لە زۆرینەی حاڵەیەکاندا لە پەیجەکەماندا کڕیارەکان خۆیان نایەن کڕینمان لێ بکەن.
پێویستە کڕیارەکانت ئامادەبکەیت. زۆرێک لە پەیجەکان کاڵای باشیان هەیە بەڵام ناتوانن بیفرۆشن، چونکە نازانن چۆن کڕیار ئامادە بکەن، تا بێن و کڕین بکەن.
لەم مەقالەیادا بە ٥ هەنگاوی سادە ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن کڕیارەکانمان ئامادەبکەین تا کڕینمان لێبکەن:
١. پێش ئەوەی هەوڵی فرۆشتنی بەرهەمەکەت بدەیت، پیویستە متمانەسازی دروستبکەیت:
خەڵکی کاتێک بڕیار دەدات کڕین بکات، کەسێک هەڵدەبژێرێت کە متمانەی پێی هەیە.
ئەگەر پەیجەکەت فۆڵۆوی کەمە یان پۆستی کەمە یان بە ڕوونی کاڵاکانت نیشان نەداوە، کڕیار دوودڵ دەبێت و کڕینەکە لای تۆ ناکات هەرچەند کاڵاکەتی بە دڵ بێت یاخود پێویستیشی بێت.
بە ٣ خاڵ ڕوونی دەکەینەوە چۆن ئەم متمانەیە دروستبکەین لای کڕیار:
- بەردەوام پۆست بکە. هەوڵبدە لە زۆرینەی ڕۆژەکانی هەفتە تۆ لەپەیجەکەت پۆستت هەبێت.
- ئەگەر گونجاوبوو بۆت هەوڵ بدە ڕوخسار یاخود دەنگی خۆت نیشانبدە.
- فیدباکی کڕیارانی پێشوو بڵاو بکەرەوە
٢. چارەسەر بفرۆشە نەک کاڵا:
کاتێک خەڵکی بڕیاری کڕینی کاڵایەک دەدەن، ئەوان لە ڕاستیدا پارە نادەن بە کاڵاکەت و خودی بەرهەمەکەت ناکڕن. بەڵکو ئەوەی بۆیان گرنگە و دەیکڕن ئەوەیە: کە ئەم بەرهەمەی تۆ چی بەوان دەبەخشێت و چ کێشەیەک چارەسەر دەکات.
نموونە: وادابنێ تۆ خاوەنی کرێمێکی پێستیت و دەتەوێت ئەم کرێمە لە ڕێگەی پەیجەکەتەوە بفرۆشیت.
لێرەدا ٢ سیناریۆ هەیە:
١. “کرێمەکەی ئێمە لە پێکهاتەی سروشتی پێکهاتووە”
٢. “کرێمەکەی ئێمە لە ٢ هەفتەدا پێستت نەرم و درەوشاوە دەکات”
٢ ئەو شێوازەیە کە پێویستە بەکار بهێنرێت، تا کڕیار بزانێت ئەگەر ئەم کرێمە بکرێت چی بۆ دەکات.
٣. پرسیارەکانی مێشکی کڕیار وەڵامبدەوە:
هەر کەسێک پرسیار بکات ئەوا کڕیارە، کڕیارەکان پرسیاری زۆر لە ناو مێشکیان هەیە و لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا نایپرسن و بەجێمان دەهێڵن، هەر بۆیە پێویستە ئێمە وەڵامی پرسیارەکانی مێشکی بدەینەوە پێشئەوەی بڕوات. زۆرێک لە خاوەنپەیجەکان دەڵێن چۆن پرسیارەکانی ناو مێشکی کڕیار بزانین؟ وەڵام: ئاسانە پۆست و ستۆری دابنێ و لە خەڵکی پرسیاربکە تا تەواوی پرسیارەکانت دەست دەکەوێت.
لێرەدا ٣ بیانووی کڕیار ڕوون دەکەینەوە کە یارمەتیمان دەدات تا وا بکەین کڕیارەکە ئێستا کاڵاکەمان بکڕێت.
“کاتێک کڕیار دەڵێت: نرختان زۆر بەرزە” ← بەهای کاڵاکەی بۆ ڕوون بکەرەوە
” کاتێک کڕیار دەڵێت: متمانەم نییە، یاخود دەڵێن پێشتر کڕیومانە لە شوێنیتر و وا نەبووە ” ← فیدباکی نیشان بدە
کاتێک کڕیار دەڵێت: “دواتر دەیکڕم” ← ئۆفەرێکی کاتی پێبدە، وەک ئەگەر ئێستا بیکڕیت بە داشکاندنی ٪١٠ دەتوانیت بیکڕیت.
٤. سنورداری بەرهەم بەکاربهێنە:
هەندێک جار کڕیارەکان ئەگەر ترسی نەمانی بەرهەمەکەیان لادروست بکرێت، ڕاستەوخۆ کڕین دەکەن.
دەتوانیت ئەم ٢ شێوازە بەکار بهێنیت:
- “تەنها ١٠ دانە ماوە”
- “ئەم نرخە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت”
بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە ڕاستگۆبین، چونکە درۆکردن متمانەکە دەشکێت کە ئێمە دەمانەوێت دروستی بکەین.
٥. پرۆسەی کڕین ئاسان بکە:
زۆرجار کڕیار لە کاتی کڕیندا، لە خوای دەوێت شتێک ڕووبدات تا کڕینەکەی ئەنجام نەدات. ئەگەر پڕۆسەی داواکردنی بەرهەمەکەت قورس و بێزارکەربێت بۆ کڕیار، ئەوا کڕیاری زۆر لە دەست دەدەیت.
چارەسەر:
- ئەگەر بەرهەمەکانی زۆرن و لینکی بۆ دروست کردوون، پێویستە لینکەکەت تا دەکرێت ئاسانبێت بۆ پڕکردنەوە.
- کات یاخود کارمەندێک تەرخانبکە بۆ زوو وەڵامدانەوەی نامە و پەیوەندی کریارەکان.
کۆتایی:
بە کورتی ئەوەی پیویستە بیکەیت ئەم پێنج هەنگاوەیە:> متمانەی کڕیار دروست بکە ← بەهای بەرهەمەکەت نیشان بدە ← ترسەکانی کڕیار بڕەوێنەوە ← کڕینەکە ئاسان بکە
کاتێک ئەم چوار هەنگاوەت جێبەجێ کرد — کڕیار بە خۆی دێت.