چۆن پرسیاری گرنگ لە کڕیارەکانمان بکەین؟
لە جیهانی فرۆشدا، فرۆشیاری لێهاتوو ئەو کەسە نییە کە زۆرترین قسە دەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە (باشترین پرسیار ئاڕاستە دەکات). کاتێک تۆ ڕاستەوخۆ دەڵێیت:
(ئەم بەرهەمەت پێویستە)، کڕیار بەرگری دەروونی دروست دەکات. بەڵام کاتێک پرسیارەکانت دەگۆڕیت، وا لە کڕیار دەکەیت خۆی بیر بکاتەوە، کێشەکانی بێنێتە زمان و لە کۆتاییدا خۆی بەو دەرئەنجامە بگات کە پێویستی بە بەرهەمەکەی تۆیە.
لەم وتارەدا باسی ٤ شێوازی کلیلێکی دەکەین کە کڕیار پێویستییەکانی خۆی پێ ئاشکرا دەکات:
١. گۆڕینی پرسیاری داخراو بۆ پرسیاری کراوە:
پرسیاری داخراو ئەو پرسیارانەن کە وەڵامەکەیان تەنها (بەڵێ یان نەخێر)ە و گفتوگۆکە دەکوژن. پرسیاری کراوە وا لە کڕیار دەکات ڕوون کردنەوە بدات.
شێوازی کۆن (داخراو): ئایا کێشەت لەگەڵ سیستەمی کۆنەکەتدا هەیە؟
(کڕیار دەڵێت: نەخێر، یان بەڵێ و بێدەنگ دەبێت).
شێوازی نوێ (کراوە): بۆچوونت چییە لەسەر سیستەمی ئێستاتان، و زیاتر حەز دەکەیت چ گۆڕانکارییەکی تێدا بکەیت؟
(لێرەدا کڕیار ناچارە باسی خاڵە لاوازەکان و پێویستییەکانی بکات).
٢. بەکارهێنانی پرسیاری کاریگەری:
کڕیار زۆرجار کێشەیەکی هەیە بەڵام پێی وانییە هێندە گەورە بێت کە پارەی تێدا خەرج بکات. تۆ دەبێت پرسیارێک بکەیت کە قەبارەی ڕاستەقینەی کێشەکەی نیشان بدات.
شێوازی کۆن: ئایا دواکەوتنی گەیاندنی کاڵاکان بێزارت دەکات؟
شێوازی نوێ: کاتێک کاڵایەک بە هۆکاری جیاواز ناگاتە دەستی کڕیارەکانت، ئەمە چۆن کاریگەری دەکاتە سەر ناوبانگی بزنسەکەت و ڕێژەی فرۆشتنت؟
(لێرەدا کڕیار هەست بە مەترسی کێشەکە دەکات و خۆی دەڵێت: بەڵێ، زیانی زۆرم پێدەگەیەنێت).
٣. پرسیارکردن لەسەر دۆخی نموونەیی:
وا لە کڕیار بکە وێنای دواڕۆژ بکات، کاتێک کە کێشەکەی چارەسەر بووە. ئەمە وای لێدەکات خۆی بڵێت کە چی دەوێت.
شێوازی کۆن: ئایا دەتەوێت خێراتر کارەکانت ڕاپەڕێنیت؟
شێوازی نوێ: ئەگەر تەکنەلۆژیایەک هەبێت کە نیوەی کاتی کارکردنی ڕۆژانەت بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەو کاتە زیادەیەت بۆ چ پڕۆژەیەکی تر بەکاردەهێنیت؟
(کڕیار لێرەدا پێویستی خۆی بۆ کاتی زیادە و گەشەکردنی بزنسەکەی دەردەبڕێت).
٤. تەکنیکی زیاترم پێ بڵێ…:
کاتێک کڕیار وەڵامێکی کورت دەداتەوە، خێرا دەست مەبە بۆ پێشنیارکردنی بەرهەمەکەت. بە پرسیارێکی تر قووڵتر بڕۆ و پێویستییەکە بدۆزەرەوە.
کڕیار دەڵێت: سیستەمەکەی ئێستامان کەمێک خاوە.
پرسیاری تۆ: کەمێک خاوە؟ دەتوانیت نموونەیەکم پێ بڵێیت کە چۆن ئەم خاوبوونەوەیە کار دەکاتە سەر ستافی فرۆشتنتان لە کاتی لۆددا؟
نموونەیەکی بەراوردکاری بۆ بازاڕی کوردستان:
تۆ دەتەوێت (بەرنامەیەکی حیساباتی) بە خاوەن سوپەرمارکێتێک بفرۆشیت:
ڕێگا کۆنەکە (کە کڕیار دەڵێت پێویستم نییە):
کاکە گیان بەرنامەیەکی حیساباتمان هەیە، زۆر بەهێزە و چاودێری کۆگا دەکات، ئایا پێویستت پێیەتی؟
(وەڵامی کڕیار):
- نەخێر برا، من بە دەفتەر کارەکانم دەکەم و زۆر باشم.
ڕێگا نوێیەکە (کە کڕیار خۆی پێویستییەکە دەردەخات):
کاک محەمەد، لە کۆتایی مانگدا کە دەتەوێت بزانیت کام جۆری کاڵا کەمیکردووە یان قازانجی ڕاستەقینەت چەند بووە، چەند کاتت لێ دەبات؟ و چۆن دڵنیا دەبیتەوە کە هیچ هەڵەیەک لە حساباتەکەدا نییە؟
(وەڵامی کڕیار):
- وەڵا کاکە دوو سێ شەو خەوم لێ دەزڕێت و سەرم لێ تێکدەچێت، زۆرجاریش گومانم هەیە کە حیسابەکان ڕاست بن.
دەرئەنجام:
لە ڕێگای دووەمدا، تۆ نەتگوت بەرنامەکەم باشە، بەڵکو بە پرسیارێکی دروست وات کرد کڕیارەکە خۆی دان بەوەدا بنێت کە:
- کێشەی کات
- ماندووبوون
- نادڵنیایی حیساباتی
هەیە. ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێیت:
ئەی ئەگەر ڕێگایەک هەبێت تەنها بە یەک کلیک ئەو سێ ڕۆژە ماندووبوونەت بۆ بکاتە ٥ خولەک؟