کێ بزنس دروست بکات؟
بیرۆکەی دەستپێکردنی بزنسی تایبەت بە خۆت، ڕەنگە لە مێشکی گەنجێکی ١٨ ساڵانەوە تا کەسێکی ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵان بوونی هەبێت. ڕۆژانە گوێمان لە دەستەواژەی (دروستکردنی بزنس) دەبێت. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە:
ئایا بزنس بۆ هەموو کەسێک دەستدەدات؟ کێ پێویستە ئەم هەنگاوە بنێت؟
راستییەکەی، دروستکردنی بزنس تەنها پێویستی بە سەرمایە یان پارە نییە، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی و ئامادەیی دەروونی هەیە.
ئەگەر ئەم ٥ خاڵانەی خوارەوەت تێدایە، ئەوا تۆ کەسێکی گونجاویت بۆ ئەوەی بزنسی خۆت دەستپێبکەیت:
١. ئەوانەی کێشەیەک دەبینن و چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە:
بزنس لە بنەڕەتدا واتە (دۆزینەوەی چارەسەر). ئەگەر لە دەوروبەری خۆت یان لە بازاڕدا، هەتا لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا کێشەیەک دەبینیت و دەتوانیت بە پێشکەشکردنی کالا یان خزمەتگوزارییەک ئەو کێشەیە چارەسەر بکەیت، ئەوا تۆ یەکەم هەنگاوی بزنست بڕیوە.
٢. ئەوانەی ئامادەن بەرپرسیارێتی و مەترسی هەڵبگرن:
خاوەندارێتی بزنس وەک کارکردن نییە لە دامەزراوەیەکی حکومی یان کۆمپانیایەک کە لە کۆتایی مانگدا مووچەیەکی خۆت وەربگریت و تەواو. بزنس هەوراز و نشێوی تێدایە؛ هەندێک مانگ قازانجێکی باش دەکەیت و هەندێک مانگیش ڕووبەڕووی زەرەر دەبیتەوە.
ئەگەر ئامادەیت ڕووبەڕووی ئەم نەزانراوانە ببیتەوە و ئارام بگریت، دەتوانیت دەستپێبکەیت.
٣. ئەوانەی خولیای فێربوونی بەردەوامیان هەیە:
بازاڕبە خێرای لە گۆڕاندایە. ئەوەی دوێنێ سەركەوتوو بوو، ڕەنگە ئەمڕۆ بەسەرچوو بێت. ئەو کەسەی بزنس دروست دەکات، پێویستە بەردەوام لەسەر:
- بازاڕ.
- تەکنەلۆجیا.
- ڕێکلامکردن.
- ڕەفتاری کڕیارەکان فێربێت.
کەواتە بزانە بزنس بۆ کەسانێکە کە لە فێربوون ناوەستن.
٤. ئەوانەی شارەزایی یان بەهرەیەکی دیاریکراویان هەیە:
ئەگەر لە بوارێکدا شارەزایت (بۆ نموونە: گەشەپێدانی وێب، دروومان، چێشتلێنان، ڕێنماییکردنی دارایی، یان کاری دەستی)، دەتوانیت ئەو بەهرەیەی هەتبێت بیگۆڕیت بۆ بزنسێک کە داهاتت بۆ دەستەبەر بکات.
٥. ئەوانەی لێهاتوویی پەیوەندیکردنیان بەهێزە:
بزنس بەبێ کڕیار بوونی نییە. ئەگەر دەتوانیت بە باشی گوێ لە خەڵک بگریت، لە ویستەکانیان بگەیت، و بە شێوازێکی بڕواپێکەر مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا چانسی سەرکەوتنت لە بازاڕدا زۆر بەرزە.
قسەی کۆتایی ئەوەیە:
دروستکردنی بزنس تەمەن ناناسێت؛ گەنجێک لە سەرەتای تەمەنیدا دەتوانێت بە بیرۆکەی نوێ و وزەیەکی زۆرەوە دەستپێبکات، کەسێکی بەتەمەنیش دەتوانێت پاڵپشت بە ئەزموونی دوورودرێژی ژیانی بزنسێکی سەركەوتوو بینا بکات.
گرنگ ئەوەیە پێش دەستپێکردن، لە خۆت بپرسیت: (ئایا من ئامادەم ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببمەوە؟) ئەگەر وەڵامەکەت بەڵێ یە، ئەوا کاتی ئەوە هاتوو خۆت تاقی بکەیتەوە.