی گونجاو هەڵبژێریت ژیانت ئاسان و سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنەکەت هەڵە بێت، نەک هەر بزنسەکە، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش تێکدەچێت.
لەم مەقالەیەدا ٤ لایەن باسدەکەین کە هاوکارت دەبێت بڕیار بدەیت و بزانیت کە ئایا بۆ تۆ گونجاوە یاخود نا:
١. کەی شەریکایەتی بکەم:
شەریکایەتی لایەنی باش و لایەنی خراپیشی هەیە، لە خوارەوە بە ٣ خاڵ لایەنە باشەکان ڕوون دەکەینەوە کە لە شەریکایەتیدا سودت پێدەگەیەنێت و هاوکارت دەبێت:
١. دابەشکردنی تێچوو و مەترسی: کاتێک سەرمایەی تەواوت نییە، شەریکایەتی یارمەتیدەرت دەبێت بۆ دابینکردنی پارە و دابەشکردنی ئەو زەرەرە داراییانەی کە ئەگەری هەیە ڕوو بدەن.
٢. تەواوکردنی لێهاتوویی: ڕەنگە تۆ لە “فرۆشتن”دا باش بیت، بەڵام لە “ژمێریاری”دا لاواز بیت. شەریکێکی باش ئەو کەسەیە کە خاڵە لاوازەکانی تۆ پڕ دەکاتەوە و لە ژمێریاریدا هاوکارت دەبێت. مەرج نییە هەموو جارێک تاکە هۆکار بۆ ئەنجامدانی شەریکایەتی پارەبێت، دەکرێت خاڵێکی لاوازی تۆ بێت یاخود خزمەتگوزارییەک بێت کە تۆ ناتوانین و بۆت دەست نایات کە دابینی بکەیت.
٣. پاڵپشتی دەروونی: بەڕێوەبردنی بزنس کارێکی ئاسان نییە و پڕە لە فشار. هەبوونی کەسێک کە لەگەڵت بێت لە کاتی بڕیارە قورسەکاندا، وزەیەکی گەورەت پێ دەبەخشێت و لە ڕاڕای و دوودڵی دوورت دەخاتەوە بە مەرجێک هەردوکتان هەمان ئامانجتان هەبێت و هەدوکتان بتانەوێت داهاتووی بزنسەکە بە ئاڕاستەیەک بڕوات.
٢. کەی شەریکایەتی نەکەم:
لە پێشتردا باسمان لە سودەکانی شەریکایەتی کرد و باسمان کرد کە کەی شەریکایەتی بکەین. ئێستا باس لە ٣ زیانی شەریکایەتی دەکەین کە ئەگەر لەبەرچاوی نەگریت بە ڕووخان و لەناوچوونی بزنسەکەت کۆتایدێت:
١. ململانێ لەسەر بڕیار: زۆرجار شەریکەکان لەسەر شێوازی کارکردن یان خەرجکردنی پارە ڕێکناکەون، ئەمەش دەبێتە هۆی سستبوون و وەستانی کارەکان.
لە شەریکایەتیدا پێویستە یاسایەکمان هەبێت کە هەردوو شەریکەکە لەسەری ڕازیبن و جیاوازی نەبێت لە بڕیارەکانیاندا، یاخود بەشی هەریەک لە شەریکەکان بەشێکی تایبەتیان هەبێت کە بەرپسر بن لە بڕیارەکانی ئەو بەشە و دەست تێوەردان نەکەن لە کاری شەریکێکی دیکە.
نموونە: “تۆ بزنسێکی دابینکردنی ئامێری کارەبایت هەیە، ئەو بەشەی شەریکەکەت لێی بەرپست کردووە بریتییە لە: ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ. (هەر بڕیارێک پەیوەندی بە ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ هەبێت شەریکەکەت دەتوانێت ڕایخۆی بڵێت و دەست تێوەردان بکات. بەڵام کاتێک پێویست بە بڕیاردان دەکات لەسەر هەر کەلوپەلێکی دیکە کە ئامێری کارەبای ناوماڵ نین، مافی ڕادەبڕینی نییە).
٢. دابەشبوونی قازانج: بێگومان لایەنی دەرونیش بوونی هەیە و پێوستە بیری لێبکەینەوە نموونە:
ئەگەر بزنسەکە زۆر سەرکەوتوو بێت، ڕەنگە هەست بکەیت کە تۆ ماندووتربوویت بەڵام نیوەی قازانجەکە بۆ کەسێکی ترە. ڕاستە کە نیوەی قازانج کەسە کە نیوەی قازانج کەسێکی دیکە دەیبات، بەڵام ئەگەر ئەو کەسەیتر نەهاتایەتە ناو بزنسەکەوە، بزنسەکە نەئەگەشتە ئەم ئاستە.
٣. بەرپرسیارێتی یاسایی: ئەگەر شەریکەکەت هەڵەیەکی گەورە یان فێڵێکی یاسایی بکات، تۆش بەپێی یاسا بەرپرسیاریت و ناوت دەزڕێت.
٣. یاساکانی شەریکایەتی سەرکەوتوو:
ئەگەر بڕیارت دا شەریکایەتی بکەیت، هەرگیز ئەم ٣ خاڵە پشتگوێ مەخە:
١. نوسینی گرێبەستی فەرمی: لە بزنسدا قسەکردن بەس نییە و کار ناکات. هەموو وردەکارییەک (کێ چەند پارە داغڵی ناو بزنسەکە دەکات، کێ چی دەکات و ئەرکی چییە، و چۆن قازانج و زەرەر دابەشدەکرێت) دەبێت لای پارێزەر بنوسرێت.
٢. دابەشکردنی ئەرکەکان: نابێت هەردووکتان یەک کار بکەن. دەبێت دیار بێت کێ بەرپرسی “بازاڕ”ە و کێ بەرپرسی “کارگێڕی”یە.
٣. هاوڕێیەتی مەکە بە پێوەر: ئەوەی کە کەسێک هاوڕێی نزیکتە یان خزمتە، مانای ئەوە نییە شەریکێکی باش دەبێت. لە بزنسدا بەدوای “لێهاتوویی”دا بگە نەک “نزیکی و خزمایەتی”.
٤. کەی بە تەنها کار بکەم باشترە:
هەبوونی شەریکێک هەندێکجار باشە و هەندێکجار باش نییە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا بە تەنها دەستبەکارببم یاخود لەگەڵ شەریکێکدا، خوێنەری ئەم ٣ خاڵەی خوارەوە ببە و بڕیاربدە لەسەر ئەوەی دەتەوێت بە چ ڕێگایەک کاربکەیت:
١. ئەگەر سەرمایەی تەواوت هەیە بۆ دەستپێکردن، پێویست ناکات شەریکایەتی بکەیت.
٢. ئەگەر کەسایەتییت وایە کە حەزت بە کۆنترۆڵی تەواوە و ناتوانیت لەگەڵ کەسانی تردا ڕێبکەویت، باشترە تەنها خۆت کارەکانت بکەیت و شەریکایەتی نەکەیت، چونکە دواتر بە تێکشکانی بزنسەکە و نەمانی پەیوەندییە هاوڕێیەتییەکەت کۆتایدێت.
٣. ئەگەر بیرۆکەکەت زۆر تایبەتە و تێگەیشتن لێی بۆ کەسانی تر قورسە، هەوڵبدە خۆت کارەکان بکەیت، ڕاستە کاتی زۆرترت پێویست دەبێت بەڵام پڕۆسەکە وەک ئەوە دەچێتە پێشەوە کە دەتەوێت.
کۆتایی:
شەریکایەتی دەتوانێت بزنسەکەت ١٠ هێندە گەورەتر بکات، بەو مەرجەی شەریکەکەت “تەواوکەرت“ بێت نەک “کۆپی“ خۆت. پێش ئەوەی واژۆ بکەیت، لە خۆت بپرسە: ئایا من ئەم کەسەم پێویستە بۆ پارەکەی، یان بۆ ژیری و لێهاتووییەکەی؟