چۆن مامەڵەبکەم لەگەڵ کڕیاری پێشبینی بەرز؟
لە بزنسدا کڕیار تەنیا ئەو کەسە نییە کە دێت و کاڵایەک دەکڕێت و دەڕوات؛ بەڵکو بازاڕەکە پڕە لە کەسایەتی جیاواز. یەکێک لە سەختترین ئەو جۆرە کڕیارانەی کە هەموو خاوەن کارێک لەگەڵیدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، (کڕیاری پێشبینی بەرز) یان ئەو جۆرە کەسانەن کە زۆر داواکاریان هەیە، هەمیشە وای نیشان دەدەن لە تۆ زیاتر دەزانن و لە سەرەوە سەیرت دەکەن.
دەستکەوتنی ڕەزامەندی ئەم جۆرە کەسانە ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر بە ڕێگەیەکی پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت، نەک هەر ناتوانن زیان بە بزنسەکەت بگەیەنن، بەڵکو دەکرێت ببنە ڕاستگۆترین کڕیارت.
کڕیاری پێشبینی بەرز و پڕداواکاری کێیە؟
ئەم جۆرە کڕیارانە زۆرجار بە هۆی ئەزموونی ڕابردوویان یان ئەو پارەیەی خەرجی دەکەن، هەست بە دەسەڵات دەکەن. ئەوان پێیان وایە شایستەی خزمەتگوزارییەکی تایبەتترن لە خەڵکی تر، بچووکترین هەڵەت بۆ ناپۆشن، و بەردەوام داوای زیاتر دەکەن بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی دەیدەن.
لەم وتارەدا بە ٥ خاڵ باسی دەکەین کە چۆن بێ ئەوەی بەهای بزنسەکەت کەمبکەیتەوە، مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت:
١.ئارامی و ئەتەکێت بپارێزە:
کاتێک کڕیارێک بە تۆنێکی بەرز یان بە خۆبەزلزانییەوە قسە دەکات، تەڵەکە لەوەدایە تۆش بە هەمان شێواز وەڵام بدەیتەوە. کۆنترۆڵی هەستەکانت بکە. یاسای زێڕینی بزنس دەڵێت: (هێمنی سەرکەوتن دەهێنێت).
٢.سنوورەکان لە سەرەتاوە بە ڕوونی دیاری بکە:
بەر لە دەستپێکردنی کار یان فرۆشتنی کاڵاکە (تەواوی مەرجەکان هەروەها کات و خزمەتگوزارییەکان) بە ڕوونی دەستنیشان بکە. کاتێک هەموو شتێک بە نووسراو یان بە ڕوونی بڕاوەتەوە، شوێنێک بۆ داواکاریی بێجێ و ناواقیعی نامێنێتەوە.
٣.هەمووکات قسەیان پێمەبڕە:
ڕێگەیان بدە تەواوی داواکاری و نیگەرانییەکانیان دەرببڕن. کاتێک هەست دەکەن گوێیان لێ گیراوە، ئەو توندوتیژی و خۆبەزلزانییە لە ڕەفتاریاندا کەمدەبێتەوە.
٤.تەرکیز بخەرە سەر کێشەکە، نەک سەر کەسایەتییەکە:
هەمیشە گفتوگۆکە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکە بکە، نەک وەڵامدانەوەی ڕەفتارە ناخۆشەکانیان. بە کورتی: کار بە بێدەنگی بکە و ڕێگە بدە کوالیتی قسە بكات.
٥.بە زمانێک قسە بکە کە تێیدا شارەزای بزنسەکەت دیار بیت:
وەڵامی پرسیارەکانیان بە زانیاری ورد و زانستی ببدەرەوە. کاتێک کڕیار هەست دەکات بەرامبەرەکەی لە بوارەکەدا پڕ زانیارییە و بە بەڵگەوە قسە دەکات، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناتوانێت لە سەرەوە سەیرت بکات.
ئەی کەواتە بۆ ئەم جۆرە کڕیارانە کەی بڵێیت نەخێر؟
پیشەییبوون بە مانای ئەوە نایەت هەموو داواکارییەکی ناواقیعی قبوڵ بکەیت. ئەگەر کڕیارێک سنووری ڕێزی بەزاند، یان داواکارییەکانی زیانی بە بزنسەکەت و کارمەندەکانت گەیاند، زۆر بە ڕێزەوە و بە زمانێکی ڕوون بڵێ: داوای لێبوردن دەکەین، ئەم خزمەتگوزارییە لە دەرەوەی توانا و پێوەرەکانی کارکردنی ئێمەیە.
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسانە تاقیکردنەوەیەکی بەهێزە بۆ سەبر و پیشەییبوونی بزنسەکەت.
ئەگەر توانیت بەم شێوازە کۆنترۆڵیان بکەیت، نەک هەر کڕیارەکە دەپارێزیت، بەڵکو ناووبانگی بزنسەکەشت وەک ناوەندێکی پڕۆفیشناڵ لە بازاڕدا بەرز دەکەیتەوە.