چۆن بتوانین لە بارودۆخە ئابوورییە قورسەکاندا پارێزگاری لە بزنسەکەم بکەم؟

یەکێک لە ڕاستییەکانی بازاڕ ئەوەیە کە چونکە بازاڕ هەمیشە وەک یەک نامێنێتەوە و قەیرانی ئابووریش بەشێکە لە سوڕی بازرگانی.

لە کاتی دابەزینی هێزی کڕین و ناجێگیریی بازاڕدا، زۆربەی خاوەنکارەکان تووشی شڵەژان دەبن و بڕیاری خێرا دەدەن. بەڵام مێژووی بازرگانی سەلماندوویەتی کە قەیرانەکان تەنها “هەڕەشە” نین، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکن بۆ هێزی مانەوەی بزنسەکەت.

 

لەم وتارەدا باس لە ٦ ستراتیژ دەکەین کە ئەگەر جێبەجێی بکەین دەتوانین بەردەوام بیت لە بازاڕەکەدا و نەڕووخێیت و بتوانیت بمێنیتەوە:

 

١. کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان:

لە کاتی قەیراندا، هەر دینارێک کە دەچێتە دەرەوە دەبێت پاڵنەرێکی بەهێزی هەبێت.

  • چی بکەم؟

پێداچوونەوە بە لیستی خەرجییەکانت بکە. ئەو خەرجییانەی ڕاستەوخۆ کار ناکەنە سەر کوالێتی بەرهەم یان ڕەزامەندی کڕیار، لایبەرە یان کەمی بکەرەوە (وەک دیکۆری زیادە، ئاهەنگەکان، یان ئەو ئامێرانەی کارەبای زۆریان دەوێت).

 

  • ئاگاداری: هەرگیز خەرجییەک مەبڕە کە ببێتە هۆی دابەزینی کوالێتی، چونکە لە کاتی قەیراندا کڕیار هەستیارتر دەبێت بۆ ئەوەی پارەکەی لە شوێنی دروست خەرج بکات.

٢. پاراستنی کڕیارە هەمیشەییەکان:

پەیداکردنی کڕیاری نوێ لە کاتی قەیراندا ٥ بۆ ٧ هێندە گرانتر دەکەوێت لە پاراستنی کڕیارە کۆنەکان.

  • ستراتیژی: ئۆفەری تایبەت، داشکاندن بۆ کڕیارە هەمیشەیەکان، یان خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە کڕیارە کۆنەکانت بکە. ئەوان وەک “قەڵغان” وان بۆ بزنسەکەت لە کاتی زریانە ئابوورییەکاندا دەتپارێزن.

٣. گۆڕانکاری لە “پاکێج” و شێوازی فرۆشتن:

کاتێک پارە لای خەڵک کەم دەبێتەوە، شێوازی خەرجکردنیان دەگۆڕێت.

  • نموونە:  ئەگەر کاڵایەکی گرانبەها دەفرۆشیت کە خەڵک ئێستا توانای کڕینی نییە، هەوڵ بدە جۆرێکی بچووکتر یان پاکێجێکی هەرزانتر دروست بکەیت تاوەکو کڕیارەکە هەر لای تۆ بمێنێتەوە و بای ئەو پارەیەی هەیەتی کڕین لە کاڵا دڵخوازەکەی بکات.
  • ئامانج:  مەهێڵە پەیوەندی کڕیار لەگەڵ براندەکەت بپچڕێت، تەنانەت ئەگەر بە بڕێکی کەمتریش فرۆش بکەیت.

٤. ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو جوملەچییانەی کڕینیان لێ دەکەیت:

تۆ تەنها نیت لەم قەیرانەدا، جوملەچییەکانیش (ئەوانەی کاڵات پێ دەفرۆشن) هەمان کێشەیان هەیە.

  • چی بکەم؟ داوای ئاسانکاری بکە لە کاتی پارەدان، یان داشکاندنی زیاتر لە بەرامبەر کڕینی کاڵاکان بە جوملە بکە. زۆرجار جوملەچییەکان ئامادەن نەرمی بنوێنن تەنها بۆ ئەوەی کڕیارێکی وەک تۆ لەدەست نەدەن.

٥. تەرکیز بخەرە سەر کاش لە ناو بزنسەکەتدا:

لە کاتی ئاساییدا “قازانج” بەشێکی تەواو گرنگە بۆ سەرکەوتنی بزنسەکەمان، بەڵام لە کاتی قەیراندا کاش  پاشای هەموویاتی، ئەگەر لە کاتی قەیراندا لە بزنسەکەتدا کاشت بە دەستەوە نەما؛ ئەگەری لەناوچوون و بەردەوام نەبوونی بزنسەکەت زۆر بەرزترە لە ئەگەری سەرکەوتنت.

  • ئامۆژگاری: هەوڵ مەدە هەموو پارەکەت بکەیت بە کاڵا و لە کۆگا دایبنێیت. بڕێک پارەی کاش لەبەردەستتدا بێڵەرەوە بۆ کاتی پێویست و بۆ ئەوەی بتوانیت مووچە و کرێی پێ بدەیت ئەگەر فرۆشتن بۆ ماوەیەک سست و کەم بوو یاخود تەنانەت ئەگەری وەستانی فرۆشیش لەبەرچاو بگرە.

٦. بەهێزکردنی مارکێتینگی زیرەک نەک وەستاندنی:

گەورەترین هەڵەی بزنسەکان ئەوەیە کە لە کاتی قەیراندا یەکەم شت بودجەی مارکێتینگ دەبڕن و دەوەستن لە مارکێتینگ.

  • ڕاستییەکە: کاتێک ڕکابەرەکانت ڕیکلام نەکەن، دەنگی تۆ بەرزتر دەبیسترێت. مارکێتینگی خۆڕایی (وەک دروستکردنی ڤیدیۆی بەسوود لە تیک تۆک و فەیسبووک) زیاتر بکە بۆ ئەوەی کڕیارەکان لەبیرت نەکەن. ( ئەوەی لەبەر چاوانە، لەبەر دڵانە ).

کۆتایی:

ئەوەی پێویستە بیزانیت ئەوەیە کە قەیرانەکان ڕاستەقینەن و ئەگەر هەیە هەر خولەکێک ڕووبدەن، هەروەها ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە: کە قەیرانەکان هەمیشەیی نین، بەڵام ئەو بزنسانەی لە کاتی قەیراندا دەمێننەوە، دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە دەبنە “یەکەمی بازاڕ”. وەک دارخورما بە لە بەرامبەر زریانەکەدا؛ کەمێک بچەمێوە بەڵام مەشکێ.

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *