چۆن لە ڕێگەی تۆمارکردنی دەنگەوە کێشەکانی فرۆشتنت دەدۆزیتەوە؟
لە فرۆشی تەلەفۆنیدا، زۆرجار کاتێک پەیوەندییەک بێ ئەنجام کۆتایی دێت، فرۆشیارەکان خەتایەکە دەخەنە ملی کڕیارەکە:
- کڕیارەکە پارەی پێ نەبوو.
- مەزاجی خراپ بوو.
- کاتی نەبوو.
بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە زۆرجار کێشەکە لە (شێوازی پێشکەشکردن، تۆنی دەنگ، هەروەها شێوازی وەڵامدانەوەی ڕەخنەکانی کڕیارەکەدا بووە لەلایەن خودی فرۆشیارەکەوە).
کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و متمانەی کڕیار ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن، باشترین و خێراترین ڕێگا بۆ گەشەکردنی لێهاتووییەکانی فرۆشتنت بریتییە لە: تۆمارکردن و گوێگرتنەوە لە دەنگی خۆت لە کاتی فرۆشتندا.
ئەمە وەک ئەوە وایە ڕاهێنەرێکی تایبەتیت هەبێت، بەڵام ڕاهێنەرەکە خودی خۆتیت.
لەم وتارەدا باس لەوە دەکەین چۆن ئەم تەکنیکە سادەیە بەکاربهێنیت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی فرۆشت.
چۆن دەست پێبکەیت؟
پێش هەر شتێک، دڵنیابەرەوە لەوەی ئامرازێکی گونجاو بەکاردەهێنیت. ئەگەر لە ڕێگەی سیستەمی CRM یان هێڵی جێگیرەوە کار دەکەیت، زۆربەیان تایبەتمەندی تۆمارکردنیان تێدایە. ئەگەر مۆبایلی ئاسایی بەکاردەهێنیت، ئەپڵیکەیشنێکی باوەڕپێکراو دابەزێنە.
تێبینییەکی گرنگ بۆ بازاڕی کوردستان:
هەمیشە لە ڕووی پیشەیی و ئەخلاقییەوە جوانترە لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا بە ڕستەیەکی کورت ئاماژە بەوە بکەیت کە (ئەم پەیوەندییە بۆ مەبەستی کوالێتی تۆمار دەکرێت). ئەمە نەک هەر متمانە لای کڕیارەکە دروست دەکات، بەڵکو کێشەی یاساییشت بۆ دروست ناکات. هەروەها دەکرێت لە ناوە قسەکانت لە کاتی پەیوەندییەکە ئاماژە بەوە بکەیت کە تۆماری دەکەیت.
لە کاتی گوێگرتنەوە لە دەنگی خۆت، بەدوای چیدا بگەڕێیت؟
کاتێک لە کۆتایی ڕۆژەکەدا کاتژمێرێک دادەنێیت بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییەکانت، مەبەستت ئەوە نییە تەنها لە خۆت بێزار بیت، بەڵکو دەتەوێت وەک پزیشکێک دەست بخەیتە سەر برینەکە. بەدوای ئەم ٤ خاڵەدا بگەڕێ:
١. تۆنی دەنگ و وزەی قسەکردن:
کڕیار ناتوانێت ڕوخسارت ببینێت، بۆیە دەنگت تاکە ناسنامەی تۆیە.
١.ئایا کاتێک تەلەفۆنەکە دەچێتە وەڵامدانەوە، دەنگت ماندوو و بێزار دیارە یان پڕە لە وزە و ئەرێنیبوون؟
٢.ئایا زۆر خێرا قسە دەکەیت بەجۆرێک کڕیارەکە تێناگات؟ (کێشەیەکی باو لە کوردستاندا ئەوەیە فرۆشیار لە ترسی داخرانی تەلەفۆنەکە، زۆر خێرا قسە دەکات).
٢. ڕێژەی قسەکردن بەرامبەر بە گوێگرتن:
پەیوەندییەکی فرۆشتنی سەرکەوتوو دەبێت هاوسەنگ بێت. گوێ لە تۆماری دەنگەکەت بگرە:
ئایا تۆ ٨٠٪ی کاتەکە قسەت کردووە و کڕیارەکەت بێدەنگ کردووە؟ ئەگەر وایە، تۆ نەتفرۆشتووە، بەڵکو تەنها مێشکت سەرقاڵ کردووە. فرۆشیاری پرۆفیشناڵ ٨٠٪ گوێ دەگرێت وە ٢٠٪ قسە دەکات.
٣. چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەتکردنەوەکان:
کاتێک کڕیارەکە دەڵێت (نرختان گرانە یان پێویستم پێی نییە)، تۆ چۆن وەڵامت داوەتەوە؟
١.ئایا شڵەژاویت و دەنگت نزم بووەتەوە؟
٢. یان بە هێمنی و بە بەڵگەوە وەڵامت داوەتەوە؟
تۆمارکردنی دەنگەکە پێت دەڵێت لە کام شوێندا کۆنترۆڵی گفتوگۆکەت لەدەستداوە.
٤. وشە بێزارکەرەکان:
هەموومان لە کاتی قسەکردندا وشەی دووبارەمان هەیە وەک:
(ئێ، یانی، باشە، تێدەگەیت؟). کاتێک گوێ لە خۆت دەگریتەوە، دەبینیت ئەم وشانە چەندە لە بەهای قسەکانت کەمدەکەنەوە و زیاتر سەرنجت دەچێتە سەر کەمکردنەوەیان.
کەواتە چۆن کێشەکان چاک بکەیت؟
دۆزینەوەی کێشەکە تەنها نیوەی ڕێگاکەیە، نیوەکەی تری بریتییە لە کردار:
نووسینەوەی ڕستەی نوێ: ئەگەر بینیت لە خاڵێکدا کڕیارەکە پرسیارێکی کردووە و تۆ زمانت تەتەڵەی کردووە، ئەو پرسیارە بنووسەرەوە و لەسەر کاغەزێک وەڵامێکی گونجاوی بۆ دابنێ بۆ جاری داهاتوو.
سیمولەیشن (خۆڕاهێنان): بەرامبەر ئاوێنە یان لەگەڵ هاوکارێکی نزیکتدا، ئەو بەشەی کە تێیدا لاواز بوویت دووبارە بکەرەوە و دەنگی خۆت تۆمار بکەرەوە تا دەگەیتە ئەنجامێکی باشتر.
دەرەنجام
گەورەترین وەبەرهێنان کە لە خۆتتی بکەیت ئەوەیە بزانیت لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەدا چۆن دەردەکەویت.
ڕەنگە لە سەرەتادا گوێگرتن لە دەنگی خۆت کەمێک نامۆ یان ناخۆش بێت (کە ئەمە هەستێکی سروشتییە بۆ هەمووان)، بەڵام دوای یەک هەفتە لەم ڕاهێنانە، دەبینیت چۆن کۆنترۆڵت بەسەر پەیوەندییەکاندا چەند هێندە بووە و کێشە کۆنەکانت یەک لە دوای یەک بنبڕ دەبن.
ئایا ئامادەیت لەمڕۆوە یەکەم پەیوەندیت تۆمار بکەیت؟