هەواڵەکان ژەهرێکن بۆ لەناوبردنی بزنسەکەت
لە بزنسدا، یەکێک لە گەورەترین هەڵەکان کە خاوەن کار یان فرۆشیارێک بیکات، گواستنەوەی کەشی تەمومژاوی و ترسناکی هەواڵەکانە بۆ ناو ژینگەی کارکردن و گفتوگۆ لەگەڵ کڕیاردا.
زۆربەی هەواڵەکانی ڕۆژانە تەرکیز دەخەنە سەر قەیران، گرانبوونی بازار، و نائارامی. کاتێک خاوەن کارێک بەردەوام سەیری ئەم هەواڵانە دەکات، ئەوا هەستی ترس و دڵڕاوکێ هەروەها کەشێکی نەرێنی دەگوازێتەوە بۆ مێشکی خۆی و پاشان بۆ ناو پڕۆسەی فرۆشتنەکە.
چۆن هەواڵ سەری بزنسەکەت دەخاتە ژێر خۆڵ؟
١.دروستکردنی ترس لە مێشکی کڕیاردا: کاتێک لەگەڵ کڕیارێکدا باسی گرانبوونی بازار، ئاڵۆزیی وڵات یان قەیرانی ئابووری دەکەیت، کڕیارەکە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە باری (بەرگری). لە خۆی دەپرسێت:
(ئایا لەم کەشەدا شت بکڕم دروستە؟ با پارەکەم هەڵبگرم بۆ ڕۆژی ڕەش!) بەم شێوەیە دەستبەجێ واز لە کڕین دەهێنێت.
٢.داڕووخانی وورەی خاوەن کار: هەرچەندە زیاتر کاتت بە سەیری هەواڵە نەرێنییەکان بڕوات، ئەوەندە باوەڕت بە پاشەڕۆژ و گەشەی بزنسەکەت کەمتر دەبێتەوە. بزنس پێویستی بە ووزەی ئەرێنی و بڕوابەخۆبوونە؛ مێشکێک پڕ لە هەواڵی خراپ ناتوانێت بیرۆکەی نوێ بەرهەم بهێنێت.
٣.لەدەستدانی سەرنج لەسەر کارە سەرەکییەکان: لە بری ئەوەی کاتت تەرخان بکەیت بۆ باشترکردنی کوالیتی، ڕاهێنانی کارمەندەکان، و ڕاکێشانی کڕیار، کاتەکەت لە بێزاربوون بەدەست ڕووداوانێکەوە دەڕوات کە هیچ کۆنترۆڵێکت لەسەریان نییە.
ڕێنمایی بۆ خاوەن کار و فرۆشیاران
١.گفتوگۆ لە هەواڵەکان مەکە: لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیار، تەنیا باسی بەهای بەرهەمەکەت و چارەسەری کێشەکانی، و دەرفەتە باشەکان بکە. کڕیار دێت تا چارەسەر بکڕێت، نەک خەم و پەژارەی زیاتری پێ بدرێت.
٢.کاتی سەیرکردنی هەواڵ سنووردار بکە: ئەگەر پێویستیش بوو ئاگاداری ڕووداوەکان بیت، تەنیا چەند خولەکێکی کەمی ڕۆژانە تەرخان بکە بۆ هەواڵی ئابووریی ڕاستەقینە، نەک هەواڵە سۆزداری و ترسناکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
٣.کەشی کڕین بکە بە ناوچەیەکی ئارام: کاتێک کڕیار دێتە لای تۆ، دەبێت هەست بە ئارامی بکات. ئەو بزنسانەی ووزەی ئەرێنی دەبەخشن، بەردەوام کڕیاری زیاتر بۆ خۆیان ڕادەکێشن، تەنانەت لە سەختترین قەیرانەکانیشدا.
لە کۆتایدا
لەم ڕۆژگارەدا ناتوانین خۆمان لە هەواڵە نەرێنییەکان لابدەین چونکە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان؛ پڕن لە هەواڵ.
بەڵام باشتر وایە لە کاتی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، کات بدەین بە گوێگرتن لەوە هەواڵانەی کە پەیوەندی بە بواری خۆمانەوە هەیە تا گەشەی زیاتربکەین.