چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کڕیارانە بکەین کە بەردەوام نرخەکان بەراورد دەکەن؟

لە بازاڕی ئەمڕۆدا، بەراوردکردنی نرخەکان بووەتە بەشێکی سروشتی لە پرۆسەی کڕین. بە تایبەتی لەگەڵ بوونی ئینتەرنێت و ئەپڵیکەیشنە جۆراوجۆرەکان، کڕیاران دەتوانن بە ئاسانی نرخەکان لە چەندین شوێنێکدا بەراورد بکەن. ئەم ڕەفتارە لەوانەیە وەک ئاڵەنگارییەک دەربکەوێت، بەڵام دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ فرۆشیارانی زیرەک.
لەم مەقالەیەدا ٤ لە جۆرەکانی کڕیارانی بەراوردکار باس دەکەین:
پێش هەر شتێک، پێویستە جۆری کڕیارەکە بناسین:
١. کڕیاری وردبین: ئەم جۆرە کڕیارە بە ڕاستی بەدوای باشترین بەهادا دەگەڕێت و ئامادەیە کات تەرخان بکات بۆ دۆزینەوەی.
٢. ئەو کڕیارەی بەرهەمەکەی دەوێت و بڕیاری داوە کە بیکڕێت: ئەم کەسە لەوانەیە بڕیاری کڕینی دابێت بەڵام بەراوردکردنی نرخەکان بەکار دەهێنێت وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان.
٣. کڕیاری دوودڵ: ئەم کەسە هێشتا دڵنیا نییە چی بکڕێت و لەوانەیە نرخ تەنها بەشێک بێت لە نیگەرانییەکانی.
٤. کڕیاری پیشەیی: ئەمانە بازرگانن یان کڕیارانی قەبارە گەورەن کە بەراوردکردنی نرخەکان بەشێکە لە ستراتیژی کاریان.

٦ ستراتیژ باس دەکەین بۆ سەرکەوتن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کڕیارانە:
یەکەم: گۆڕینی گفتوگۆ لە نرخەوە بۆ بەها: گرنگترین ستراتیژ ئەوەیە کە سەرنجی کڕیار بگوێزیتەوە لە نرخی کاڵاکە بۆ بەهای کۆی گشتی:
نموونە: “تێدەگەم کە نرخ بۆ ئێوە گرنگە. بەڵام با باسێک لەوە بۆ بکەم کە چی بەدەست دەهێنیت بەم نرخە: گەرەنتی ٣ ساڵ، خزمەتگوزاری دوای فرۆشتن، ڕاهێنانی بەخۆڕایی، و هاوکاری تەکنیکی ٢٤ کاتژمێر.”

دووەم: پیشاندانی جیاوازی: ڕوونی بکەرەوە کە بۆچی بەرهەمەکەت جیاوازە لە ڕکابەرەکانت وە بۆچی لای تۆ بیکرن:

  • کوالێتی: ئەگەر بەرهەمەکەت لە کوالێتی بەرزتردا بێت، نموونە و بەڵگەی ئەوە پێشکەش بکە.
  • خزمەتگوزاری: تایبەتمەندییە زیادەکان کە پێشکەش دەکەیت باسیان بکە وەک گەیاندنی خێرا، دامەزراندنی بەخۆڕایی، یان ڕاوێژکاری تایبەت.
  • ئەزموون و پسپۆڕی: ساڵانی ئەزموونت و زانیارییەکانت لەو بوارەدا بەها زیاد دەکات.

سێیەم: شیکردنەوەی کۆی تێچوون: یارمەتی کڕیارەکە بدە تێگەیشتنی قووڵتر هەبێت لە تێچووی ڕاستەقینە:

نموونە: “با پێکەوە حیسابی بکەین. ئەگەر بەرهەمێکی هەرزانتر بکڕیت کە تەمەنی ٢ ساڵی هەیە لەجیاتی بەرهەمەکەی ئێمە کە ٥ ساڵ لەگەڵتان دەمێنێتەوە، لە کۆتاییدا تۆ زیاتر خەرجی دەکەیت.”
چوارەم: پێشکەشکردنی بژاردەکان: لەجیاتی وەڵامدانەوەی نەرێنی بۆ داواکاری داشکاندنی نرخ، بژاردەکانی جۆراوجۆر پێشکەش بکە

: نموونە: “دەتوانم نرخەکە کەم نەکەمەوە، بەڵام دەتوانم ئۆفەرێکت باشترت پێ بدەم کە تێیدا ئەم تایبەتمەندییانە زیاد دەکرێن بە هەمان نرخ.”
پێنجەم: بەکارهێنانی بەڵگە و شایەتی: کاریگەرترین ڕێگە بۆ بەرگریکردن لە نرخەکەت، پیشاندانی ئەنجامەکانە:

ئەنجامەکانیش پێکدێن لە ٣ بەش:

  • ڕەخنەی کڕیاران: شایەتی کڕیارانی پێشوو کە ڕازین لە بەرهەمەکە بەسەرەخۆشییەوە.
  • ئامارەکان: ڕێژەی ڕەزامەندی کڕیاران، ڕێژەی گەڕانەوەی کاڵا، یان ئامارەکانی دیکە کە بەهای بەرهەمەکەت دەسەلمێنن.
  • خەڵاتەکان: ئەگەر بەرهەمەکەت خەڵاتی وەرگرتبێت یان پەسەندکراوی ڕێکخراوێکی پسپۆڕ بێت.

شەشەم: دروستکردنی پەیوەندی: مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکەت بکە وەک هاوبەشێک نەک دوژمنێک:

نموونە: “تێدەگەم کە دەتەوێت باشترین بەها وەربگریت، ئەمەش مافی ئێوەیە. با پێکەوە ببینین چۆن دەتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە کە بۆ هەردووکمان گونجاو بێت.”
لە خوارەوەدا ٣ خاڵ باس دەکەین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ نرخی ڕکابەرەکاندا بکەین:
کاتێک کڕیارەکە نرخێکی کەمتری لە شوێنێکی تر دەستکەوتووە دەتوانین بەم ٣ خاڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین:
یەکەم: بەڵگەکە بپشکنە: بە ئارامی داوای وردەکاری بکە لەبارەی ڕکابەرەکانی دیکە کە نرخیان هەرزانتر بووە:
“ئایا دەتوانم بزانم ئەو نرخە چی لەخۆ گرتووە؟ هەمان تایبەتمەندییەکانە؟”
دووەم: جیاوازییەکان ڕوون بکەرەوە: زۆر جار نرخی کەمتر واتای خزمەتگوزاری کەمترە یان تایبەتمەندی کەمترە:

نموونە: “نرخەکەیان بەڕاستی باشە، بەڵام بزانە کە گەرەنتییان تەنها ١ ساڵە لە کاتێکدا ئێمە ٣ ساڵ پێشکەش دەکەین.”
سێیەم: ئاماژە بە خاڵە شاراوەکان بکە: هەندێک جار نرخی کەم تێچووی شاراوەی هەیە: نمونە: “ئاگاداربە لە تێچووی گەیاندن، بەستن، و پارچە یەدەگەکان. ئەمانە ئەگەری هەیە نرخی کۆتایی زۆر جیاواز بکەن.”

٤ هەڵەی باو کە پێویستە ئاگاداری بین کاتێک مامەڵە لەگەڵ کڕیارێکی لەم شێوەیە دەکەین:
١. پاشەکشەکردنی خێرا: داشکاندنی نرخ بە خێرای کاتێک کەسەکە دەڵێت لە فڵان شوێن هەرزانترە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە و هەست دەکات خێرێکی زۆر گەورەت لێ وەرگرتووە.
٢. قسەی خراپ لەسەر کێبڕکێکاران: هەرگیز بە شێوەیەکی نەرێنی قسە لەسەر ڕکابەرەکانت مەکە.
٣. پشتگوێخستنی بەهاکەت: ئەگەر بەردەوام نرخەکەت دادەبەزێنیت، واتە خۆت باوەڕت بە بەهای بەرهەمەکەت نییە.
٤. ئامادە نەبوون بۆ ڕۆیشتنی کڕیارەکە: هەندێک جار باشترە فرۆشتنەکە لەدەست بدەیت لەوەی کە قازانجی کەمت هەبێت.
کۆتایی:

بەراوردکردنی نرخەکان بەشێکی سروشتی لە پرۆسەی کڕینە لە سەردەمی ئێستادا. لەجیاتی ئەوەی وەک ئاڵەنگارییەک سەیری بکەیت، وەک دەرفەتێک سەیری بکە بۆ پیشاندانی بەهای ڕاستەقینەی بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکەت. لەبیرت بێت کە کڕیارانی زیرەک تەنها بەدوای هەرزانترین نرخدا نین، بەڵکوو بەدوای باشترین بەهادا دەگەڕێن. ئەرکی تۆ ئەوەیە کە یارمەتییان بدەیت ئەو جیاوازییە ببینن.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *