چۆن قەناعەت بە کڕیار بکەم؟

چۆن قەناعەت بە کڕیار بکەم؟

 

دەزانیت جگە لە ڕکابەرە ڕاستەوخۆکانی خۆت دوو جۆر ڕکابەری تریشت هەیە؟

  • ڕکابەری ڕاستەوخۆ مابەستمان لەو ڕکابەرەنەیە کە هەمان بواری تۆن هەمان بەرهەم یان خزمەتگوزاریان هەیە، بۆ نموونە:
    تۆ دوکانی بۆن فرۆشیت هەیە، ئەوەی بۆن فۆرشی هەبێت ڕکابەری ڕاستەوخۆی تۆییە.
  • ڕکابەری ناڕاستەوخۆمان هەیە کە مارکێت و دوکانەکانی جوانکارین کە بەدیل یان کاڵای هاوشێوە دەفرۆشن.
  • ڕکابەری لاوەکیشمان هەیە کە هەموو ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانەیە کە کڕیار پارەکەی بۆ تەرخان دەکات لەبری عەتر.

کەواتە ڕکابەرەکان زۆر بوون و کڕیاریش هۆشیارترە لە جاران. زۆر جار کاڵایەکی نایاب و نرخێکی گونجاوت هەیە، کەچی کڕیارەکە دەڕوات و لە شوێنێکی تر دەیكڕێت. کێشەکە لە کواڵیتی نییە، بەڵکو لە چۆنیەتی گەیاندنی پەیامەکەیە و دروستکردنی متمانە.

 

فرۆش تەنها لە قسەی خۆشدا کورت نابێتەوە، بەڵکو زانست و هونەرە. لەم وتارەدا بە ٥خاڵ گرنگترین هەنگاوەکان دەخەینە ڕوو کە یارمەتیت دەدەن سەرنجی کڕیار ڕابکێشی و قەناعەتی پێ بکەیت:

 

۱. گوێگرتن لە کڕیار؛ گرنگترین هەنگاوی فرۆشە:

هەڵەی باوی زۆرێک لە فرۆشیاران ئەوەیە کە تەنها باسی کاڵاکەی خۆیان دەکەن. کڕیار حەز ناکات کەس شتێکی بە سەردا بسەپێنێت، بەڵکو دەیەوێت هەست بکات کەسێک هەیە کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات.

چۆن دەکرێت؟
پێش ئەوەی باسی نرخ یان تایبەتمەندی بکەیت، پرسیار بکە و گوێ لە داواکارییەکەی ڕاگرە. بزانە کێشەکەی چییە و بە دوای چی دەگەڕێت، پاشان کاڵاکەت وەک (چارەسەر) پێشکەش بکە نەک تەنها وەک (کاڵایەک بۆ فرۆشتن).

 

۲. چارەسەرکردنی کێشە، نەک تەنها پێشکەشکردنی تایبەتمەندی:

کڕیار کاڵا ناکڕێت، بەڵکو ئەو هەستە دەکڕێت کە کاڵاکە پێی دەبەخشێت یان ئەو کێشەیەی بۆی چارەسەر دەکات.

بۆ نموونە: ئەگەر مۆبایل دەفرۆشیت، مەڵێ (کامێراکەی 108 مێگاپیکسڵە)، بەڵکو بڵێ (ئەم مۆبایلەت کڕی هەمووان حەزدەکەن بە مۆبایلەکەی تۆ ڕەسم بگرن ئەوەندە کوالتی بەرزە).

تایبەتمەندی کاڵاکەت بگۆڕە بۆ سوود؛ چونکە تایبەتمەندی بۆ فرۆشیارە و سوودیش بۆ كڕیار.

 

۳. دروستکردنی متمانە خێرا لە فرۆشدا:

لە بازاڕدا متمانە سەرمایەی یەکەمە. کڕیاری کورد زوو باوەڕ بە قسە ناکات تاوەکو بەڵگە نەبینێت.

چی بکەیت؟
ڕاستگۆ ببن لەگەڵیدا. ئەگەر کاڵایەک کەموکوڕییەکی بچووکی هەبێت، خۆت پێشوەختە پێی بڵێ. هەروەها بەکارهێنانی ڕای کڕیارانی پێشوو (Feedback) و نیشاندانی ئەزموونی سەرکەوتوو زۆر بە خێرایی متمانەی کڕیار ڕادەکێشێت.

 

٤. نەهێشتنی دوودڵی کڕیاڕ:

لە کاتی کڕیندا، هەمیشە کڕیار دوو دڵە: ئایا پارەکەم بەفیڕۆ ناچێت؟، ئایا ئەمە بەڵێنەکەی دەباتە سەر؟

چۆن دڵنیابێت؟

بۆ نەهێشتنی ئەم ترسە، گەرەنتی یان خزمەتگوزاری دوای فرۆشی بەهێز پیشان بدە. پێی بڵێ: ئێمە لێرەین ئەگەر هەر کێشەیەک هەبوو، پشتگیریی تەواوت دەکەین.

ئەمە دەروونی کڕیار ئارام دەکاتەوە و بڕیاری کڕین خێرا دەکات.

نموونەیەکی زیندوو:

لەم چەند هەفتەی ڕابردوو سەردانی دوکانێکی مۆبایلم کرد تا سەماعەیەک بكڕم (Head phone)؛ کارمەندەکەی ئەوێ چەند مۆدێلێکی پیشاندام و لە کۆتاییدا دانەیەکیان هەڵبژارد وە تاقیمکردەوە و بێکێشەبوو.

وتی زەمانی ٣ ساڵی هەیە بۆیە دوودڵیم نەما و وتم دەیکڕم؛ کاتێک کارمەندەکە بۆمی دەیپێچایەوە ، وتم کەواتە کە بردمە ماڵەوە کێشەیەکی هەبوو دەتوانم بۆتانی بهێنمەوە وایە؟

بە ساردییەکەوە وتی ئەی ئێستا تاقیتنەکردەوە؟
وتم ئەی گرەنتی ٣ ساڵ واتە چی؟ بۆ ئەمە نییە؟
من وەک کڕیارێک ئەو کاڵایەم بۆیەکڕی چوونە لەوکاتە جێگرەوەم نەبوو وە کاتم کەمبوو بۆ گەڕان بەدوای دانەیەکی دیکە ئەگەرنا ڕاستەوخۆ نەمدەکڕی و دەڕۆشتم.

نموونەکەمان لەسەر ئەوەیە کە ئێمە دەبێت خاوەنی بەڵێن بین کە بە کڕیاری دەدەین، تا دوودڵی کەم بکەینەوە.

٥. دروستکردنی هەستی بەپەلەیی:

زۆر جار کڕیار دەڵێت: باشە، با بیرێکی لێ بکەمەوە و سبەی دێمەوە، و ئیتر ناگەڕێتەوە.

بۆ ئەمە: بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ هەستی بەپەلەیی دروست بکە، وەک: ئەم داشکاندنە تەنها بۆ ئەم هەفتەیەیە، یان دانەی کەمی لە مەخزەن ماوە. بەڵام ئاگادار بە، دەبێت ئەمە ڕاستەقینە بێت نەک فێڵ، چونکە ڕاستگۆیی بناغەی بەردەوامیی کارەکەتە.

 

 

دەرئەنجام

فێربوونی فرۆش و ڕازیکردنی کڕیار زانستێکە کە بە ڕاهێنان و بەردەوامی پەرەی پێدەدرێت.

کاتێک گرنگی بە پێویستییەکانی کڕیار دەدەیت، ڕێزی دەگریت و خزمەتێکی نایابی پێشکەش دەکەیت، ئەو نەک خۆی دەبێتە کڕیارێکی وەفادار، بەڵکو دەبێتە ڕیکلام و داکۆکیکاری براندەکەت لەناو هاوڕێ و کەسوکاریدا.

 

نوسین: تیمی کارسازی شادمان

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *