چۆن متمانەم بە خۆم هەبێت وەک فرۆشیارێک؟

چۆن متمانەم بە خۆم هەبێت وەک فرۆشیارێک؟

 

خەڵک پێیان وایە کە فرۆشیاری سەرکەوتوو بە بەهرەوە لەدایکبووە. بەڵام دەزانیت کە فرۆشتن بەهرە نییە، بەڵکو (زانست، مەشق، و سیستەمە).

سەرکەوتن لە فرۆشدا بە ڕێگەی (هەنگاوی بچووک، سیستەمسازی، تێگەیشتن لە مێشک و ڕەفتاری کڕیار)، و لەناوبردنی ترس لە ڕەتکردنەوە بەدەست دێت، نەک قسەی زل و دروشمی بێکردار.

کاتێک دەچیتە ناو دنیای فرۆشەوە، یەکەم شت کە تووشت دەبێت (ترسە):

  • ترس لەوەی کڕیار بڵێت نەخێر.
  • ترس لەوەی بەراوردت بکەن بە کەسانی تر.
  • ترس لە نەزانینی وەڵامی پرسیارەکان.

 

ئەگەر دەتەوێت وەک فرۆشیارێکی پیشەگەر متمانەیەکی پۆڵایین لە خۆتدا دروست بکەیت، ئەم ڕێنماییە کرداریانە پەیڕەو بکە:

 

١. لابردنی ترس لە ڕەتکردنەوە:

لە کارکردندا، یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان ئەوەیە کە کاتێک کڕیارێک دەڵێت (نەخێر)، ئێمە بە بابەتێکی کەسی (شەخسی) وەری دەگرین و پێمان وایە کەسایەتیی ئێمەی ڕەتکردەوە.

 

بیرکردنەوەی نوێ: کاتێک کڕیار دەڵێت نەخێر، تەنها بەو مانایەیە کە لەم ساتەدا پێویستی بەو کاڵایە نییە، یان هێشتا نەگەیشتوویە ئەو قەناعەتەی کە کڕینەکە بکات.

هەر (نەخێر)ێک کە دەبیستیت، وەک زانیارییەک یان تاقیکردنەوەیەک سەیر بکە بۆ ئەوەی بزانیت بۆ جاری داهاتوو چۆن دەتوانیت ئۆفەرەکەت باشتر بکەیت. فرۆشیاری بڕوا بەخۆبوو لە نەخێر ناترسێت، بەڵکو بە دوای بەڵێ یەکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت.

 

 

٢. زانیاری وردەکاری؛ دەرمانە بۆ نەزانی و ترس:

متمانە بەخۆبوونی ڕاستەقینە لە هەواوە دروست نابێت؛ بنچینەکەی (زانیاری و شارەزاییە). ئەگەر تۆ دەترسیت لەوەی کڕیار پرسیارێکت لێ بکات و وەڵامت نەبێت، واتە هێشتا کاڵاکەی خۆتت بە تەواوی نەناسیوە.

 

پێش ئەوەی قسە بۆ کڕیار بکەیت، دەبێت ببیتە شارەزایەک لە ئەو شتەی دەیدەیت بە کڕیار.

جیاوازیی نێوان (تایبەتمەندی) و (سوود) بکە؛ کڕیار سەیری تایبەتمەندی ناکات، بەڵکو دەیەودێت بزانێت ئەم کاڵایە کام کێشەی ئەو چارەسەر دەکات. کاتێک زانیاریت تەواو بوو، ترسی ناو دڵت خۆی بە خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە دڵنیایی.

 

تێبینی:

بۆ ئەوەی بزانین تایبەتمەندی و سوود جیاوازی چییە با بەم نموونەیە بۆتی ڕوونبکەینەوە: خانوویەکت هەیە بۆ فرۆش و خانوەکەت کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە، یەکێک لەوانە بیری تێدایە. لێرەدا ئەم تایبەتمەندییە دەکەینە سوود و بە کڕیار دەڵین ئیتر نەجاتت دەبێت لەوەی لە ماڵە دراوسێ ئاو ڕابکێشیت یان بەیانیان زوو هەستی بۆ ئاوگرتن.

 

 

٣. تێگەیشتن لە مێشکی کڕیار:

مێشکی مرۆڤ (بەتایبەت لە بازاڕی عاتفی و کۆمەڵایەتیی کوردەواریدا) بەدوای دوو شتدا دەگەڕێت: کەمکردنەوەی زیان و زیادکردنی قازانج/ئاسانکاری.

کاتێک مامەڵە لەگەڵ کڕیارێک دەکەیت، پێویست ناکات پڕۆسەیەکی زۆر قورس ئەنجام بدەیت. تەنها ئەوە ڕوون بکەرەوە کە ئەم کاڵایە چۆن ژیانی ئاسانتر دەکات یان چەندە بەهای بەرزە.

بە زمانێکی سادە، بێ گرێکۆڵە و دوور لە درۆ قسە بکە. مێشکی کڕیار زوو درۆ و پێداهەڵدانی بێسنوور دەناسێتەوە؛ ڕاستگۆیی خێراترین پردە بۆ دروستکردنی متمانە.

 

 

٤. هەنگاوی بچووک بچووک (مەشق لەسەر شێوازی قسەکردن):

هیچ کەسێک لە یەکەم ڕۆژدا نەبووەتە فرۆشیارێکی لێهاتوو. فێربوونی فرۆشتن وەک وەرزشکردنە، پێویستی بە دووبارەکردنەوە هەیە.

 

ڕۆژانە کاتێک تەرخان بکە بۆ ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی پێشکەشکردنی کاڵاکەت و پێشنیارکردنی بۆ کڕیار. دەتوانیت لەبەردەم ئاوێنەدا قسە بکەیت یان دەنگی خۆت تۆمار بکەیت و گوێی لێ بگریتەوە بۆ ئەوەی خاڵە لاوازەکانی زمانی جەستەت و تۆنی دەنگت چاک بکەیت.

زمانی جەستەت (سەیرکردنی چاوی کڕیار لە سنوری خۆیدا، ڕێکوەستان، و زەردەخەنەی سروشتی) نیوەی پەیامەکە دەگەیەنێت پێش ئەوەی تۆ دەست بە قسەکردن بکەیت.

 

 

٥. سیستەمسازی لە فرۆشدا:

فرۆشی سەرکەوتوو بەخت نییە، بەڵکو ڕێچکەیەکی هەنگاو بە هەنگاوە:

١.ڕاکێشانی سەرنج: چۆن سەرنجی کڕیار ڕابکێشیت لە چرکەی یەکەمدا.

٢.دروستکردنی حەز: چۆن کڕیار تێبگەینین کە پێویستی بەو خزمەتگوزارییە هەیە.

٣.لابردنی گومانەکان: وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کڕیار بە دروستی.

٤.پاڵپشتی دوای فرۆش: کاتێک كڕیار دەزانێت ئەگەر کاڵاکە کێشەی هەبێت لە ئایندە بۆی چاک دەکەیت، ئاسانتر کڕینەکە دەکات.

کاتێک تۆ بۆ خۆت پەیڕەوی ئەم سیستەمە دەکەیت، مێشکت ئارام دەبێت و دەزانیت لە هەر قۆناغێکدا دەبێت چ هەنگاوێک بنێیت.

 

ئەنجام

متمانە بەخۆبوون وەک ماسولکە وایە؛ سەرەتادا لاوازە، بەڵام بە دووبارەکردنەوە، فێربوونی بەردەوام و تێڕامان لە هەڵەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و بەهێزتر دەبێت.

 کڕیار پێش کاڵاکە، متمانە لە چاو و دەنگی تۆدا دەخوێنێتەوە. پسپۆڕانە بجووڵێوە، ڕاستگۆ بە، و هەمیشە وەک فێرخوازێک بمێنەوە.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *