زۆرینەی ئەوانەی خاوەن بزنسێکی بچووکن توانای داراییان سنووردارە و ناتوانن لەڕێی تەلەفزیۆنەوە ڕیکلام بکەن یان ببنە سپۆنسەری پڕۆژەکان. تەنانەت ڕیکلامێکی ئاساییش بۆ ئەوان تێچووی بەرچاوی هەیە. چارەسەر چییە؟ ڕێگایەکی ناوازە هەیە کە بە تەواوی خۆڕاییە و دەتوانێت وا لە ڕیکلامەکەت بکات بەباشی بچێتە ناو خەڵکەوە. چەندین کتێب و بابەت و ڕاپۆرت و ڤیدیۆ و سیمینار لە بارەی ئامادەکردنی ڕیکلامەوە بڵاوکراونەتەوە. بەڵام نهێنییەک هەیە کە ناوەڕۆکەکەت زیاتر سەرنجڕاکێش دەکات بۆ میدیاکان و ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاد دەکات.
گرنگی بەم سێ خاڵە بدە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە دروستکردنی ڕیکلام
- زانیاری دروست و گرنگ ئامادە بکە
گەر ڕیکلامەکەت زانیارییەکی نادروستی تێدابێت، بەدڵنیاییەوە ئەو ڕیکلامە زیانی زیاتر دەبێت لە قازانج، چونکە هەر کە کڕیار بۆی دەرکەوت کە تۆ شتێکت وتووە کە لەڕاستیدا وا نییە، ڕاستەوخۆ متمانەی بە تۆ و بزنسەکەت لەدەستدەدات، لە کتێبەکانماندا بە وردی باسی ئەوەمان کردووە کە متمانە چەندە بۆ کڕیار.
- هەواڵی ڕۆژ
با ڕیکلامەکەت لە بابەتی ڕۆژ بێت و شتێک بەم دواییانە ڕوویدابێت کە پەیوەندی بەو ڕیکلامەوە هەبێت کە تۆ دەیکەیت. پاشان سەرنج ڕاکێشە بۆ هەواڵە گرنگەکانی کۆمپانیاکەتان. وەک هاتنی بەرهەمێکی نوێ کە کێشەیەکی گرنگ چارەسەر بکات، فرۆشتنێکی گەورە و هاوشێوەکانی.
- پەیامەکە کورت بکەرەوە
هەتا دەتوانیت نووسینەکە یان ڤیدیۆکە کورت و کاریگەر بهێڵەرەوە. هەمیشە لەبیرت بێت کە ئەمە کەمترە لەو زانیارییانەی کە تۆ لەسەر بەرهەمەکت دەیزانیت. دڵنیابە لەوەی بە کەمترین وشە ناوەڕۆکی سەرەکی بگەیەنیتە ئامادەبووان. دوور بکەوەرەوە لە باسکردنی ئەو پێشەکیانەی کە ئامادەبووان پێی ئاشنان، بۆ نمونە: (سڵاوتان لێبێت هاوڕێیان، لایک و فۆڵۆمان بکەن) یان هەر ڕستەیەکی تر کە زۆر دووبارە بێت.
پێش ئەوەی ڕیکلامەکە بڵاو بکەیتەوە، بیر لەوە بکەرەوە کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە چۆن مامەڵە لەگەڵ پەیوەندیکەران دەکەیت. ئەگەر داوا لە خوێنەران دەکەیت پەیوەندیت پێوە بکەن بۆ زانیاری زیاتر لە بابەتەکەتدا، ئایا کاتت هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پەیوەندی و نامەکان؟ گەر کاتت بۆ نەبوو بۆ وەڵامدانەوەی کڕیارەکان، کەواتە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەکە.
ئامادەکردن: ستافی کارسازی شادمان