Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

کاتێک کڕیار دەڵێت گرانە چی بکەین؟

 

یەکێک لەو ڕستانەی کە ڕۆژانە زۆربەی فرۆشیاران بێزار دەکات و هەندێک جاریش تووڕەیان دەکات، ئەو کاتەیە کە نرخ بە کڕیار دەڵێیت و ئەویش یەکسەر دەڵێت: وەڵا گرانە!

فرۆشیاران لەم کاتەدا تووشی کێشە دەبن؛ یان دەست دەکەن بە مشتومڕ و پاساوهێنانەوە، یان بێزار دەبن و دەڵێن: کاکی خۆم بازاڕ وایە و نرخەکە هەر ئەوەیە! دۆلار بەرزبووەتەوە.

 بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە؛ کاتێک کڕیار دەڵێت گرانە، ئەوە کۆتایی معامەلەکە نییە، بەڵکو سەرەتای دەرکەوتنی هونەری فرۆشیارە.

 

لەم وتارەدا بە ٣ خاڵ پێت دەڵێن چۆن بە شێوازێکی هێمن و زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەیت و قەناعەت بە کڕیار بهێنیت:

 

١.هێمن بە و بە ڕێزەوە بپرسە: بۆچی پێت وایە گرانە؟

یەکەم کاردانەوەت دەبێت هێمنانە بێت. لە بری ئەوەی بەرگری لە نرخەکەت بکەیت، پرسیارێکی نەرم و بەڕێزانەی لێ بکە و بڵێ: کاک باوەڕ گیان(ناوی کڕیار) بۆچی پێت وایە گرانە؟ یان خاتوو شادی گیان بەراورد بە چی پێت وایە نرخەکەی زۆرە؟

ئەم پرسیارە سادەیە دەرگای مێشکی کڕیار دەکاتەوە و وا دەکات هۆکاری ڕاستەقینەی پشت قسەکەیت بۆ ئاشکرا بکات.

ئەگەر کڕیارەکە وتی: پارە نییە و مووچەمان وەرنەگرتووە، زۆرە بۆم ئەم نرخە. لەم کاتە کڕیارەکە پارەی کەمی پێیە.

ئەگەر کڕیارەکە وتی: نازانم هەر پێم وایە زۆرە بۆ ئەم کاڵایە. لەم کاتە کڕیارەکە بەهای کاڵاکەت تێنەگەشتووە.

 

 

٢. جیاوازی بکە لە نێوان (نەبوونی پارە) و (نەزانینی بەها):

کاتێک گوێت لێ گرت، تێدەگەیت کە کێشەکەی کڕیار یەکێکە لەم دوو هۆکارە، و هەریەکەشیان چارەسەری تایبەتی خۆی هەیە:

حاڵەتی یەکەم: بەڕاستی پارەی پێ نییە (کێشەی بودجە)

ئەگەر بۆت دەرکەوت کە کڕیارەکە حەزی لە کاڵاکەیە، بەڵام لەو کاتەدا بڕە پارەکەی بە تەواوی پێ نییە، لێرەدا زیرەکی تۆ دەردەکەوێت. دەتوانیت ئاسانکاری بۆ بکەیت؛ بۆ نموونە پێی بڵێیت:

ئەگەر کێشەکەت تەنها پارەکەیە، من دەتوانم بۆت بکەم بە قیست یان داشکاندنێکی تایبەتت بۆ دەکەم تا بتوانیت بیبەیت. بەم شێوەیە کڕینەکە لە دەست نادەیت.

تێبینی: قیست لە کاتێکدا ئەگەر بزنسەکەت بە جۆرێکە دەتوانن قیست بدەن.

  

حاڵەتی دووەم: پارەی پێیە، بەڵام هێشتا بەهای کاڵاکەی لا ڕوون نییە

زۆر جار کڕیار پارەکەی لە گیرفاندایە، بەڵام نازانێت بۆچی دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات بەم کاڵایە!

 لێرەدا نابێت نرخ داببەزێنیت، بەڵکو دەبێت (بەها و سوودی کاڵاکەی) بۆ ڕوون بکەیتەوە. پێی بڵێ ئەم کاڵایە چ جیاوازییەکی لەگەڵ جۆرە هەرزانەکانی بازاڕدا هەیە، چەند تەمەن دەکات، و چ کێشەیەکی بۆ چارەسەر دەکات.

 

 

٣.بەها لە مێشکی کڕیاردا بچێنە:

لە کاتی گفتوگۆدا بە زمانێکی شیرین ئەو ڕاستییە بێنە بیری کڕیار کە (پارە تەنها کاغەزێکە و ئەو کاتە بەها پەیدا دەکات کە دەزانین بیدەین بە چی).

چەندین جار پارەمان لە شتی هەرزان و بێکەڵکدا خەرج کردووە و دوای ماوەیەکی کەم تێکچووە و نەمانزانیوە پارەکەمان داوە بە چی! کاتێک کڕیار هەست دەکات کە بە کڕینی کاڵاکەی تۆ، شتێکی بەنرخ و درێژخایەن بەدەست دەهێنێت، ئیتر لای ئەو نرخەکە گران نابێت، بەڵکو دەبێتە دەستکەوت.

 

 

دەرئەنجام

هونەری فرۆشیار لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە کڕیار دەڵێت گرانە.

 بە هێمنی و ڕێزەوە لێی بپرسە تا هۆکارەکە بزانیت؛ ئەگەر پارەی پێ نەبوو، بە قیست یان داشکاندن هاوکاری بکە، و ئەگەر بەهای کاڵاکەی نەدەزانی، سوود و کوالێتییەکەی بۆ ڕوون بکەرەوە. کاتێک کڕیار بەهای کاڵاکەی بۆ دەرکەوت، بە دڵخۆشییەوە پارەکەی دەدات.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *