جیاوازی نێوان گۆڕینی (شوێنی کار) و (بواری کار)

جیاوازی نێوان گۆڕینی (شوێنی کار) و (بواری کار)

 

دیاردەی گۆڕینی پیشەکان لەلایەن گەنجانەوە؛ ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە بابەتە زۆر گەرمەکانی بازاڕ. گۆڕینی بەردەوامی بوار بە بیانووی تاقیکردنەوەی خولیای جیاواز، کێشەیەکی جدییە کە زۆرجار بە هەڵە وەک دەستکەوت سەیر دەکرێت.

یان دەبینین لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بوە بە ترێند کە خاوەنکارەکان ناوێرن قسەیەک بە تەمەنی(١٩٩٧ تا ٢٠١٢) Gen Z بڵێن، یەکسەر واز لە کار دەهێنن.

گەنجان زۆرجار کاتێک ڕووبەڕووی ئەم ڕەخنەیە دەبنەوە، دەڵێن: (ناکرێت تا کۆتایی تەمەن لە یەک کاردا بمێنینەوە). بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک لە نێوان گۆڕینی (شوێنی کار) و گۆڕینی (بواری کار)دا هەیە:

 

گۆڕینی شوێنی کار: ئەگەر تۆ وێنەگر (Photographer) بیت و لە پێنج شوێنی جیاواز ئیشت کردبێت، ئەمە ئەزموونت دەوڵەمەند دەکات، تۆڕی پەیوەندییەکانت بەرفراوان دەکات و لێهاتووییت زیاتر دەکات، چونکە هێشتا لە ناو هەمان بواردا گەشە دەکەیت.

گۆڕینی بواری کار: کاتێک ئەمڕۆ لە بەشی پزیشکی بیت، بەیانی ببیە مۆدێل، دووبەیانی بەڕێوەبەری سۆشیاڵ میدیا و هەفتەی داهاتوو ببیە خەیات، ئەمە ئەزموون و ئازایەتی نییە، بەڵکو تێکچوونی ئاڕاستەی پیشەیییە.

 

شانازییکردن بە (لە هەموو شت دەزانم)

زۆرێک لە گەنجان بە شانازییەوە باس لەوە دەکەن کە لە پێنج یان شەش بواری جیاوازدا کاریان کردووە. بەڵام کاتێک لە قووڵایی ئەزموونیان دەکۆڵیتەوە، دەبینیت لە هیچ کام لەو بوارانەدا نەگەیشتوونەتە ئاستی پسپۆڕی (Mastery).

سەرکەوتن بۆ ئەو کەسانەیە کە لە بوارێکدا زۆر قووڵ دەبنەوە. کاتێک بەردەوام بوارەکەت دەگۆڕیت، لە هەر شوێنێکدا تەنیا لە ئاستی سەرەتاییدا دەمێنیتەوە. ئەمەش وا دەکات کاتێک کۆمپانیایەک یان خاوەنکارێک پێویستی بە پسپۆڕێکی ڕاستەقینە بێت، تۆ بەربژێری یەکەم نەبیت.

 

زیانەکانی ئەم دیاردەیە لە بازاڕی کاردا چییە؟

لەدەستدانی متمانە: خاوەنکاران کاتێک سیڤییەک دەبینن کە دوو ساڵ جارێک یان شەش مانگ جارێک بوارەکەی گۆڕاوە، وەک کەسێکی نادڵنیا و ناسەقامگیر سەیرت دەکەن.

دووبارە دەستپێکردنەوە لە سفرەوە: هەر جارێک بوارەکەت دەگۆڕیت، دەبێت لە خاڵی سەرەتاوە دەست پێبکەیتەوە، لە کاتێکدا هاوتەمەنەکانت لە بوارەکەی خۆیاندا بەرەو پلەی بەرزتر هەنگاو دەنێن.

لاوازبوونی براندی کەسی: کاتێک خەڵک نەزانێت تۆ بە وردی چ کارێک دەکەیت، ناتوانن بۆ پڕۆژە و کاری گەورە پێشنیارت بکەن.

 

چارەسەر چییە؟

تاقیکردنەوەی خولیا و ئارەزووەکان لە تەمەنی زۆر کەمی وەک سەرەتای بیستەکاندا سروشتییە، بەڵام پێویستە لە قۆناغێکدا بڕیار لەسەر ( بواری پیشەکەت) بدەیت. ئەگەر حەزت لە جۆراوجۆرییە، دەتوانیت لە ناو هەمان بواردا لێهاتوویی نوێ فێر ببیت، نەک بە تەواوی بوارەکەت بگۆڕیت.

(بەردەوامی و جێگیربوون لە بوارێکدا، کلیلی سەرەکیی بەدەستهێنانی پسپۆڕی و ڕێز و داهاتی بەرزە لە بازاڕی کاردا).

 

 

کۆمێنتێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *