کڕیار چی لە تۆی فرۆشیار دەوێت؟
زۆربەی فرۆشیار و خاوەنکارەکان وا دەزانن کڕیار تەنها بەدوای (کوالێتی باش و نرخی هەرزان)دا دەگەڕێت. بەڵام ڕاستییە زانستییەکەی پشت بازاڕ زۆر لەوە قووڵترە. کڕیار لە کاتی کڕیندا، پێش ئەوەی بە مێشک و لۆژیک بڕیار بدات، بە هەست و عاتیفە بڕیار دەدات.
ئەگەر بمانەوێت هەموو ویستەکانی کڕیار لە یەک هاوکێشەی سادەدا کۆبکەینەوە، کڕیار لە پرۆسەی فرۆشتندا تەنها دوو شتی سەرەکی لە تۆی فرۆشیار دەوێت: (نزیکبوونەوە لە هەستی باش و دوورکەوتنەوە لە هەستی خراپ و سەرئێشە).
با پێکەوە شی بکەینەوە چۆن ئەم دوو خاڵە لە بازاڕی کوردستاندا جێبەجێ دەکەیت:
١. نزیکبوونەوە لە هەستی باش (ئاسوودەیی):
مرۆڤەکان تەنها بۆ خودی بەرهەمەکە پارە نادەن، بەڵکو بۆ ئەو (هەستە باشە) پارە دەدەن کە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە پێیان دەبەخشێت. کاتێک کڕیار دێتە لای تۆ، دەیەوێت هەست بە ڕێز، گرنگیپێدان هەروەها دڵنیایی بکات.
چۆن ئەم هەستەی پێدەبەخشیت؟
کاتێک لە دایرێکت یان بە ڕووبەڕوو بە زمانێکی زۆر شیرین و بەخێرهاتنێکی گەرم پێشوازی لێدەکەیت. کاتێک تەنها هاوار ناکەیت (ئەمە بکڕە)، بەڵکو لێی دەپرسیت: بۆ چ بۆنەیەک پێویستتە تا جوانترینیانت بۆ دیاری بکەم؟
بۆ نموونە کاتێک کەسێک عەترێک دەکڕێت، ئەو تەنها بۆ ئاو و کحولەکەی ناو شووشەکە پارە نادات؛ بەڵکو بۆ ئەو (متمانە بەخۆبوون و سەرنجڕاکێشییە) پارە دەدات کە لە کاتی چوونە ناو کۆڕ و مەجلیسێکدا پێی دەبەخشێت. ئەگەر بتوانیت ئەم هەستە باشەی پێشان بدەیت، کڕینەکە یەکلایی دەبێتەوە.
٢. دوورکەوتنەوە لە هەستی خراپ و سەرئێشە (ئارامیی مێشک):
سەرسەخترین دوژمنی فرۆشتن بریتییە لە: (دوودڵی، ترسی فێڵ لێکردن هەروەها سەرئێشەی کاتی مامەڵە).
کڕیار بە سروشتی خۆی دەترسێت پارەکەی بەفیڕۆ بڕوات یان شتێکی خراپی پێ بفرۆشرێت. گەورەترین کاری تۆ وەک فرۆشیارێکی زیرەک ئەوەیە، سەرئێشە لە مێشکی کڕیاردا نەهێڵیت.
چۆن سەرئێشەی لێ دوور دەخەیتەوە؟
- ڕوونی لە نرخ و زانیاری: کاتێک نرخەکە لە کۆمێنت یان پۆستەکەدا بە ڕوونی دەنووسیت، ڕێگری دەکەیت لەو سەرئێشەیەی کە کڕیار ناچار بێت بۆ زانینی نرخێکی سادە دە نامەت بۆ بنێرێت.
- گەورەترین ترسی کڕیار بکوژە: لە کڕینی ئۆنلایندا، کڕیار دەترسێت وێنەکە لەگەڵ ڕاستیدا جیاواز بێت. کاتێک تۆ دەڵێیت: (پێش پارەدان دەتوانیت کاڵاکە تێست بکەیت و ئەگەر بە دڵت نەبوو تەنها پارەی گەیاندنەکە بدە)، تۆ بەمە تەواوی سەرئێشە و ترسی کڕیارەکەت نەهێشتووە.
- مامەڵەی دوای فرۆشتن: ئەگەر کێشەیەک لە بەرهەمەکەدا هەبوو و کڕیار پەیوەندی پێوە کردیت، بە سنگێکی فراوانەوە وەڵامی بدەرەوە و بۆی چارەسەر بکە. ئەم دڵنیاییە وای لێدەکات چیتر لە کڕین لای تۆ نەترسێت.
تێبینی: هەندێک کات فرۆشیار هەوڵی باش دەدات کە هەستێکی باش بۆ کڕیار دروست بکات بەڵام بە هۆی ناشارەزایی لە گفتوگۆدا، هەوڵەکانی پوچەڵ دەکاتەوە هەروەها هەستێکی خراپ بۆ کڕیار دروست دەکات. با بە نموونەیەکی ڕاستەقینە زیاتر بابەتەکەت بۆ ڕوون بکەمەوە.
هاوڕێیەکی کارسازی شادمان وتی:
بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو من هەر لە دووکانێک جانتام دەکڕی چونکە ئەو دووکانە کوالتی جانتاکانی زۆر باش بوو. جگە لە خۆم خوشکەکانیشم بە هۆی منەوە سەردانی ئەو دووکانەیان دەکرد، لەم ڕۆژانە بۆ كڕینی جانتایەکی نوێ سەردانی دووکانەکەم کرد. کە ئەمە پێنجەم جانتام بوو بە نرخێکی بەرز لێی بکڕم، لە کاتی گفتوگۆدا داوامکرد هەندێک داشکاندم بۆ بکات بەڵام
وتی: ببەخشن باوەڕ بکە حەزدەکەم داشکاندن بکەم بەڵام زۆرم لەسەرت حساب نەکردووە. دووکاندارەکە وتبووی ئەگەر لە بازاڕ بەو نرخە هەبوو گلەییم لێبکە.
هاوڕێکەی ئێمەش وتبووی: باشە جانتاکەم دەوێت وە ئەوانیش زۆر بە جوانی بۆیان پێچابووە وە پاکێجینێکی زۆر باشیان بۆ کردبوو کە بۆ خەڵکی بە پارە دەیکەن بەڵام بۆ ئەم بە هەدیە کردبوویان.
بەشە هەڵەکە لێرەدایە!!
لە کاتی گفتوگۆ هاوڕێکەمان وتبووی: ئێستا هەر داشکاندن ناکەن؟
وتبوویان: ببەخشە ناتوانین زۆر داشکاندن بکەین.
هاوڕێکەشمان بە پێکەنینەوە وتبووی: خۆ هەموو کەس وەک من ئەوەندە نادات بە جانتا.
فرۆشیارەکەش وتبووی: خۆ تۆ تاکە مشتەریم نیت، قابیلە دوکانێکی گەورە لەبەر تۆ بکەمەوە؟
هاوڕێکەمان لە دڵی خۆی وتبووی باشە خۆ قسەکەی ڕاستە بەڵام چۆن ئاوا بە ڕەقی وا بە من دەڵێت
دەبوو وەک کارسازی شادمان بڵێت: ڕاست دەفەرموون ئێمە هەمووکەس كڕیارمان نییە و پێمان باشیش نییە هەمووکەس كڕیارمان بێت. کڕیاری ئێمە کەسانی تایبەتی وەک ئێوەن.
بەڵام بەداخەوە فرۆشیارەکە وای نەوتبوو، ڕەنکە فرۆشیارەکەش هەر بە ڕاستی مەبەستی ئەوە نەبوبێت کە بەو جۆرە قسە بکات بەڵام دەربڕینەکەی زۆر نەگونجاو بووە.
هاوڕێکەمان وتی: ئەگەر چی زۆر ڕێزیان لێگرتووم و پاکێجینی جوانیشیان کرد بۆم بەڵام ئەوەی زیاتر لە خەیاڵمە وەڵامی ڕەقی فرۆشیارەکەبوو وەک لە پاکێجین و ڕێزەکەشیان.
ئەمەش بۆمان دەردەخات: هونەری گفتوگۆی فرۆشیار زۆر کات دەتوانێت هەستێکی باش یان خراپ بە کڕیار بدات.
ئەگەر فرۆشیارەکە بیوتایە: بەڵێ ڕاست دەفەرموون ئێمە هەمووکەس کڕیارمان نییە و کەسانی تایبەت کە بەدوای شتی تایبەتەوەن کڕیارمانە، ئەوا هەستێکی زۆر باشی بۆ هاوڕیکەی ئێمە دروست دەکرد.
کورتەی بابەتەکە:
کڕیار پێویستی بە جادووگەر نییە، پێویستی بە هاوڕێیەکی ڕاستگۆیە کە ڕێنوێنی بکات. ئەگەر بتوانیت لە پرۆسەی فرۆشتنەکەتدا (هەستی باش و دڵنیایی) پێشکەش بکەیت، و هەموو (ترس و سەرئێشەیەکی کڕین) لە کۆڵ بکەیتەوە، دڵنیابە نەک هەر لێت دەکڕێت، بەڵکو دەبێتە گەورەترین مەکینەی ڕیکلامی خۆڕایی بۆ بزنسەکەت و هاوڕێکانیشی دەهێنێتە لای تۆ.