کاریگەریی نامە و کۆمێنت لەسەر فرۆش لە سۆشیاڵ میدیا
زۆربەی خاوەن پەیج و بزنسەکان لە کوردستان تەواوی وزە و پارەی خۆیان لەسەر دیزاینی جوان و ڕیکلامی گرانبەها خەرج دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەپرسن: (بۆچی فرۆشمان نییە؟)
وەڵامەکە زۆر سادەیە: چونکە کڕیار لە ڕیکلامەکەوە دێت، بەڵام لەناو (کۆمێنت و ”دایرێکت” نامە) بڕیاری کڕین دەدات.
لە دنیای سۆشیاڵ میدیای ئەمڕۆدا، نامە و کۆمێنت تەنها شوێنی وەڵامدانەوە نین، بەڵکو چەکی فرۆشتنن ئەگەر بزانیت چۆن بەکاریان بهێنیت.
٣ خاڵی گرنگ لەم وتاردا باس دەکەین تا بتوانیت فرۆشت دروست بکەیت:
١. کۆمێنت: پەنجەرەی متمانەی کڕیارەکانت
کاتێک بەکارهێنەرێکی سۆشیاڵ میدیا پۆستێکی تۆ دەبینێت، پێش ئەوەی نامە بنێرێت، یەکەم کاری ئەوەیە سەیری کۆمێنتەکان دەکات.
- وەڵامدانەوەی خێرا و پیشەیی: نیشانەی ئەوەیە تۆ بزنسێکی جدی و بەڕێزیت هەیە.
- پشتگوێخستنی کۆمێنت: گەورەترین هەڵەیە. کاتێک پرسیار دەکرێت و تۆش وەڵامی نادەیتەوە، دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی دەیان کڕیار. دەڵێن:
(ئەو وەڵامی ئەم کەسانەی نەداتەوە دیارە وەڵامی منیش ناداتەوە).
٢. نامە (دایرێکت): ئەو شوێنەی مامەڵەکەی تێدا دادەخرێت
ئەگەر کڕیار هاتە ناو نامەی پەیجەکەتەوە، واتا ٥٠٪ی ڕێگاکەی بڕیوە و ئامادەیە پارە بدات. لێرەدا شێوازی قسەکردنی تۆ بڕیار دەدات کە ئایا کڕیارەکە دەست بەتاڵ دەڕوات یان دەبێتە مشتەری هەمیشەیی.
- زمانێکی گەرم و کوردییەکی ڕەوان: کڕیاری کورد حەزی بە وەڵامی وشک و ئۆتۆماتیکی (وەک بۆتەکان) نییە. پێویستە وەک مرۆڤێکی ڕاستەقینە، بە زمانێکی شیرین و ڕێزەوە پێشوازی لێ بکەیت.
- چارەسەرکردنی کێشە، نەک تەنها فرۆشتن: کاتێک کڕیار نامە دەنووسێت، پێویستی بە ڕاوێژ هەیە. ئەگەر تەنها نرخەکەی پێ بڵێیت و بێدەنگ بیت، فرۆشتنەکە لەدەست دەدەیت. پێویستە پرسیاری لێ بکەیت، هاوکاری بیت لە هەڵبژاردندا و کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەیت.
٣. خێرایی لە وەڵامدانەوەدا (یاسای پێنج خولەک):
بازاڕی ئێستای کوردستان زۆر خێرایە. ئەگەر کڕیار نامەیەک یان کۆمێنتێکی نوسی و تۆ دوای سێ کاتژمێر وەڵامت دایەوە، دڵنیابە لەو ماوەیەدا چووەتە لای ڕکابەرەکەت و کاڵاکەی کڕیوە. خێرایی لە وەڵامدانەوەدا ڕاستەوخۆ ڕێژەی فرۆشتنت چەند هێندە دەکات.
نموونەیەکی زیندوو لەسەر خێراوەڵامدانەوە کە فرۆش دروست دەکات:
هاوڕییەک وتی: جارێک پێویستم بە مێزێک بووە لە ماڵەوە تا کارەکانی ڕۆژانەمی لەسەر ئەنجام بدەم. هەندێک لە سۆشیاڵ میدیا گەڕام، مێزێکم چاوپێکەوت کە گونجاو دیار بوو بۆم، نامەم بۆ پەیجەکەیان نارد وە خێرا بە نامەی دەنگی و بە ڕوویەکی خۆشەوە وەڵامیان دامەوە. زانیاری مێزەکەیان پێدام لە (بەرزی، پانی، درێژی). منیش خێرا داوام کرد وە ڕێک بۆ بەیانییەکەی بەدەستم گەشت.
کاتێک بەدەستم گەشت ئەوە نەبوو لە مێشکم دامنابوو بەڵکو بچووکتربوو بەڵام کەسەکە ڕاستگۆبوو وە هەمان قیاس بوو کە ئەو وتبووی. لەو کاتەوە چەندان جار کە کەسێک هاتبێتە ماڵمان و پرسیاری ئەو مێزەیان لێکردبێتم، وە من وتبێتم بە وەندە کڕیوومە ڕاستەوخۆ وتویانە: زۆرگرانە و زۆریان لەسەرت حساب کردووە.
هەرچەندە ڕاست دەکەن ئەو مێزە هەر کەمتر دەژی بەڵام باوەڕبکە (لە خێرا وەڵامدانەوەیان، ڕووی خۆشیان هەروەها خێرا گەیاندنیان) هەموو کات دەڵیم من هەڵنەخەڵەتاوم.
ئەم نموونە پێمان دەڵێت کە مامەڵە باشەکەمان لەگەڵ کڕیار نەک هەر فرۆش دروست دەکات بەڵکو بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێشک و دڵیان دەمانهێڵێتەوە.
کورتەی قسە:
سۆشیاڵ میدیا تەنها تابلۆیەکی ڕیکلامی وەستاو نییە، بەڵکو بازاڕێکی زیندووە. ئەو بزنسەی دەتوانێت نامە و کۆمێنتەکان بکاتە گفتوگۆیەکی گەرم و ڕاستگۆیانە لەگەڵ خەڵکدا، هەمیشە پڕفرۆشترین و سەرکەوتووترین دەبێت لە بازاڕی کوردستاندا.