فرۆشیاری باش چۆن قسە دەکات؟

4.4
(9)

فرۆشیاری باش، کەسێک نییە کە زۆر قسە بکات، بەڵکو بە وەڵامی کورت و کاریگەر کڕیارەکە قایل دەکات بە کڕینی کاڵاکەی. گەورەترین لاوازی فرۆشیارەکان ئەوەیە کە قسە زۆر دەکەن و بەشێکیش قسەکانیان ڕاست نییە. ئەگەر خاوەنکاریت یان کارمەندت هەیە، پێویستە لە کاتی قسەکردندا گرنگی بەم خاڵانە بدەیت:

  1. وێناکردن

هەر قسەیەک بکەیت کڕیارەکە لە مێشکی خۆیدا وێنای دەکات، هەر نمونەیەکی دوور لە بوار و بزنسەکەی خۆت لەکاتی قسەکردندا بهێنیتەوە؛ ڕاستەوخۆ مێشکی کڕیارەکەت پڕ دەکەیت لە بیرکردنەوە لەو نمونەیەی باستکرد، چجای ئەگەر نمونەکەت ئاڵۆز بێت و تێگەیشتن لێی زەحمەت بێت، ئەوکاتە بارودۆخێک بۆ کڕیارەکە دروست دەکەیت کە کڕیارەکە نەتوانێت متمانەیەکی تەواوت پێ بکات.

وشەی بینراو و دووبارە بە ئاسانی سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت و بەشێکی دیاریکراو و کەمی مێشک دەوروژێنێت کە پێی دەوترێت مێشکی کۆن، ئەمەش وا دەکات کڕیارەکە گرنگی بە قسەکانت بدات و گوێ لە قسەکانت بگرێت. بۆیە باش نییە وشەی تایبەتمەند و ئاڵۆز و سەیر و دەگمەن بەکاربهێنیت. زۆر گرنگە بتوانیت بە بەکارهێنانی وشەی بینراو پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا بکەیت.

  1. ڕستەی کورت

فرۆشیاری سەرکەوتوو هەرگیز ڕستەی درێژ ناڵێت، تۆی خاوەنکار دەتوانیت بە کەمترین وشە مەبەستەکەت بگەیەنیت. بۆ نموونە پێویست ناکات بڵێیت: “ئەم لەیزەرە بەکارهێنانی وادەکات ئەو کەسەی بەکاریدەهێنێت بتوانێت بە ئاسانی و تەنها بە یەک جار هەموو مووە زیادەکانی لەشی لاببات”. بەڵکو دەتوانیت بڵێیت: “ئەم لەیزەرە دەتوانێت مووی زیادەی جەستە لاببات بە ئاسانی”.

  1. لە سێ ڕستە زیاتر نەبێت

یەکێکی تر لە شێوازە باشەکانی فرۆشتن ئەوەیە کە هەرگیز لە سێ ڕستە زیاتر لەسەر یەک قسە نەکەیت. واتە کاتێک ٣ ڕستەت قسە کرد، با کەسی بەرامبەر قسە بکات. ئەگەر لایەنی بەرامبەر هیچی نەوت، پرسیارێکی لێ بکە. قسەکردن بە ٣ ڕستە دەتوانێت ڕێگە بدات بیر بکاتەوە لە کاڵاکە و لە قسەکانت و بەراوردیان بکات بە یەکتری. بەڵام گەر بەردەوام قسەت کرد؛ ڕێگە نادەیت کڕیارەکە بیر لە کاڵاکە بکاتەوە و ڕەنگە بەهۆیەوە کڕیارەکە لەدەستبدەیت.

داواکردنی کتێبەکانمان

ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان

تاچەند بەسوودبوو؟

لە 1 تا 5

نمرەی ناوەند 4.4 / 5. ژمارەی هەڵسەنگاندن 9

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *