Karsazy ShadmanKarsazy Shadman

چۆن پێشنیار بدەینە کڕیار؟

پێشنیاردان بە کڕیار پێویستی بە شارەزایی و متمانەبەخۆبوون هەیە. لەم وتارەدا دەزانیت چۆن بە پرسیاری دروست و قسەکردنی قەتعی، هەموو قەلەقییەکی کڕیار بڕەوێنیتەوە و فرۆشەکەت سەربخەیت.

  • KarsazyShadman
  • 2 خولەک خوێندنەوە
  • 2 خوێنەر
چۆن پێشنیار بدەینە کڕیار؟
ناوەڕۆکی ئەم مەقالەیە5
  1. با بزانین چۆن بە چەند هەنگاوێکی ورد و پیشەیی پێشنیار بدەینە کڕیار تا کڕینەکەی بکات:
  2. ١. سەرەتا پرسیاری باش و گونجاوی لێ بکە:
  3. ٢. بە دڵنیایی و قەتعی پێشنیارەکەت بخەرە ڕوو:
  4. ٣. شارەزایی و پسپۆڕی؛ سەرچاوەی دەنگی پڕ متمانە:
  5. دەرئەنجام

زۆرێک لە فرۆشیاران کاتێک کڕیارێک دێتە لایان، بە شێوەیەکی سارد و دوودڵییەوە دەڵێن: (ئەمانەمان هەیە، کامەیانت بەدڵە سەیری بکە) یان دەڵێن: (ڕاستی هەموویان باشن، خۆت کامەت دەوێت هەڵیبژێرە!).

 ئەم شێوازە وا دەکات کڕیار تووشی دڵەڕاوکێ ببێت و بێ کڕین بڕوات. لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: (چۆن پێشنیار بدەینە کڕیار) بە شێوەیەک کە قەلەقیی نەمێنێت و بڕیاری کڕین بدات؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە؛ کڕیار کاتێک دێتە لای تۆ، بەدوای (ڕاوێژکار و پسپۆڕێکدا) دەگەڕێت کە ڕێگە ڕاستەکەی نیشان بدات، نەک کەسێک کە تەنها کاڵاکانی بەسەردا بڕێژێت.

با بزانین چۆن بە چەند هەنگاوێکی ورد و پیشەیی پێشنیار بدەینە کڕیار تا کڕینەکەی بکات:

١. سەرەتا پرسیاری باش و گونجاوی لێ بکە:

پێش ئەوەی هیچ پێشنیارێک بخەیتە ڕوو، دەبێت بزانیت کڕیارەکە بەڕاستی چیی دەوێت و کێشەکەی چییە. پرسیاری زیرەکانە و گونجاو کلیلی تێگەیشتنە لە کڕیار؛ بۆ نموونە لێی بپرسە:

  • ئەم کاڵایە بۆ چ مەبەستێک و چ کاتێک بەکاردەهێنیت؟
  • زیاتر گرنگی بە کام تایبەتمەندی دەدەیت؟

کاتێک بەم شێوەیە پرسیار دەکەیت، کڕیار هەست دەکات تۆ بەڕاستی خەمی ئەوەتە باشترین شتی دەست بکەوێت، نەک تەنها بتەوێت شتێکی پێ بفرۆشیت.

٢. بە دڵنیایی و قەتعی پێشنیارەکەت بخەرە ڕوو:

ئەمە گرنگترین خاڵە؛ کاتێک وەڵامی پرسیارەکانت وەرگرت، ئیتر کاتی بڕیاردانە. نابێت بە دوودڵییەوە بڵێیت:

  • ڕەنگە ئەمە باش بێت.
  • ئەمە تاقی بکەرەوە.
  • ئەمە و ئەمەشمان هەیە بزانە کامە باشە بۆت.

بەڵکو دەبێت زۆر بە دڵنیایی و قەتعی پێشنیاری بۆ بکەیت و بڵێیت:

بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەی کە بەڕێزتان باستان کرد، ئەم کاڵایە ڕێک بۆ ئێوە دروست کراوە و باشترین هەڵبژاردەیە. دڵنیابن ئەمە ببەن هیچ قەلەقییەکتان نەبێت و بە تەواوی لێی ڕازی دەبن.

کاتێک تۆ بەم زمانە یەکلاکەرەوەیە قسە دەکەیت، هەموو ترس و دڵەڕاوکێی ناو مێشکی کڕیار دەڕەوێتەوە و بڕیارەکەی زۆر بە ئاسانی دەدات.

٣. شارەزایی و پسپۆڕی؛ سەرچاوەی دەنگی پڕ متمانە:

ڕەنگە بپرسیت: چۆن دەتوانم ئەو دەنگە قەتعی و پڕ متمانەیەم هەبێت؟

 وەڵامەکە زۆر سادەیە: لە ڕێگەی شارەزایی و پسپۆڕی لە بوارەکەی خۆتدا.

ئەگەر تۆ وردەکاریی کاڵاکانت نەزانیت، نەزانیت جیاوازی نێوان مۆدێلەکان چییە و کامەیان بۆ کێ گونجاوە، هەرگیز ناتوانیت بە متمانەوە قسە بکەیت و کڕیارەکەش یەکسەر هەست بە لاوازیی زانیارییەکانت دەکات. بۆیە هەمیشە خۆت لە بوارەکەتدا پڕ زانیاری بکە تا قسەکانت وەک پزیشکێکی پسپۆڕ کاریگەر بن.

دەرئەنجام

بۆ ئەوەی بزانیت چۆن پێشنیار بدەیتە کڕیار، دەبێت لە فرۆشیارێکی ئاساییەوە ببیتە پسپۆڕێکی متمانەپێکراو.

بە پرسیارکردنی گونجاو پێداویستییەکەی بزانە، بە شارەزایی خۆت باشترینی بۆ هەڵبژێرە، و بە دەنگێکی پڕ لە دڵنیایی و قەتعی پێشنیارەکەی پێ بدە تا هیچ دوودڵییەکی نەمێنێت و بە دڵخۆشییەوە کڕینەکە ئەنجام بدات.

نوسین: تیمی کارسازی شادمان 

ئەم مەقالەیە بۆ هاوڕێکانت بنێرە
تێلیگرام واتساپ
نووسەر KarsazyShadman

دامەزرێنەری کارسازی شادمان و نووسەری کتێبەکانی پڕۆژەی شادمانی.

مەقالەی پەیوەندیدار

هەموو مەقالەکان ←

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *