بۆچی کڕیار دەبێت لە تۆ بکڕێت؟
لە بازاڕدا کە ڕکابەری بەردەوام لە گەشەدایە و کڕیار بە دەیان بژاردەی لەبەردەستدایە، بەشێکی سەرکەوتنی بزنسەکەت لەسەر بڕیاری کڕیار دەوەستێت.
زۆرێک لە فرۆشیاران پێیان وایە هەبوونی بەرهەمێک یان پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەک بەسە بۆ ڕاکێشانی خەڵک، بەڵام ڕاستییەکە شتێکی ترە. کڕیار پارەکەی بە ئاسانی نادات بە تۆ، مەگەر وەڵامێکی ڕوون و بڕواپێکەرت بۆ ئەم پرسیارە هەبێت:
(بۆچی لە تۆی بکڕم، نەک لە ڕکابەرەکەت؟)
ئەگەر وەک خاوەن بزنسێک نەتوانیت جیاوازیی خۆت بدۆزیتەوە، جەنگەکە دەدۆڕێنیت. بۆ ئەوەی ببیتە بژارەی یەکەمی کڕیار لە بازاڕی ناوخۆدا، لەم وتارەدا ٤ خاڵی گرنگ دەخەینەڕوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گرنگە:
١. چارەسەر نەک تەنها بەرهەم:
کڕیار تەنها بەرهەمەکە ناکڕێت، بەڵکو ئەو چارەسەرە دەکڕێت کە بەرهەمەکەت پێشکەشی دەکات. لە شوێنی ئەوەی تەنها بڵێیت (بەرهەمەکەم باشترینە)، نیشانی بدە کە چۆن کێشەیەکی دیاریکراوی ئەوان چارەسەر دەکات یان ژیانیان ئاسانتر دەکات.
بۆ نموونە: ئەگەر دووکانی پێڵاوت هەیە، لەبری ئەوەی بڵێیت: لەم پێڵاوە چاکتر نییە لەم بازاڕە. بڵێ: قاچت ناگرێت و ١٠ ساعاتیش لە پێدابێت بۆنی ناخۆش نابێت.
تێبینی: دەبێت زانیاری و کوالتی بەرهەمەکە وەک ئەوەبێت کە باسی دەکەین و ڕاستگۆبیت.
٢. متمانە و دروستبوونی پەیوەندی:
لە زۆرینەی فرۆشەکاندا؛ متمانە ڕۆڵی یەکەم دەگێڕێت. کڕیاری کورد حەز دەکات لە کەسێک بکڕێت کە هەست بە دڵنیایی بکات لەگەڵیدا. ڕاستگۆیی لە ناساندنی:
- بەرهەم.
- ڕوونی لە نرخ.
- پابەندبوون بە بەڵێنەکان.
متمانەیەک دروست دەکەن کە هیچ ریکلامێک ناتوانێت دروستی بکات.
٣. ئەزموونی کڕیار (تەنانەت دوای فرۆشتن):
جیاوازیی ڕاستەقینە لە ڕەفتاری تۆ و ستافەکەتدا دەردەکەوێت.
- پێشوازیی گەرم.
- وەڵامدانەوەی خێرا.
- خزمەتگوزاریی پاش فرۆشتن.
وادەکەن کڕیار نەک تەنها بگەڕێتەوە، بەڵکو بزنسەکەت بۆ کەسانی تریش پێشنیار بکات.
٤. نرخ لە بەرامبەر کوالێتی:
کێبڕکێکردن لەسەر دابەزاندنی نرخ یارییەکی مەترسیدارە. کڕیاری هۆشیار ئامادەیە نرخی گونجاو بدات ئەگەر دڵنیا بێت کوالێتی و خزمەتگوزارییەکی بەرز وەردەگرێت.
جەخت لەسەر باشیی بەرهەمەکەت بکەرەوە، نەک تەنها ڕکابەریکردن لەگەڵ کڕیارەکەت.
بەردەوام ئەم پرسیارە لە خۆت و ستافەکەت بپرسەرەوە(بۆچی کڕیار لە منی بکڕێت؟)
ئەگەر توانیت وەڵامێکی ڕوون، دیار و جیاواز بۆ کڕیارەکانت فەراهەم بکەیت، جێگەی خۆت لە بازاڕدا قایم دەکەیت و بزنسەکەت بەرەو گەشەی بەردەوام دەبەیت.