فرۆشیاری لەمڕۆدا تەنها فرۆشتنی بەرهەم نییە، بەڵکو دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ کڕیارەکان و تێگەشتنە لە پێداویستییەکانیان. پێوەری فرۆشیاری باش دوای فرۆشتنەکە دەردەکەوێت. لەم مەقالەیەدا باس لە ٣ پێوەر دەکەین کە ئەگەر ڕوو بدەن، واتە فرۆشیارێکی باشین:
١. کریارەکە دووبارە کڕینمان لێ بکات: یەکەم نیشانەی فرۆشیاری باش ئەوەیە کە بتوانێت دووەم جار و سێهەم جاریش بە هەمان کڕیار بفرۆشێتەوە، ئەوە کەسانەی تەنها دەتوانن یەکجار بە کڕیارێک بفرۆشن و دوای فرۆشەکە وەڵامی پرسیارەکانی کڕیارەکە نادەنەوە، هەروەها بە تەواوی مامەڵەیان دەگۆڕێت چونکە ڕایان وایە کە تەواو پارەکەیان وەرگرت و براوە بوون، ئەوان فرۆشیاری باش نین و کڕیار دووبارە سەردانیان ناکاتەوە تا کڕینیان لێ بکات.
٢. دوای ئەوەی کڕیارێک کڕینمان لێ دەکات، کەسی دیکە بنیرێتە لامان تا کرینمان لێ بکەن: کاتێک کڕیاری یەکەم بە باشە باست دەکات، دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانەیەکی بەهێز لە دڵی کڕیارەکانی دواتردا. ئەگەر کڕیارەکەت وتی: فڵان کەس تۆی پێ ناساندووم، ئەوە شانازی بە خۆتەوە بکە چونکە تۆ فرۆشیارێکی باشیت.
٣. دوای ئەوەی کڕیارێک کڕینمان لێ دەکات، دەتوانین داوای لێ بکەین کە کەسانی دیکە پێشنیار بکات کە دەتوانن سوودمەند کە کڕینمان لابکەن. ئەگەر کڕیارەکە پێشنیاری بۆ کردین واتە لە کڕینەکە ڕازی بووە.
چی وادەکات کڕیار متمانەمان پێ بکات و دوبارە سەردانمان بکاتەوە؟ ٣ هەنگاو باس دەکەین کە چۆن کڕیار متمانەمان پێ بکات، هەروەها زیاتر لە جارێک کڕینمان لێ بکات:
١. تێگەشتن لە کڕیار: یەکەم هەنگاو لە فرۆشدا تێگەشتنە لە کڕیار، بۆ تێگەشتن لە کڕیار پیویستە گوێی لی بگرین تا کێشەکانی و پێویستیەکانی ڕوون بکاتەوە. کاتێک کڕیار هەست دەکات بە دەم داواکارییەکانییەوە دەچیت هەست بە دڵنیای دەکات و متمانە بە فرۆشیار دەکات.
٢. پڕ زانیاری ببە: بۆ ئەوەی کڕیار متمانەی بۆ دروست ببێت و کڕینەکەی ئەنجام بدات، پێویستە فرۆشیار زانیاری تەواوی لەسەر ئەو کاڵایە هەبێت کە دەیفرۆشێت. کڕیار زۆر ئاسانتر متمانە بە فرۆشیارێک دەکات کە وەک پسپۆڕێک قسەدەکات و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دەداتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە لە فێربوونی بەردەوامدا بیت.
٣. کڕیارەکانت هەڵمەبژێرە، لەگەڵ هەمووان مامەڵەیەکی باش بکە: لە چاوپێکەوتنێکی بازرگانێکی بەرددا، قسەیەکی کرد کە دەبێت بە ئاڵتوون بنوسرێت. وتی: “گرنگ نییە کڕیارەکەم دەیکڕێت یان نا، ئەو میوانی منە. من وەک مرۆڤێک ئەرکی سەرشانمە ڕێزی میوان بگرم!” ئەم دیدگایە وا دەکات وەک مرۆڤێکی بەهادار سەیری کڕیارەکان بکەین! نەک کەسێک کە دەکڕێت یان ناکڕێت!